ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
محەمەد سەڵاح، گۆڵكاری مێژوویی لیڤەرپوول، رۆژ بە رۆژ زیاتر لە جێهێشتنی یانەكە نزیك دەبێتەوە، لەو رۆژەی لێدوانی دژی راهێنەر دا، بە تەواوەتی ئارنی سلۆت ئەستێرە میسرییەكەی لە پلانەكانی دوورخستووەتەوە، لە دوایین یاریش بەرامبەر برایتن پێشبینی دەكرا لە پێكهاتەی سەرەكی بێت، بەڵام دیسان لەسەر كورسی یەدەگ دانرا.
“محەمەد سەڵاح لە لیڤەرپوول دەڕوات”
محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یاری لە پرێمەرلیگ ئاسیستێكی كرد و هاندەرانی دڵخۆش كرد، بەڵام لە هەموو رۆژێك زیاتر لە دەرگای چوونە دەرەوە لە یانەکەی نزیکبووەتەوە، بە تایبەت دوای لێدوانەکانی چەند رۆژ لەمەوبەر، ئەمەش رێگەی بۆ چوار یانەی سعوودیە خۆشكردووە بۆ گواستنەوەی بێنە سەرهێڵ.
رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، محەمەد سەڵاح پێش ئەوەی گەشتی وڵاتەکەی بکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، رەنگە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی بکاتەوە، ئەویش چێهێشتنی ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چەند وەرزێکە یانەکانی سعوودیە بۆسەیان بۆ سەڵاح داناوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو یاریزانە رازی بکەن پەیوەندی بە خولی وڵاتەکەیان بکات، بەڵام هیچ کاتێک سەرکەوتوو نەبوون و پێدەچێت ئێستا گونجاوترین کات بێت بۆ گواستنەوە و رازیکردنی هێرشبەرە میسڕییەکە.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویشی کردووەتەوە، دوای کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان سەڵاح و ئارنێ سلۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، چوار یانەی سعوودی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هێرشبەرەکەی رێدز دەستپێکردووە و بەشێکیشێان بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە.
یانەکانی هیلال، نەسڕ، ئیتیحاد و ئەهلی، ئەو چوار یانەیەی سعوودیەن کە هەوڵ بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە میسڕییەکە دەدەن، ئەو چوار یانەیە کە لە لایەن سندوقی وەبەرهێنانی سعوودی پاڵپشتی دارایی دەکرێن، هیچ کێشەیان لە خەرجی گواستنەوەی سەڵاح نیيە.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردووەتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی یانە سعوودیەکە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول نیە، بەڵام ئەو یانانە ئامادەن هەر ئەم زستانە سەلاح بە شێوەی خواستن بگوازنەوە ریزەکانیان.
محەمەد سەڵاح هێرشبەری ميسڕی یانەی لیڤەرپوول، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان، بەشداری 20 یاری کردووە و تەنها 5 گۆڵی تۆمار کردووە، لە دوایین یاری یانەکەی لە چامپیۆنزلیگ بانگهێشت نەکرا و دوورخرایەوە و هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی زستانە یان لە هاوینی داهاتوو پێش ئەوەی گرێبەستەكەی كۆتایی بێت بە یەكجاری لە پرێمەرلیگ بڕوات.
كڵۆپ پەیامێك بۆ سەڵاح دەنێرێت
یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە لێدوانێكدا كە لە پێگەی بی بی سی سپۆرت بڵاوبووەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات محەمەد سەڵاح یاریزانێكی زۆر پابەندە و كاركردن لەگەڵی زەحمەت نییە، دەشڵێت: تەنیا ئەوكاتەی لە یاریگە دەیهێنیتە دەرەوە كێشە دروست دەكات.
محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول لە دوایین 3 یاریی یانەكەی لە پرێمەرلیگ لەسەر كورسی یەدەك دانراوە، لە دوایین یارییش لە چامپیۆنزلیگ لیڤەرپوول بەبێ سەڵاح بە گۆڵێكی بێوەڵام شكستی بە ئینتەر میلان هێنا.
محەمەد سەڵاح لەوەتەی 2017ـەوە یاریی بۆ لیڤەرپوول دەكات یەكەمجارە بكەوێتە ئەو دۆخە، بەوپێیەی پێشتر تەنیا بەهۆی پێكان یان پشوودان یان بە هۆكاری یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی میسر لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقیا لە لیڤەرپوول دابڕاوە، بەڵام ئێستا بەبیانووی دابەزینی ئاستی لەسەر كورسی یەدەكی لیڤەرپوول دانراوە.
محەمەد سەڵاح لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە ئەگەری رۆیشتنی لە یانەی لیڤەرپوول كرد و پێشبینی ئەوەی كردووە یارییەكەی لیڤەرپوول بەرامبەر برایتن دوایین یاریی ئەو یاریزانە دەبێت و لە ئانفیڵد ماڵئاوایی لە هاندەرانی لیڤەرپوول دەكات و پەیوەندی بە هەڵبژاردەی میسر دەكات بۆ جامی نەتەوەكانی ئەفریقیای 2025، بەڵام ناگەڕێتەوە لیڤەرپوول.
یۆرگن كلۆپ، راهێنەری ئەڵمانی كە پێشتر ماوەی شەش ساڵ راهێنەرایەتی بە ئەستێرە میسرییەكە كردووە و دەڵێت: سەڵاح یەكێكە لە باشترین ئەو یاریزانانەی زۆر پابەندە و زۆر بەجۆش و خرۆشەوە ئامادەی مەشق و راهێنانەكان دەبێت، بەیەكەوە خەونی بردنەوەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگمان.
كڵۆپ دەشڵێت: سەڵاح كاتێك لە پشووەكان دەگەڕایەوە لە مەشقەكان بەشێوەیەك دەردەكەوێت وەكو ئەوە وابوو هەموو كاتەكانی بە مەشق و راهێنان تێپەڕ كرد بێت، لەگەڵ ئەو یاریزانە یەكێك لە باشترین سەردەمەكانمان تێپەڕ كرد و كاركردنیش لەگەڵ ئەو یاریزانە قورس نییە، بەڵام كاتێك لە یاریگە دەیهێنیتە دەرەوە دەبێتە كێشە لەگەڵی.
محەمەد سەڵاحی تەمەن 33 ساڵ، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017 لە یانەی ڕۆمای ئیتاڵییەوە بۆ لیڤەرپوول گواسترایەوە، سەڵاح لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ لیڤەرپوول چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە کە لە مێژووی یانەکە و پریمەرلیگدا ئەستەمە بشکێنرێت. ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە بردنەوەی نازناوە زۆرەکانی تیپەکەدا، دیارترینیان نازناوی وەرزی ڕابردووی پرێمەرلیگ بوو، بەشداری کردووە لە 47 گۆڵ (29 گۆڵ و 18 ئەسیست) كردووە.
سهڵاح هێشتا یاریزانی لیڤهرپووله و گرێبهستهكهشی له هاوینی 2027 كۆتایی دێت، بە گەشتی لەگەڵ لیڤەرپوول بهشداریی 420 یاریی كردووه و 250 گۆڵ و 116 ئهسیستی كردووه و به یهكێك له ئهفسانه گهورهكانی مێژووی لیڤهرپوول و پرێمهرلیگ دادهنرێت.

