مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی بەئەزموونی فەرەنسی، دوای زیاتر لە 2 ساڵ دابڕان، بە درێسی یانە تازەكەی (مۆناكۆ)ـوە دەركەوت.
پۆگبای تەمەن 32 ساڵان، دوادەركەوتنی لە 3ی ئەیلوولی 2023 بوو (زیاتر لە دوو ساڵ و 2 مانگ پێش ئێستە) بوو، لە یارییەكانی خولی ئیتاڵیا ئەو كاتەی یاریی بۆ یوڤێنتوس دەكرد و ئەو یارییەیان بەرانبەر ئیمپۆلی بوو. دواتر بەهۆی دۆسیەی بەكارهێنانی ماددەی قەدەغەكراوی چالاكیبەخشەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ لە یاریكردن ڕاگیرا و دواتر سزاكەی بۆ 18 مانگ كەم كرایەوە.
بەڵام لە ئاداری ڕابردوو، یانەی یوڤێنتوس بڕیاری دا گرێبەستی پۆڵ پۆگبا هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەیش بووە هۆی داڕمانی پۆگبا، كە زیاتر لە 90 یاریی نێودەوڵەتیی بۆ فەرەنسا كردووە و ڕۆڵی لە بردنەوەی مۆندیالی 2018 لە رووسیا هەبوو.
دوای دەنگۆ و واتەواتی زۆر و پەیوەندی پێوەكردنی چەندان یانە لە ئەمریكا و كەنداوی عەرەب، دواجار پۆڵ پۆگبا لە هاوینی ڕابردوو گرێبەستی لەگەڵ یانەی مۆناكۆی وڵاتەكەی خۆیدا كرد بۆ ماوەی دوو ساڵ و تا هاوینی ساڵی 2027 و ئەوەی بە لەدایكبوونی سەرلەنوێی دانایەوە. رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی باسی لەوە كردووە، كە پۆگبا دەبوو لە یاریی یانەكەی بەرشلۆنە ئەنجیە لە 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو بەشداریی بكردایە، بەڵام پێكانەكەی ڕێگریی لێی كرد. هەروەها بڕیار بوو لە یارییەكەیان بەرانبەر پاریس سان جێرمان بەشداریی بكا، كە لە یەكی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و یارییەكەشیان دۆڕاند، بەڵام پێكانی گۆزینگی دوو ڕۆژ پێش ئەو یارییە، لەو یارییەشی دابڕاند، كە لە مەشقەكان لەگەڵ یەكێك لە یاریزانانی یانەكەیدا بەر یەك كەوتن و تووشی پێكان هات.
دواتر لە 22/11/2025ـدا، پۆڵ پۆگبا گەڕایەوە یاریكردن و بەرانبەر رین بەشداریی كرد، بەڵام بووە ئامادەبوویەكی دۆڕاو دوای ئەوەی یانەكەی بە ئەنجامێكی گەورە و 1-4 گۆڵ لە نێو یاریگەی خۆیدا تووشی شكست هات، لەو یارییەی لە گەڕی13ی خولی فەرەنسیدا بەڕێوە چوو.
ئەو شكستە، خۆشییەكانی پۆگبای بۆ گەڕانەوە بۆ یاریكردن تێك دا، كە 26 مانگ بوو دابڕابوو، لە خولەكی 85ی یارییەكەدا وەكوو یاریزانی یەدەگ لە شوێنی مامادۆ كۆلیبالی، بەشداریی كرد.
دوای فیكەی كۆتایی ناوبژیوان، پۆڵ پۆگبا لەسەر زەویی یاریگەكە، كڕنووشی شوكرانەبژێی بۆ خوا برد، وەكوو سوپاسگوزارییەك بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریكردن دوای ئەو دابڕانە زۆرە.
ئەوە سێیەم دۆڕاندنی لەسەریەك بوو بۆ یانەی مۆناكۆی فەرەنسی، كە ئێستە 20 خاڵی هەیە و لە خانەی هەشتەمە، ڕینیش سێیەم سەركەوتنی لەسەریەكی تۆمار كرد و ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 21 خاڵ و لە خانەی پێنجەم دێت.
ئەو شكستە، كاریگەریی خراپی بۆ ورەی یاریزانانی مۆناكۆ دەبێ، پێش یارییەكەیان بەرانبەر بافۆسی قوبڕسی، كە بڕیارە چوارشەممەی داهاتووو لە گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا ڕووبەڕووی یەك ببنەوە.
لەو كاتەوەی پۆڵ پۆگبا گرێبەستی لەگەڵ مۆناكۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ واژۆ كردووە، ئەو یاریزانە سێ مانگە مەشق دەكا بۆ گەڕانەوەی تەواوی توانای جەستەیی، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیەی لە یاریكردن دابڕاوبوو بەهۆی سزادان و ڕاگرتنی، كە دەستەی نەهێشتنی ماددە چالاكیبەخشەكان لە شوباتی 2024 بۆ 4 ساڵ سزای دا و دواتر بڕیارەكە تەمیز كرا و دادگەی وەرزشی بۆ 18 مانگ، سزاكەی كەم كردەوە.
سیباستیان بۆكۆنیۆلی، راهێنەری یانەی مۆناكۆی فەرەنسی، دەڵێ پێویستە هەڵسەنگاندنی پۆگبا بە پێی ئەو دۆخە بكرێ كە تێی كەوت، نەك بەو ئاستەی پێشتر لە مانچستەر یونایتد، یان یوڤێنتوس پیشانی دەدا و پێی دەناسرا.
بۆكۆنیۆلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: پێویستە هەڵسەنگادنی پۆگبا بەپێی دۆخی هەنووكەیی بێت، نەك بەو پێیە بێ كە چەند ساڵێك پێش ئێستە لە مان یونایتد و یوڤێنتوس پێی دەردەكەوت. هەموو یاریزانان لەگەڵ تێپەڕینی كات و ئەزموونی جیاواز، دەگۆڕێن، ئەوەی گرنگە ببینین بزانین چەندی پێ دەكرێ پێشكەشی یانەكەی بكا.

