مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی، تیپەكانی كۆتایی مۆندیال دیاری دەكا و دەڵێ ئیسپانیا لە بەڕازیل باشترە
ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی ڕۆناڵدۆ نازاریۆی دیاردە، پێی وایە ئیسپانیا بەربژێری سەرەكیی بردنەوەی مۆندیالی 2026ـە، كە لە ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بەڕێوە دەچێت.
لە تیروپشكی گرووپەكانی مۆندیالدا، ئیسپانیا كەوتە گرووپی هەشتەمەوە، شانبەشانی هەریەك لە هەڵبژاردەی ئۆروگوای، سعوودیە و كاپ ڤێردی، لە كاتێكدا تیپی وڵاتەكەی ڕۆناڵدۆ (بەڕازیل) لە گرووپی سێیەمە و شانبەشانی مەغریب، سكۆتلەندا و هایتییە.
ڕۆناڵدۆ لەو رووەوە قسەی كردووە و رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی گواستوویەتیەوە: لە ئێستەوە پێشبینیی ئەوە دەكەم كە یاریی كۆتایی لە نێوان بەڕازیل و ئیسپانیادا بێت، بەڵام ئیسپانیا یارییەكی باشتر لە بەڕازیل دەكات.
ڕۆناڵدۆ گوتیشی: مۆندیال یەك مانگی پێ دەچێ، دەكرێ هەر شتێكی تێدا ڕوو بدات، بەڕازیل مێژوویەكی دێرین و گەورەی لە مۆندیالەكاندا هەیە، بەڵام ئیسپانیا كوالێتییەكی بەرزی هەیە و بە شێوەیەكی جوان هێرشەكان بنیات دەنێن و یارییەكی جوانی تۆپی پێ دەكەن، جیهانیان بە شێوازی جوانی یاریكردن، بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە، بەربژێری ڕەهای بردنەوەی مۆندیالیشە.
فیفا لەبارەی میكانیزمی نوێی تیروپشكی مۆندیالی 2026، پێشتر رایگەیاندبوو بۆ یەكەم جار لە مێژوودا، چوار تیپی گەورەی پۆلێنی باڵا، پێش قۆناغی نیوەی كۆتایی مۆندیال، بەریەك ناكەون.
ئامانجی ئەو بڕیارە، بۆ ئەوە بوو لە قۆناغەكانی دواتری مۆندیالدا، تیپە گەورەكان بەریەك بكەون
بەپێی ئەوەی فیفا ئاشكرای كردووە، تیپەكانی چوار پۆلێنی یەكەمدا بەم جۆرەیە: (ئیسپانیا – پۆلێنی یەكەم، ئەرژەنتین، پۆلێنی دووەم، فەرەنسا، پۆلێنی سێیەم، ئینگلتەرا، پۆلێنی چوارەم.) دوو دوو دابەشی سەر دوو نیوەی قۆناغی نیوەی كۆتاییدا دەكرێن.
لەسەر ئەو میكانیزمە، هەریەك لە ئیسپانیا و ئەرژەنتین، لە دوو نیوەی جیاوازی تیروپشكەكە دەبن، بۆ فەرەنسا و ئینگلتەراش هەر بەو جۆرە بێ. بە جۆرێك ئینگلتەرا رووبەری ئیسپانیا بێتەوە، یان ڕووبەرووی ئەرژەنتین پێش نیوەی كۆتایی مۆندیال، رووبەرووی فەرەنساش نابێتەوە پێش یاریی كۆتایی.
ئەو سیناریۆیە كاتێك جێبەجێ دەبێ، هەر چوار هەڵبژاردەكە، پێشەنگی گرووپەكانیان بن لە قۆناغی یەكەمی مۆندیالدا.
فیفا ئامانجی لەو ڕێوشوێنە ئەوەیە، كە تیپە گەورەكان لە قۆناغەكانی زووی مۆندیالدا بەریەك نەكەون، هەروەها گەورە تیپەكان بۆ زۆرترین ماوە بمێننەوە، بۆ ئەوەی مۆندیال سەرنجڕاكێشتر بێ و هاندەرانی تیپە گەورەكان لێی دوور نەكەونەوە و یاریی گەورە لە قۆناغەكانی كۆتایی مۆندیالدا هەبن. هەمان سیستەمیش لە تیروپشكی مۆندیالی یانەكانیش جێبەجێ كرا، كە هاوینی ڕابردوو ئەنجام درا.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێ، لە مۆندیالی ڕابردوو (2022)، ئینگلتەرا لەسەر دەستی فەرەنسا لە چارەكی كۆتایی مۆندیال 1-2 گۆڵ دۆڕا و دوور خرایەوە و بە یاریی كۆتایی پێشوەختەش ناو برا.
ڕێنارد: ئیسپانیا بەهێزترین جیهانە، بەڵام دەتوانین بەسەریدا سەربكەوین
هێرڤی ڕینارد، راهێنەری فەرەنسیی هەڵبژاردەی سعوودیە، باسی زەحمەتیی تیروپشكی مۆندیالی 2026ی كرد، كە ئێوارەی هەینی لە ناوەندی جۆن كێنیدی، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەرێوە چوو.
لە تیروپشكەكەدا، هەلبژاردەی سعوودیە چووە گرووپی هەشتەمەوە، هاوشانی هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئیسپانیا، ئۆروگوای و كاپ ڤێردی.
لەو رووەوە ڕێنارد لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا، ڕایگەیاند: وەك هەمیشە، گرووپی هەڵبژاردەی سعوودیە ئەستەمە، پێش چوار ساڵیش گرووپەكەمان هەریەك لە ئەرژەنتین و مەكسیكی تێدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیسپانیای یەكەمی ڕیزبەندیی فیفای تێدایە، ئەو باشترین تیپی جیهانە، هەروەها ئۆروگواییش تیپێكی یەكجار بەهێزە.
باسی لەوەش كرد: كاپ ڤێردییش هەڵبژاردەیەكی باشە و دەیەوێ لە مۆندیال دەركەوێ، لە كاتێكدا یەكەمین بەشدارییەتی” دەتوانێ ئاستێكی باش پێشكەش بكات، بەڵام ئەمە ئاستی جامی جیهانییە.
لەبارەی جیاوازیی ئامادەكارییەكان لە نێوان مۆندیالی 2022 ومۆندیالی ئێستە، دەڵێ: تیپێكی جیاوازمان هەیەو تەنیا چوار یاریزان لە نەوەی پێشترن، یاریزانان پێویستیان بەئەزموونە، هەندێ جار یارییەكانیش دەبنە هۆی دەستكەوتنی ئەزموون، بە تایبەت یاریمان لەگەڵ ئیسپانیا.
لەبارەی توانای سعوودیە بۆ ئەگەری بردنەوە لە ئیسپانیا، وەك چۆن ئەوە رووی دا كە 2-1 لە ئەرژەنتینیان بردەوە، دەڵێ: یەكەم دەڵێم دەتوانین لە ئیسپانیا ببەینەوە، بەڵام گەر دواتر ببنە پاڵەوانی جیهان، یەكسەر واژۆ لەسەر ئەوە دەكەین.
راهێنەرە فەرەنسییەكەی سعوودیە، وتیشی: نازانین كەی خۆمان بۆ مۆندیال ئامادە دەكەین، ئامادەكاری بۆ هەموو شتێك دەست پێ دەكەین كاتێك دۆخەكەمان بە تەواوی زانی، شوێنەكان و شوێنی نیشتەجێبوون، ئەگەر بزانین لە كوێین، ئەوە هەموو شتێك ڕێك دەخەین.
گرووپی مەرگ لە مۆندیال دیاری كرا
دوای ئەوەی ئێوارەی هەینی لە ناوەندی جۆن كێنێدی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، ڕێوڕەسمی ڕاكێشانی تیروپشكی یارییەكانی مۆندیالی 2026 ڕاكێشرا، گرووپی مەرگی ئەو مۆندیالەش دەستنیشان كرا.
هەریەكە لە كیلیان ئمباپێی ئەستێرەی فەرەنسا و ریاڵ مەدرید، ئیرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچستەر سیتی و نەرویج، لە قۆناغی یەكەمی مۆندیالی 2026 ڕووبەرووی یەك دەبنەوە، دوای ئەوەی ئەو دوو تیپە (فەرەنسا و نەرویج) كەوتنە گرووپی نۆیەمی مۆندیالەوە، لەگەڵ سەنیگال و براوەی نێوان (بۆلیڤیا، سۆرینا و عێراق).
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بریتانی سەرنجی خستە سەر بەشێكی چاودێران و هاندەران دوای تیروپشكەكە، یەكێك لەوانە نووسیویەتی: بە هەموو دڵنیاییەكەوە، فەرەنسا لە گرووپی مەرگدایە، ئمباپێ هەمیشە بێبەختە، بەڵام ئەوە گرنگ نییە و هەموو یارییەكان دەباتەوە.
دەشڵێ: بەلای كەمەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئمباپێ و هالاندمان بەدەست هێنا، بەربژێرانی پێشتری بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهان.
هاندەرێكی دیكە نووسیویەتی: ئەو گرووپەی بە گرووپی مەرگی دەبینم، گرووپەكەی فەرەنسا، سەنگیال و نەرویجە.
هاندەرێكی دیكەش باسی لەوە كردووە كە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان فەرەنسا و نەرویج، یاریی هەرەسەختی قۆناغی گرووپەكان دەبێ و دەبێتە جێی سەرنج و قسەلەسەركردن، هەروەها سەنگیالیش لە گرووپی مەرگە.
دەشڵێ: گرووپی ئەڵمانیا، كۆت دیڤوار و ئیكوادۆریش جێی سەرنج دەبێ.
تیروپشكی مۆندیال، مەغریبی بردەوە یادەوەرییەكانی مۆندیالی 1998
ئەنجامدانی تیروپشكی مۆندیالی 2026، مەغریبی بردەوە ئەو گرووپەی بەڕازیلی تێدایە، ئەوەش یادەوەریی مۆندیالی 1998ی فەرەنسای بیر جەماوەری وەرزشیی هێنایەوە.
ئاواتی راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب (وەلید ڕەكراكی) هاتە دی، كاتێك پێش مۆندیالی 2026 ڕایگەیاندبوو حەز دەكا لە مۆندیالدا بەر تیپی قوتابخانە جیاوازەكانی تۆپی پێ بكەوێ، تەنانەت گەر بەڕازیلیشی تێدا بێت.
لە تیروپشكی مۆندیالی 1998ـدا، هەریەك لە بەڕازیل، سكۆتلەندا و نەرویج، كەوتنە گرووپەكەی مەغریبەوە، بەڵام ئەمجارە تیپی هایتیی جیاوازە.
هەڵبژاردەی مەغریب لە ئاداری 2023ـدا لە یارییەكی دۆستانەدا بە ئەنجامی 2-1 لە بەرازیلی بردبووەوە.
نەوەی ئەو سەردەمە (مستەفا حاجی و بەسیر سەڵاحەدین) بە ئەنجامی 0-3 گۆڵ بە بەڕازیل دۆڕان، دواتر بە هەمنا ئەنجام لە سكۆتلەندای بردەوە. بەڵام 2-2 لەگەڵ نەرویج یەكسان بوو و نەگەیشتە قۆناغی دووەمی مۆندیال.
ڕەكڕاكی یەكەم راهێنەرە لە مێژووی مەغریبدا، كە سەركردایەتیی ڕەشەكەكان دەكا بۆ دوو مۆندیال، ئەویش مۆندیالی 2022ی قەتەڕ و مۆندیالی 2026، كە مۆندیالی ڕابردووی بە گرتنی خانەی چوارەم كۆتایی پێ هێنا.
ڕەكڕاكی، دواتریش دەچێتە تاقیكردنەوەیەكی گرنگ، ئەویش جامی نەتەوەكانی ئەفریقایە كە لە مەغریب بەرێوە دەچێ، دەبێ ئەو ناسناوە بباتەوە، بۆ ئەوەی هیچ گومانێك لە مۆندیال لەسەر ئاستی دروست نەبێ و بە تیپێكی بەهێزی مۆندیال دابنرێ.

