رۆژنامەی ھەولێر

3 ئەستێرەی كورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عەرەب كران

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

پاڵەوانێتی جامی عەرەبی 2025 بۆ هەڵبژاردەكان لەسەر شێوازی سیستەمە نوێیەكە بە بەشداریی 16 هەڵبژاردەی عەرەبی بەڕێوە دەچێت، پێشوەختە، 9 هەڵبژاردە بە فەرمی بلیتی گەیشتنیان بۆ پاڵەوانێتییەكە مسۆگەر كردبوو، دواتر 7 هەڵبژاردەی دیكەی عەرەبی بەشێوەی پلەی ئۆف بلیتی پاڵەوانێتییەكەیان بڕی.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، قەتەر میوانداریی جامی عەرەبی بكات و یەكەمین یاریی پاڵەوانێتییەكەش لە كاتژمێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێوان هەڵبژاردەی توونس و سووریا دەبێت، لە دووەمین یاریش ئێوارەی ئەمڕۆ قەتەر و فەڵەستین رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
پاڵەوانێتی جامی عەرەب كە ئێستا پاڵەوانێتییەكە بە فەرمی لە لایەن فیفا پاڵپشتی دەكرێت، پێشوەختە 9 هەڵبژاردە راستەوخۆ بۆ قۆناغی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە سەركەوتبوون كە پێكهاتوون لە (قەتەری وڵاتی میواندار، جەزائیر، توونس، ئیمارات، سعوودیە، عێراق، مەغریب، میسر و ئوردن).
لە لایەكی دیكەیشەوە، 14 هەڵبژاردەی دیكە بەشێوازی پلەی ئۆف ركابەرییان كرد بۆ بەدەستھێنانی حەوت بلیتی دیكەی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی جامی عەرەبی، براوەكان راستەوخۆ سەركەوتن بۆ پاڵەوانێتی جامی عەرەبی كە پێكهاتبوون لە فەڵەستین، كۆمۆرۆس، بەحرێن، سووریا، عومان، كوێت و سودان.
كۆمەڵەی یەكەم: فەڵەستین، قەتەر، سوریا و توونس.
كۆمەڵەی دووەم: كۆمۆرۆس، مەغریب، عومان و سعوودیە.
كۆمەڵەی سێیەم: میسر، ئوردن، كوێت و ئیمارات.
كۆمەڵەی چوارەم: جەزائیر، بەحرێن، عێراق و سوودان.

پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق بە راهێنەرایەتی گراهام ئارنۆڵد لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی جامی عەرەب رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو لیستی یاریزانەكانی بڵاوكردەوە، بەڵام دواتر راهێنەرە ئوسترالییەكەی عێراق 3 یاریزانی دوورخستەوە، لە شوێنی ئەوان 3 یاریزانی دیكەی بانگهێشت كرد كە پێكهاتبوون لە شێركۆ كەریم، زەید ئیسماعیل و ئەمجەد عەتوان.
لە نێو پێكهاتەكەدا 3 یاریزانی كورد بانگهێشتی پاڵەوانێتی جامی عەرەب كراون كە پێكهاتوون لە ئاكام هاشم، شێركۆ كەریم و ماركۆ فەرەج. هەریەكە لە یوسف ئەمین و میرخاس دۆسكی لە لایەن یانەكانیانەوە رێگەیان پێنەدرا بەشداریی پاڵەوانێتی جامی عەرەب بكەن، بەڵام ئوسامە رەشید بەهۆی پێكانەوە بانگهێشت نەكرا لە شوێنی ئەو ئەمجەد عەتوان بانگهێشت كرا.
گۆڵپارێزەكان: فەهد تاڵب، ئەحمەد باسڵ و جەلال حەسەن.
بەرگریكاران: ئەحمەد یەحیا، مەناف یوونس، ئاكام هاشم، مستەفا سەعدون، زەید ئیسماعیل و سەعد ناتق.
ناوەراستكاران: ئەحمەد مەكەنزی، ئەمجەد عەتوان، شێركۆ كەریم، محەمەد جەواد، سەجاد جاسم.
هێرشبەران: حوسێن، عەلی، كەرار نەبیل، ماركۆ فەرەج، حوسێن عەبدولكەریم، هەیسەم جەبار، ئەیمەن حوسێن، عەمار موحسین، عەلی جاسم و موهەنەد عەلی.
هەڵبژاردەی عێراق یەكەمین یاری خۆی لە پاڵەوانێتی جامی عەرەبی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرامبەر بەحرێن لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە دەكات، یارییەكانی دواتریشی بەرامبەر جەزائیر و سودان دەبێت، ئەم پاڵەوانێتییە بۆ هەڵبژاردەی عێراق زیاتر ئامادەكارییە بۆ یاریی پاشكۆی مۆندیال كە بڕیارە لە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی مەكسیك رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بێتەوە، براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ بلیتی مۆندیالی داهاتوو دەبڕێت.

گۆڕانكارییەكی گەورە لە یاسای تۆپی پێ كرا
بیر لویجی كۆڵینا، سەرۆكی لێژنەی ناوبژیوانان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا بڕیارێكی نوێ لە جامی عەرەب جێبەجێ دەكات كە تێیدا هەر یاریزانێك تووشی پێكان بێت و تیمی پزیشكی بۆ چارەسەركردن بێتە نێو یاریگە، ئەوا دەبێت یاریزانەكە بۆ ماوەی دوو خولەك لە دەرەوەی یاریگە بمێنێتەوە و تیمەكە بە 10 یاریزانەوە یاری بكات.
ئەم بڕیارە تەنیا بەسەر گۆڵپارێزەكاندا جێبەجێ ناكرێت، یاخود ئەو یاریزانەی زۆر بە توندی تووشی ئازار دێت، ئەوكات یاریزانی بەرامبەر دەبێت كارتی رەنگاورەنگ وەربگرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كۆڵینا باسی لێوە كردووە، پێشبینی دەكرێت ئەم یاسایە لە مۆندیالی 2026 و بەشێك لە پاڵەوانێتییەكان جێبەجێ بكرێت.