رۆژنامەی ھەولێر

4 راهێنەر بۆ شوێنگرەوەی ئالۆنسۆ بەربژێر كراون

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

میدیایەكانی ئیسپانیا، بەشێوازی جیاواز باس لە چارەنووسی چابی ئالۆنسۆ دەكەن، بەڵام ئاستبەرزی ریال مەدرید لە دوایین یاریی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مان سیتی، حیساباتی دەستەی كارگێری ریال مەدریدی تێكدا و بڕیاریانداوە دەرفەتی زیاتر بە چابی ئالۆنسۆ بدەن، بەڵام تێبینی و گلەیی زۆریشیان لەو راهێنەرە لاوە هەیە.

ئالۆنسۆ وەكو ئانچیلۆتی نییە
رامۆن مۆلینا، رۆژنامەنووسی ئیسپانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەسایەتی چابی ئالۆنسۆ وەكو كارلۆ ئانچیلۆتی نییە كە كێشەكان بۆخۆی چارەسەر بكات و مامەڵە لەگەڵ ئەو یاریزانانە بكات كە لەبەردەستیەتی و بەبێ ئەوەی هیچ گلەییەكیش بكات.
رۆژنامەنووسەكە نووسیویەتی: ئالۆنسۆ داوای چارەسەركردنی رێشەیی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز كردووە و دەیەوێت گۆڕانكاری بكات، ئەمەش دەستەی كارگێری یانەی ریال مەدریدی بێزار كردووە، بەڵام دەرفەتی زیاتر بە ئالۆنسۆ دەدەن، بەتایبەتی دوای ئەو ئاستەبەرزەی بەرامبەر مان سیتی پێشكەشیان كرد.

سەرۆك بڕیاری داوە كێشەكانی بۆ چارەسەر بكات.
فلۆرێنتینیۆ پێرێز، سەرۆكی ریال مەدرید لە كاتی مەشقەكانی یانەكەی سەردانی ئالۆنسۆی كردووە و بەڵێنی داوە دوو داواكاری ئەو راهێنەرە جێبەجێ بكات.
دوای شكستەكەی شەوی رابردووی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مان سیتی، گومان دەكرا ریال مەدرید ئالۆنسۆ لە پۆستەكەی دووربخاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە پێرێز پاڵپشتی خۆی بۆ چابی ئالۆنسۆی راهێنەری یانەكە دەربڕیوە.
ماتی مۆڕێتۆ، رۆژنامەنووسی ئیسپانیا رایگەیاندووە لە دەستپێكی ئەم وەرزە فلۆرێنتینۆ پێرێز داواكارییەكی ئالۆنسۆی بۆ گواستنەوەی ناوەراستكاری بەهرەمەند ڕەتكردەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز داوای لە ئالۆنسۆی كرد پشت بەو پێكهاتەیە ببەستێت كە ئێستا لەبەردەستی دایە و داوای هیچ یاریزانێكی دیكە نەكات، لە كاتێكدا ئالۆنسۆی داوای یاریزانێكی دڵی بەرگریشی كرد بوو، ئەو داخوازییەش لە لایەن سەرۆك پێرێز پشتگوێخرا.
ماتی مۆڕێتۆ، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەستەی كارگێری ریال مەدرید پێیانوایە هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە خراپەی ئێستای ریال مەدرید ڕەتكردنەوەی ئەو داخوازییەی ئالۆنسۆ بوو بۆ گواستنەوەی ناوەراستكارێك بۆ ئەوەی قەرەبوونی مۆدریچ و تۆنی كرووس بكاتەوە، هاوكات زنجیرە پێكانەكانی یاریزانانی بەرگری ریال مەدرید وایكرد ئەزموونی ئالۆنسۆ لە دەستپێكی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید ناجێگیر بێت.
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانییە، فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاری داوە یاریزانێكی دڵی بەرگری لە گواستنەوەی زستانە بۆ ئالۆنسۆ بگوازێتەوە، جگە لەوەش بۆ هاوینی داهاتوو زیاتر بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانانە دەكاتەوە كە لە بازاڕی گواستنەوە ئازادن.
ریال مەدرید ئەم وەرزە لەژێر سەرپەرشتی چابی ئالۆنسۆ، لە لالیگا بە جیاوازی دوو خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورە، لە چامپیۆنزلیگیش لە ریزبەندی حەوتەم دێت و هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە بە راستەوخۆ نەگاتە قۆناغی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.

4 راهێنەر بۆ شوێنگرەوەی ئالۆنسۆ بەربژێرن
بە گوێرەی پێگەی كۆپێ ئیسپانیا، دەستەی كارگێری یانەی ریال مەدرید ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەردەوامیدانی ئالۆنسۆ بە ئەنجامە خراپەكانی، لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، لەم پێناوەشدا یارییەكەی ئەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر ئالاڤێس لەگەڵ دوو یاریی دیكەی داهاتووی یانەكە لە لالیگا كراوەتە دوایین دەرفەت لەبەردەم ئالۆنسۆ، لە ئەگەری شكستی زیاتر لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید چەندان بژاردەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بكرێتە راهێنەری داهاتوو لە شوێنی ئالۆنسۆ، رائول گۆنزلێز و ئەلڤارۆ ئاربێلوا كە ئێستا لەنێو ئەكادیمیا و تیپەكانی ریال مەدرید راهێنەرایەتی دەكەن دیارترین بەربژێرن بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید.
لە لایەكی دیكەیشەوەو لۆران بلانی راهێنەری فەرەنسی و ئیریك تێن هاگی هۆڵەندیش دەكرێت، جگە لەوەش هێشتا خۆزێ مۆرینیۆ لە نێو حیساباتی فلۆرێنتینۆ پێرێز دایە، ئەمەش لە كاتێكدایە پێرێز زۆر هەوڵی داوە زەینەدین زیدان رازی بكات، بەڵام ئەو راهێنەرە ڕەتی كردووەتەوە بگەڕێتەوە كاری راهێنەرایەتی و ئامانجی ئەو وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسایە لە دوای مۆندیالی 2026.