رۆژنامەی ھەولێر

ئەرجەنتین نزیكە لە مۆندیالی 2026 دووربخرێتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، كارەساتێكی گەورە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و سۆرینام دەبێتەوە، هەڕەشەی دوورخرانەوە و بێبەشبوونییان لە یارییەكانی پاشكۆ و مۆندیالی 2026 لەسەرە، ئەم دۆخەش بەسوودی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەشكێتەوە.

رەنگە ئەرجەنتین لە مۆندیال دووربخرێتەوە
پێشهاتێکی شۆکهێنەر، لەوانەیە ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026 دوور بخرێتەوە.
بەهۆی دەستوەردانی حکومەتی ئەرجەنتین لە کاروبارەکانی تۆپی پێی وڵاتەکەی، لەوانەیە تانگۆ لە بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 بێبەش بێت.
بەهۆی ئەوەی پۆلیسی ئەرجەنتین بەنیازی لێکۆڵینەوە لە بەشێک لە گرێبەستەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێ و بەشێک لە یانە گەورەکانی ئەرجەنتین، مەترسی هەیە ئەرجەنتین لە بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 بێبەش بێت و لەلایەن فیفاوە تۆپی پێی ئەرجەنتین سڕ بکرێت.
بە تۆمەتی گەندەڵیکردن لە گرێبەستەکانی سپۆنسەریکردنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و خولی وڵاتەکەی، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە و 17 یانەی گەورەی ئەرجەنتین، ئەمەش بەگوێرەی پەیڕەو و یاساکانی فیفا دەستوەردانی حکومەتە لە کاروباری تۆپی پێی وڵاتەکەی، بۆیە مەترسی هەیە ئەگەر سەرپێچییەکان بە نووسراوی فەرمی پشتڕاست بکرێنەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاری سڕکردنی ئەرجەنتین لە تەواوی چالاکییە فەرمییەکانی بدات.
ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی دەیەم هاوشانی جەزائیر و ئوردن و نەمسا یاریی دەکات و پاڵەوانی وەشانی رابردووی مۆندیالە.
بە گوێرەی پێگەی ئۆلێی ئەرجەنتین، تایپای سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بە تێوەگلان بە گەندەڵی تۆمەتبار كراوە و یەكێكە لەو كەسانەی ناوی لە لیستی پێدانی بەرتیل و بەكارهێنانی دامودەزگای حكوومەتە بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەڵام تایپا بە بردنەوەی مۆندیالی 2022 فشارەكانی لەسەرخۆی كەمكردەوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ناوی خۆی بە تەواوەتی لەو لیستە دەربێنێت كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی.

سۆرینام رەنگە نەتوانێت یاری پاشكۆ بكات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سۆرینام لەبەردەم كارەساتێكی گەورەدایە، كێشەی بەشداریكردنی لە یاریی پاشكۆی مۆندیال بەرامبەر بۆلیڤیا بۆ دروست بووە، رەنگە ئەمەش هاوكێشەكانی بەشداریكردنی لە مۆندیال بگۆڕێت.
سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی چاوەكانی جیهان چاوەڕێی یاریی پاشكۆی مۆندیال دەكەن، بەڵام پێگەی ئێ ئێس پی ئێنی ئەمریكا كارەساتێكی پشت پەردە بڵاو دەكاتەوە كە دوورنییە نەخشەی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بە تەواوەتی بگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە دیارییەك پێشكەشی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا و عێراق دەكرێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سۆرینام لە لێواری خاپووربوون دایە و سەرجەم هەژمارە بانكییەكانی بلۆك كراون و مەترسی سزای توندی فیفای لەسەر بەهۆی ئەو دەستێوەردانە دەرەكییانەی لە لایەن حكوومەتی وڵاتەكەیەوە كەوتووەتە سەری.
جۆن كریشنادات، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سۆرینام رایگەیاند رەنگە خەونی بەشداریكردنیان لە مۆندیال بچێتە گۆڕەوە، بەوپێیەی قەیرانە داراییەكان بە تەواوەتی تۆپی پێی ئەو وڵاتەی پەكخستووە، هەڵبژاردەی سۆرینام دوێنی هێنك تێنی راهێنەری هۆڵەندی دەستنیشان كرد بۆ یاری پاشكۆ كە بڕیارە 3 مانگی دیكە دەست پێدەكات، ئەمەش لە كاتێكدا بوو هیچ كەسێك ئامادە نەبوو ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سۆرینام وەربگرێت، بەڵام ئەو پیاوە هۆڵەندییە ئەو سەركێشییەی قبوڵ كرد.
ئەگەر سیناریۆی سڕكرانی سۆرینام ببێتە راستی، ئەوا هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بە براوە 3 ـ 0 هەژمار دەكرێت، بەمەش عێراق راستەوخۆ دەزانێت ركابەرەكەی بۆلیڤییایە و بەباشی خۆی بۆ یارییەكە ئامادە دەكات، ئەم سیناریۆیە سوودی بۆ دەستەی هونەری هەڵبژاردەی عێراق دەبێت و وادەكات بەتەواوەتی بكەونە قۆناغی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا.

فیفا: 5 ملیۆن بلیتی یارییەكانی مۆندیالی 2026 فرۆشراون
لە ماوەی نزیکەی 24 کاتژمێر بەسەر فرۆشتنی بلیتەکانی مۆندیالی 2026، نزیکەی 5 ملیۆن داواکاری بۆ کڕینی بلیتەکان هەبوو.
ماڵپەری فیفا بڵاویکردەوە دوێنێ شەممە لە قۆناغی سێیەم دەستیان بە فرۆشتنی بەشێک لە بلیتەکانی یارییەکانی مۆندیالی 2026 کرد و لە ماوەی 24 کاتژمێر، نزیکەی 5 ملیۆن داواکاری بۆ کڕینی بلیتەکان هەبوو. فیفا بڵاویشی کردەوە هاندەرانی سێ وڵاتی میوانداری مۆندیال واتە، ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک زۆرترین داواکارییان بۆ کڕینی بلیتەکانی مۆندیال هەبووە و لە دوای ئەوانیش کۆلۆمبیا دێت، هەروەها یاری کۆلۆمبیا و پۆرتوگاڵ زۆرترین داواکاری کڕینی بلیتی بۆ هاتووە.
فیفا بڵاویشی کردەوە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و مەغریب ئەو یارییەش لە پلەی دووەم دێت و لە دوای یارییەکەی کۆلۆمبیا و پۆرتوگاڵ، زۆرترین داواکاری بۆ کڕینی بلیتی یارییەکە هەیە.