ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
هەڵبژاردەی عێراق، بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی سوودانی بردەوە و گەیشتە چارەكی كۆتایی جامی عەرەب.
لە گەڕی دووەمی یارییەكانی كۆمەڵەی چوارەمی جامی عەرەب فیفای 2025 كە لە قەتەڕ بەڕێوە دەچێ، لە یاریگەی 974 لەو وڵاتە، عێراق ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سوودان بووەوە.
لەو كۆمەڵەیەی عێراقدا، هەریەك لە هەڵبژاردەكانی دیكەی جەزائیر و بەحرەینیش هەن.
لە خولەكی 81ی یارییەكە موهەنەد عەلی گۆڵی یەكەم و ئەمجەد عەتوان لە خولەكی 84ـدا گۆڵی دووەمی عێراقی تۆمار كرد.
بەو پێیە عێراق پێشەنگی كۆمەڵەكەی بە 6 خاڵ گرت و گەیشتە چارەكی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە، جەزائیریش بە 4 خاڵ خانەی دووەمی گرت و سوودانیش بە خاڵێك خانەی سێیەم و بەحرەینیش بەبێ خاڵ چوارەمی گرتووە.
لەو یارییە و لە خولەكی یەكەمدا، عەبدولڕەحمان مووسا، یاریزانی سوودانی، خافڵانی بەرگریكارانی عێراقی قۆستەوە و ویستی بگاتە گۆڵی عێراق، بەڵام ئەحمەد باسل هیواكەی كوشت و تۆپەكەی خستە دەرەوە.
لە نیوەی نیوەی یەكەمی یارییەدا سوودان كۆنتڕۆڵی یارییەكەی كرد و لە كەمتر لە 10 خولەكدا سێ هەلی مەترسیداری بۆ دروست بوو، لە ڕێگەی یاسر عەوز و جۆن مانۆ و عەمار تەیفرەوە، بەڵام بەرگریكارانی عێراق هەوڵەكانیان هەڵوەشاندنەوە.
دواتر عێراق هێرشەكانی دەست پێ كرد و چەند هەوڵێكی گۆڵكردنی دا.
دیارترین هەلی یارییەكە، لە خولەكی 31ـدا بوو، كاتێك پاسێكی درێژ لە یاسر عەزەوە بۆ محەمەد عەبدولڕەحمان نێردرا، بە شێوەیەكی جوان لە نێو هێڵی سزا وەریگرت، بەڵام تۆپەكەی خراپ هەڵدا و هەلی گۆڵەكەی سوودانی لەدەست دا.
لە نیوەی دووەمدا، هەڵبژاردەی عێراق بە شێوەیەكی جیاواز دەركەوت و كۆنتڕۆڵی ناوەندی كرد، هەوڵەكانی بۆ گۆڵكردن دەستی پێ كرد، لە خولەكی 66ـدا گۆڵێكی كرد، بەڵام بەهۆی فاوڵێكەوە ڕەت كرایەوە.
دوای ئەوە، سوودان هەلێكی گۆڵكردن و عێراقیش دوو هەلی گۆڵكردنی لە كیس دا، تا ئەو كاتەی لە خولەكی 81ـدا موهەنەد عەلی گۆڵی یەكەم و ئەمجەد عەتوان لە خولەكی 84ـدا گۆڵی دووەم و دڵنیایی تۆمار كرد.

