رۆژنامەی ھەولێر

كاراگەر سەڵاح تۆمەتبار دەكات بە پلاندان بۆ دوورخستنەوەی سلۆت

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

بەرگریكاری پێشووتری یانەی لیڤەرپوول جیمی كاراگەر، ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەی ئێستەی محەمەد سەڵاح، بە عەیب ناو دەبات و دەڵێ پلانێكە بۆ دوورخستنەوەی ئەرنی سلۆتی راهێنەری یانەكە.
جیمی كاراگەر، هیوای خواست ئەوە دوایارییەكانی سەڵاح نەبێ لە لیڤەرپوول، لێدوانەكەشی بە نامۆ و عەیب پیشان دا و وتی لێدوانی ئەم دواییەی سەڵاح چاوەڕوانكراو نەبووە و شۆك بووین.
لیڤەرپوول بۆ ماوەی سێ یاریی بوو سەڵاحی كردبووە یەدەگ، ئەوەش كاردانەوەی توندی سەڵاحی لێ كەوتەوە و ئەمجارە راهێنەریش كاردانەوەكەی توند بوو، بۆ پێكهاتەی یارییەكەش بانگی نەكرد.
كاراگەر دەڵێ: لێدوانەكەی سەڵاح بۆ باشكردنی پێگەی كەسیی خۆیەتی، ئەو دەستوەردانەی سەڵاح تێكشێنەرە و ڕەنگە ئامانجی دوورخستنەوەی ئەرنی سلۆت بێت.
كاراگەر لە بەرنامەی مۆندەی نایت فوتبۆڵدا، لە تۆڕی سكای سپۆرتس، رایگەیاند: بە ڕاشكاوی، ئەوەی سەڵاح كردی عەیب بوو، هەندێ كەس پێیان وابوو تەقینەوەی هەستەكی بوو، بەڵام من بە هیچ جۆرێك وا هەست ناكەم.
دەشڵێ: هەر جارێك، سەڵاح لە ناوچەیەكی تێكەڵ بۆ قسەكردن لەگەڵ مێدیاكان دەوەستێ، شتێك كە تەنیا چوار جار لە هەشت ساڵ لە لیڤەرپوول كردوویەتی، هەمیشە هەماهەنگی لەگەڵ بریكارەكەیدا هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بگەیەنێت و پێگەی خۆی بەهێز بكات.