مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
نێیمار داسیلڤا یاریزانی هەڵبژاردەی بەڕازیل، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری مۆندیالی 2026 بکات، پەنای بۆ پزیشکی موعجیزە دەبات كە پێشتر چەندان یاریزانی لە پێكانی مەترسیدار پاراستووە.
بەگوێرەی ئەو دۆخەی ئێستا نێیمار دا سیلڤا پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەو یاریزانە بۆ بەشداریكردن لە مۆندیال لە حیساباتەكانی كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دوورە، بەڵام نێیمار هیوای لەدەست نەداوە.
نێیمار داسیلڤا یاریزانی بەڕازیلی یانەی سانتۆسی وڵاتەکەی، سەرەڕای ئەوەی بەم دواییە تووشی پێکانێکی قورس بوو و پزیشکی یانەکەشی هۆشداری پێدا کە بەشداری هیچ یارییەک نەکاتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە بێ گوێدانە هۆشدارییەکانی پزیشکی یانەکەی، بەشداری چوار یاری یانەکەی کرد و توانی پێنج گۆڵ و ئاسیستێک تۆمار بکات و یانەکەشی واتە سانتۆس لە دابەزین رزگار بکات. ئێستا نێیمار هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێکانەکەی رزگاری بێت و بەشداری مۆندیالی 2026 بکات.
تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێن ئاشكرای کردووە، نێیمار بڕیاریداوە کۆتایی ئەم مانگە نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆی بکات و پاشان لەژێر چاودێری ئێدواردۆ سانتۆس پزیشکی بەناوبانگی بەڕازیلی کە بە پزیشكی موعجیزە ناسراوە چارەسەری وەربگرێت.
ئەو پزیشکە بەوە ناسراوە دەتوانێت یاریزانەکان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بە کاتێکی کەم بگەڕێنێتەوە دۆخی سروشتی خۆی، بۆیە نێیمار پەیوەندی بەو پزیشکە کردووە و داوای لێکردووە، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، هەموو هەوڵێکی بۆ بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکات.
نێیمار دا سیلڤای تەمەن 33 ساڵ، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداریی 128 یاری كردووە و 79 گۆڵی تۆمار كردووە، تا ئەم كاتانە بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2026 لە پلانەكانی كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دوورە.

