رۆژنامەی ھەولێر

محەمەد سەڵاح یەك هەنگاوی بۆ چوونە خولی سعوودی ماوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

محەمەد سەڵاح یەك هەنگاوی بۆ چوونە خولی سعوودی ماوە
یاریزانی میسڕی محەمەد سەڵاح، یەك هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا، بچێتە خولی سعوودیە.
محەمەد سەڵاح، دوای ئەوەی بووە یاریزانی یەدەگ بۆ یاریی سێیەمی لەسەریەك، هێرشێكی گەورەی كردە سەر كارگێڕی و دەستەی هونەریی یانەی لیڤەرپوول و تووڕەیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی لە یارییەكەی شەممەی ڕابردوویان بەرانبەر لیدز یونایتد لە خولی ئینگلیزیش لەسەر كورسیی یەدەگ بوو، كە یارییەكە 3-3 كۆتایی هات.
ئەم وەرزە هەموو شتێك لە یانەی لیڤەرپوول تێك چووە، پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی نایابی ئینگلتەرا، لەم وەرزەدا دۆخێكی سەختی هاتووەتە پێش و لێی دەرباز نابێ.
محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی پێشووی یانەی ڕۆما، لە لێدوانێكیدا كە تۆڕی سكای سپۆرتس گواستیەوە، دەڵێ: لە ماوەی ساڵانێكدا زۆرم پێشكەشی یانەكە كرد، بە تایبەت وەرزی ڕابردوو، ئێستەش لەسەر كورسیی یەدەگم و هۆیەكەشی نازانم.
ئەو یاریزانە میسڕییە، وتیشی: وا دیارە یانەكە دەستبەردارم بووە، ئەمە ئەوەیە كە هەستی پێ دەكەم، پێم وایە ئەمە زۆر ڕوونە و یەكێكیان دەیەوێ هەموو بەرپرسیاریەتییەكە و سەرزەنشتەكە بۆ من بێ، لە ماوەی هاویندا زۆر بەڵێنم پێ درا، ئێستەش سێ یارییە لەسەر كورسیی یەدەگم، بۆیە ناتوانم بڵێم بەوەفا بوون بەرانبەر بەڵێنەكەیان.
دەشڵێ: چەند جارێك وتوومە، پەیوەندیی باشم لەگەڵ راهێنەر ئەرنی سلۆت هەیە، لەناكاو پەیوەندییەكە تێك چوو، نازانم هۆكارەكەی چییە، بەڵام لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەوەیە كەسانێك لە یانەكەدا منیان ناوێ. محەمەد سەڵاح، ڕەخنەی لە مێدیاكان گرت بەوەی لە ماوەی كەمیی گۆڵكردنیدا، كە 5 گۆڵی لەم وەرزەدا تا ئێستە تۆمار كردووە، وێنەیەكی نەرێنیی ئەویان پیشان داوە.
سەڵاح ڕایگەیاند: لەو كاتەوەی من لەم یانەیەم، زۆرترین گۆڵم لە هەر یاریزانێكی دیكە تۆمار كردووە كە لەگەڵ من هاتوونەتە یانەكە، پێم وا نییە هیچ كەسێك لە پرێمەر لیگ گۆڵی لە من زیاتر بۆ لیڤەرپوول كردبێ.
دەڵێ: لە هەر شوێنێكی دیكە بوومایە، هەمووان دەچوونە هۆیەكانی ڕاگەیاندن و بەرگرییان لە یاریزانانیان دەكرد، من لەم دۆخەدا بە تەنیام.
دەشڵێ: بیرمە كە ماوەیەك هاری كین 10 یاری گۆڵی نەكرد، هەمووان لەم یدیا دەیانگوت: ئۆو، هاری بە دڵنیاییەوە گۆڵ دەكا… بەڵام بۆ من هەمووان دەڵێن دەبێ لەسەر كورسیی یەدەگ بی.
بەڵام تۆڕی ئۆپتا بۆ ئامار و سەرژمێری، لە تۆڕی ئێكس، وێنەیەكی محەمەد سەڵاح و كینی بڵاو كردەوە و دەڵێ: هیچ كاتێك نەبووە زیاتر لە 6 یاریی بە شێوەی سەرەكیی یاریی كردبێ و تێپەڕیبێ و كین گۆڵی نەكردبێ!
لای خۆیەوە، رۆژنامەی ریازیی سعوودی باسی لەوە كردووە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكانی میسڕ و بەشداریی لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقا، محەمەد سەڵاح كۆبوونەوەیەكی چارەنووسساز لەگەڵ كارگێڕیی یانەی لیڤەرپوول دەبەستێت بۆ یەكلاكردنەوەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەكە، ئەو پاڵەوانیەتییەیش لە 21ی ئەم مانگە دەست پێ دەكات.
مێدیاكە ڕوونیشی كردووەتەوە، كە ئەگەر لە بارێكدا ئەستێرە میسڕییەكە بڕیار بدا لە یانە ئینگلیزییەكە بڕوا، ئەوە نزیكترین شوێن بۆی بڕوات، خولی سعوودییە كە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بۆی بڕوات. ناوی محەمەد سەڵاح بە چەندان یانەی دیكەش پەیوەست كرابوو لە ماوەی گواستنەوەی رابردوو، دیارترینیان یانەكانی ئیتیحاد و هیلال بوون، ئەمجارەش ناوی دەچێتەوە هەمان كێبەركێوە لە ماوەی گواستنەوەی داهاتووی زستانەدا، بەهۆی كێشەكەی لەگەڵ لیڤەرپوول.
بۆ زانین محەمەد سەڵاح لە هاوینی 2017ـدا لە یانەی ڕۆماوە چووە لیڤەرپوول و لەو كاتەوە چەندان ناسناوی لەگەڵ یانەی خاوەن یاریگەی ئەنفێڵد بردووەتەوە، دوو جار خولی ئینگلیزی و جارێك خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، بووە گۆڵكەری مێژوویی یانەكەش لە پرێمەر لیگدا.
ئەم هەوڵەی یانەكانی سعوودیە بۆ دەستخستنی محەمەد سەلاح، لە كاتێكدایە یاریزانی مەغریبی یانەی ریاڵ مەدریدیش ئیبراهیم دیاز، ئۆفەرێكی بە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ و بۆ چوار ساڵ لە خولی سعوودیەوە بۆ چووە، بەڵام ناوی ئەو یانەیە ئاشكرا نەكراوە كە ئۆفەرەكەی پێشكەش كردووە.

بەرشلۆنە بۆ یارییەكەی ئەمڕۆی بەرانبەر فرانكفۆرت یاریزانێكی گرنگی دەگەڕێتەوە
یاریزانی بەڕازیلیی یانەی بەرشلۆنە رافینیا، بەشداریی مەشقی بەكۆمەڵی یانە كاتەلۆنییەكە كرد و بە شێوەیەكی ئاسایی دەركەوت، پێش ڕووبەڕووبوونەوە چاوەڕێكراوەكەی ئەمڕۆی بەرانبەر ئینتراخت فرانكفۆرت لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا.
هانز فلیكی راهێنەری ئەڵمانیی یانە ئیسپانییەكە، پشووی بە رافینیا دابوو بۆ یارییەكەیان بەرانبەر ریاڵ بێتیس لە دواگەڕی لا لیگا، كە بەرشلۆنەش 5-3 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، بۆ ئەوەی بە گوڕوتینێكی زۆرەوە بەرانبەر فرانكفۆرت ئامادە بێت.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی، بەیانیی یەكشەممە ئەو یاریزانە، بەشە چارەسەرییەكی دیكەی وەرگرتووە لە كۆمەڵگەی وەرزشیی خوان گامبەر، دواتریش بەشداریی تەواوی مەشقەكانی كردوە لە دوای ئەو كاتەوەی كە لە یانەكە دابڕا بۆ بەشداریكردن لە یارییەكەی بێتیس.
ڕۆژنامەكە ڕوونی كردووەتەوە، كە نائامادەیی رافینیا لە یاریی ڕابردووی بەرشلۆنە، هەندێ پرسیاری دروست كردووە، بەڵام دەركەوت ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی و هۆشدارانەیە و تەنیا بەهۆی گرژبوونێكی كەمی ماسوولكەكانەوە بووە.
بەرشلۆنە ئامادەی میوانداریكردنی یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتە لە یاریگەی كامپ نۆ، لەو یارییەی لە گەڕی شەشەمی قۆناغی خولی پاڵەوانیەتییەكەدا بەڕێوە دەچێ، ئەم یارییەی چامپیۆنس لیگی، دوای یاریی شكستە گەورەكەیەتی لە گەڕی ڕابردووی چامپیۆنس لیگ بەرانبەر چێڵسی 0-3 گۆڵ.
رافینیا، بە چەكێكی بەهێز بۆ هێڵێ پێشەوەی هێزی بەرشلۆنە لەو یارییەدا دادەنرێ.
لەلایەكی دیكەوە، رافینیا، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە ئاسانكاریی بۆ چوونی بۆ خولی سعوودیە كرابێ لە خاڵێكی گرێبەستەكەیدا.
رۆژنامەی سپۆرت باسی لەوە كرد، كە لە خاڵێكی گرێبەستی رافینیادا، ئاسانكاریی بۆ كراوە بۆ ئەوەی بە مەرجی گونجاو بچێتە خولی سعوودیە بەراورد بە زۆریی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی.
بەڵام رافینیا لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی: نازانم لە كوێوە ئەم شتانە هاتوون و بەرانبەر من دەكرێن، ئەمە ئەو شوێنەیە كە هەواڵی ساختەی لێوە دەردەچێ.
گرێبەستی رافینیا لەگەڵ بەرشلۆنە تا هاوینی 2028ـە و مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەشی یەك ملیار یۆرۆیە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردبوو، كە ڕافینیا سوور بووە لەسەر ئەوەی لە خاڵێكی گرێبەستەكەیدا، ئاسانكاری بۆ ئەوە بكرێ گەر بچێتە خولی سعوودیە، پارەی كەمتر بدرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی و ئەو بڕگەیەش لە هاوینی 2026ـەوە كارا دەكرێ.

ریاڵ مەدرید گورزێكی گەورەی بەركەوت و 4 خاڵ لە بەرشە دوور كەوتەوە
یانەی ریاڵ مەدرید لە گەڕی ڕابردووی خولی ئیسپانیا، شكستێكی چاوەڕێنەكراوی هاتە ڕێ و لە نێو یاریگەی خۆیدا لە گەڕی 15ی لا لیگادا بەرانبەر یانەی سێلتافیگۆ شكستی خوارد.
لە خولەكی 20ی یارییەكەدا، یاریزانی دیاری ریاڵ مەدرید میلیتاو، تووشی شكستی ماسوولكەیی هات، دوای ئەوەی هەوڵی دا گۆڵێكی سەدا سەد لە سێلتافیگۆ هەڵوەشێنێتەوە.
میلیتاو بە شێوەیەكی خێرا ڕای كرد، ئەو كاتەی یاریزانێكی سێلتافیگۆ بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید تیبۆ كۆرتوا مابووەوە، میلیتاو تۆپەكەی دوور خستەوە، بەڵام تووشی پێكان هات. لە دواساتدا تۆپەكەی دوور خستەوە، بەلام لە ماسوولكەكانی بەشی پشتەوەی تووشی پێكانێكی بەهێز و سەخت هات.
میلیتاو لەسەر زەویی یاریگە كەوت و هاوار و ناڵەی بوو لە دەست گەورەیی و هێزی پێكانەكەی، تیمی پزیشكیی یانەكە بە هانایەوە چوون و لە خولەكی 23ـیشدا گۆڕانكاریی پێ كرا و لە خولەكی 24ـدا ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەری بەرگریكاری ئەڵمانی شوێنەكەی گرتەوە.
پێكانەكانی میلیتاو لە ماوەكانی دواییدا دووبارە دەبنەوە، كە تەنیا چەند ڕۆژێك بوو گەڕابووەوە یارییەكان.
ریاڵ مەدرید بە دەست كەمی یاریزانەوە لە هێڵی بەرگری دەناڵێنی، بەهۆی پێكانی ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵد، دانی كارڤاخال، دین هۆیسین و فێرلاند مێندییەوە.
ریاڵ مەدرید دوای شكستی بەرانبەر سێلتافیگۆ لە یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێوەڵام، بە 4 خاڵ كەوتە دوای بەرشلۆنە.
ئێستە ریاڵ مەدرید بە 36 خاڵ لە خانیە دووەمە و بەرشلۆنەی پێشەنگ 40 خاڵی هەیە و سێڵتافیگۆش بە 19 خاڵ لە خانەی دەیەمە.