مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لە ماوەكانی ڕابردوو، گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر لە نێوان یاریزانی میسڕی محەمەد سەڵاح و یانەی لیڤەرپوول ڕووی دا، ئەوەی سەری كێشا بۆ دوورخستنەوەی سەڵاح لە یارییەكی چامپیۆنس لیگ، بەڵام كێشەكە كۆتایی پێ هات و ئەستێرەیەكی لیڤەرپوول وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكات.
كۆرتێس جوانز، یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، پشتپەردەی لێبوردنخوازیی یاریزانی میسڕیی یانەكە محەمەد سەڵاح لە هاوڕێكانی لە یانەكە ئاشكرا دەكا، كە مشتومڕێكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
جۆنز لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی سكای سپۆرتس، ڕایگەیاند: محەمەد سەڵاح داوای لێبوردنی لە هەموو هاوڕێكانی كرد لەبارەی لێدوانەكەیەوە، دووپاتی كردەوە كە تیپەكە لە پشتی بووە وهاوشانی وەستاوە.
دوورخستنەوە و گەڕانەوەی محەمەد سەڵاح بۆ یانەكە
محەمەد سەڵاح، بە هۆی لێدوانە توندەكەیەوە، بۆ یاریی یانەكەی بەرانبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنس لیگ دوور خرایەوە، بەو پێیەی دوای یارییەكەی پێشتریان بەرانبەر لیدزیونایتد، ڕایگەیاندبوو كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئارنی سلۆتی راهێنەردا نییە و كۆمەڵێك قسەی دیكەی كردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، محەمەد سەڵاح دوای گفتوگۆ لەگەڵ سلۆت گەڕایەوە ریزەكانی یانەكە و یاریكردن و لە یاریی بەرانبەر برایتۆن لە پرێمەر لیگی بەشداریی كرد و ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و تیپەكەشی بردیەوە، لەو یارییەدا گۆڵی دووەمی بۆ هۆگۆ ئیكیتیكی تۆمار كرد، دوای ئەوەی لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا وەكوو یاریزانی جێگرەوە (یەدەگ) بەشداریی كرد.
سلۆت دواتر روونی كردەوە، كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ محەمەد سەڵاح نییە، كە ئێستە یانەكەی بەرەو میسڕ بۆ بەشداریكردن لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقا جێ هێشتووە.
بەڵام كۆرتێس جۆنز رایگەیاند كە ئەو هێرشبەرە میسڕییە داوای لێبوردنی لە یانەكە كردووە.
پشتپەردەی لێبوردنخوازییەكەی سەڵاح
لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ سكای سپۆرتس، جۆنز رایگەیاند: محەمەد سەڵاح كەسێكی ئازادە، مافی دەربڕینی رای خۆیشی هەیە، بەڵام داوای لێبوردنی لێ كردین و وتی: قسە و لێدوانەكانم كاریان كردبێتە سەر هەركەسێك، یان هەستێكی ناخۆش و نەرێنی بۆ هەر كەسێك دروست كردبێ، من داوای لێبوردن دەكەم. ئەمەش سروشتی ئەوە.
جۆنز وتیشی: دەمەوێ چۆن ناسیومە ئاوا قسە لەسەر محەمەد بكەم، كە چۆن مامەڵەی لەگەڵمان كردووە، بە جۆرێك زۆر باش و ئەرێنی بووە، دوای گەڕانەوەشی نەگۆڕابو، بزە و خەندەی لەسەر ڕوو بوو، هەمووانیش بە هەمان جۆشوخرۆشەوە مامەڵەیان لەگەڵ كرد، پێم وایە ئەوە بەشێكە لە خواستەكەی بۆ سەركەوتن و باوەڕێش ناكەم ئەوە دواهەڵوێستی لەو جۆرەی بێت.
وتیشی: تێدەگەم كە ڕێگە و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخ و كاروبارەكاندا هەیە، بەڵام گەر یاریزانێك رازی بێ بە دانیشتن لەسەر كورسیی یەدەگەم و خواستی یاریكردن و یارمەتیدانی یانەكەی نەبێ، ئەوە كێشەی ڕاستەقینەیە، ئەو كاتەی هەستمان بە هەر جۆرێك لە تووڕەبوون كردبێ، لە نیازی باشەوە بووە، ڕەنگە بە شێوەیەكی نموونەیی دەرنەبڕابێ یان پەیامەكە نەگەیاندرابێ، بەڵام بە هیچ جۆرێك بۆ كاریگەریی خستنە سەر یانەكە یان دەستەی هونەر و راهێنەر و هیچ كەسێك لە یانەكە نەبووە، ئێمە ئێستە ئەو دۆخەمان تێپەڕاند، ئێستەش وەكوو یانە زۆر گونجاوین، بە شێوەیەكی باشیش یاری دەكەین و سەركەوتنمان دەست پێكرد.
“قۆناغی تووڕەییمان تێپەڕاند”
جۆنز لەبارەی داڕمانیان لە یاریی یانەكەیان بەرانبەر ئایندهۆڤن لەسەر یاریگەی ئەنفێڵدی تایبەت بەخۆیان كاتێك 1-4 گۆڵ دۆڕان، ئەوەی بە دۆڕانێكی قبووڵنەكراو دانا، بەڵام رایگەیاند: تیپەكە قۆناغی تووڕەیی تێپەڕاند و ئێستە لە ئامادەكاریی هاوسەنگییەكەدایە.
جۆنز دەڵێ: من لە لیڤەرپوولم و رادەی گرنگیی ئەم كارە بۆ شارەكە و هاندەران و یانەكە و تیمەكە دەزانم، رەنگە ئەوە جاری یەكەم بێ كە رووبەرووی هەڵوێستیكی وەها ببینەوە، من تەنیا ڕاشكاوگۆم، دەڵێم بیرم لێ نەكردووەتەوە، ئەمەش هەندێ كەسی تووڕە كردووە، ئەوەی من بناسێ، دەزانێ كە رقم لە شكستە، چونكە لە یانەكە كە لە منداڵییەوە هاندەری بووم، ئەو كاتەشی یاریزان بوومە لە هەمان كاتدا هاندەریش بوومە. دەزانم كە شكست چەند كاریگەریی لەسەر هاندەران دروست دەكات، بە هەمان ڕادەش كاریگەریی لەسەر من دەكا، پاڵنەرێكی بەهێزم هەیە بەوەی ناتوانین بدۆڕێین.
دەشڵێ: هەستم بە تووڕەبوون كرد، بەڵام لە هەمان كاتدا شۆك بووم، ئەرێنی بوو كە دیدگە و مامەڵەی یاریزانانم دەبین، هیچ كەسێك سەرزەنشتی سەڵاحی نەكرد، راهێنەریش، هیچ كەسێكی تریش سەرزەنشتی ئەوانی تری نەكرد، هەر یاریزانە و بەرپرسیاریەتیی خۆی هەڵدەگرت، من قسەم لەسەر ئەوە دەكرد یاریزانان دەبێ هەوڵێكی زۆر بدەن و زیاتر بجەنگن و بە هێزەوە ڕكەبەری بكەن، تەنیا قسەم لەسەر ئەوان نەدەكرد، بەڵكوو قسەم لەسەر خۆشم دەكرد. ئەوەی دەستمان پێ كرد، ئەمڕۆ ئەنجامەكەیمان بینی، بۆیە هەست بە گۆڕینی دۆخەكە دەكەم.
پێشتر چی رووی دا؟
محەمەد سەڵاح، دوای ئەوەی بووە یاریزانی یەدەگ بۆ یاریی سێیەمی لەسەریەك، هێرشێكی گەورەی كردە سەر كارگێڕی و دەستەی هونەریی یانەی لیڤەرپوول و تووڕەیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی.
سەڵاح تووڕە بوو لە یەدەگبوونی و رایگەیاند: وا دیارە یانەكە دەستبەردارم بووە، یەكێكیان دەیەوێ هەموو بەرپرسیاریەتییەكە و سەرزەنشتەكە بۆ من بێ، سێ یارییە لەسەر كورسیی یەدەگم، پەیوەندیی باشم لەگەڵ راهێنەر ئەرنی سلۆت هەیە، لەناكاو پەیوەندییەكە تێك چوو، نازانم هۆكارەكەی چییە، بەڵام لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەوەیە كەسانێك لە یانەكەدا منیان ناوێ.
لە بەرئەنجام و كاردانەوەی لێدوانەكەی محەمەد سەڵاح، دژی راهێنەر و كارگێڕیی لیڤەرپوول، بەهۆی دوورخستنەوەی لە پێكهاتەی سەرەكی، سەڵاح لەلایەن راهێنەرەوە لە پێكهاتەی یاریی یانەكەی بەرانبەر ئینتەر میلانیش دوور خرابووەوە، كە دوێنێ لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنس لیگ لە یاریگەی سان سیرۆ ڕووبەڕووی بووەوە.
سلۆت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: بە سەڵاحمان وت كە لەگەڵمان نەیات و گەشت نەكا، ئەمە تاكە پەیوەندیی نێوانمان بوو.
لەبارەی گوتەكانی محەمەد سەڵاح لەسەر تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ راهێنەر، سلۆت وتی: بە هیچ جۆرێك هەستم بەوە نەكردووە، ڕێزێكی زۆری بۆ هاوڕێكانی لە یانەكە و ئەندامانی دەستەی هونەریی پیشان دا.
سلۆت دووپاتی كردەوە: بە لێدوانەكانی شۆك بووم، چونكە ئەوە پێچەوانەی ئەوە بوو كە هەستم پێ كرد، بەڵام مافی خۆیەتی هەست بەوە بكا كە تێیدایە و هەستی پێ دەكا، من بە هیچ جۆرێك هەستم بەوە نەكردووە تا ئەو كاتەی ئەو لێدوانەی داوە.
هەر لەسەر ئەو رووداوانە، بەرگریكاری پێشووتری یانەی لیڤەرپوول جیمی كاراگەر، ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەی محەمەد سەڵاحی، بە عەیب ناو برد و گوتی پلانێكە بۆ دوورخستنەوەی ئەرنی سلۆتی راهێنەری یانەكە.
كاراگەر لە بەرنامەی مۆندەی نایت فوتبۆڵدا، لە تۆڕی سكای سپۆرتس، رایگەیاند: بە ڕاشكاوی، ئەوەی سەڵاح كردی عەیب بوو، هەندێ كەس پێیان وابوو تەقینەوەی هەستەكی بوو، بەڵام من بە هیچ جۆرێك وا هەست ناكەم.
محەمەد سەڵاح ئەستێرەی میسڕی، لە هاوینی 2017ـدا لە یانەی ڕۆماوە چووە لیڤەرپوول و لەو كاتەوە چەندان ناسناوی لەگەڵ یانەی خاوەن یاریگەی ئەنفێڵد بردووەتەوە، دوو جار خولی ئینگلیزی و جارێك خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، بووە گۆڵكەری مێژوویی یانەكەش لە پرێمەر لیگدا.

