مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕۆمانۆ: ڤینیسیۆس ئۆفەرێكی ریاڵ مەدریدی ڕەت كردەوە
فابریزۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناسراو و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، ڕایگەیاند، كە یانەی ریاڵ مەدرید، ئۆفەرێكی پێشكەشی هێرشبەری بەڕازیلیی یانەكەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر كردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە، ئۆفەرەكەش بریتی بووە لە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە. ئەو زانیارییەیش لە رۆژنامەی زە ئەتلەتیك بڵاو كرایەوە.
پێشتر رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە كارگێڕیی یانەكە و یاریزانەكە لە بەرەبەری ڕێككەوتنێكی تەواودان، گەشبینن بەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی كە بەو پێیە ڤینی تا ماوەیەكی زۆر لە یانەی درێس سپی بمێنێتەوە، ئەوەش هەموو كێشەكانی ئەو یاریزانە چارەسەر دەكات.
گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ ریاڵ مەدرید لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی پێ دێ، بەڵام ریاڵ مەدرید دەیەوێ ڤینی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بمێنێتەوە و گرێبەستەكەی تا هاوینی 2027 نوێ و درێژ بكرێتەوە.
هەرچەندە باس لەوە دەكرا، كە یانەی چێڵسی دەیەوێ یەكێك لە ڤینیسیۆس یان جۆیس بباتە ریزەكانیەوە، بەڵام فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە.
شكستەكەی لیڤەرپوول، سلۆتی لە ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی ناوازە بێبەش كرد
دوای ئەوەی یانەی لیڤەرپوول، لە گەڕی 12ی خولی نایابی ئینگتەرادا لەسەر دەستی یانەی نۆتینگهام فۆرست تووشی شكستێكی كەموێنە بووەوە، راهێنەری ئەو یانەیە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی ناوازە گەشتی شاری مانچستەری نەكرد.
ئەرنی سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە ڕێوڕەسمی بردنەوەی خەڵاتێك لە شاری مانچستەر ئامادە نەبوو، دوای ئەوەی 0-3 لەسەر دەستی نۆتینگهام فۆرست لەسەر یاریگەی ئەنفێڵد شكست درا.
رۆژنامەی زە ئەتلەتیك بڵاوی كردەوە، ئەرنی سلۆت، خەڵاتی باشترین راهێنەری لە باكووری ئینگلتەرا لەلایەن دەستەی نووسەرانی تۆپی پێوە بۆ دەستنیشان كرا، دوای ئەوەی سەركردایەتیی یانەی لیڤەرپوولی كرد بۆ بردنەوەی ناسناوی پرێمەر لیگی وەرزی ڕابردوو (2024 – 2025).
بەڵام ئێستە تیپەكەی سلۆت ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر لە بەرگریكردن لە ناسناوەكەی بووەتەوە، لە 12 یەكەم یاریی خولی ئینگلتەرا 6ی دۆڕاندووە و خانەی 11ی خولەكەی گرتووە.
بڕیار بوو كە سلۆت خۆی ئامادە بێ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە، بەڵام داوای لێبوردنی كرد و رایگەیاند لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكان ئامادە نابێ و باڵیۆزی تایبەتیی یانەكە گاری ماكالیستەر، لە بری ئەو چوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.
ماكالیستەر لە قسەكانیدا بە نوێنەرایەتیی سلۆت، دووپاتی كردەوە كە سلۆت هەست بە شانازییەكی زۆر دەكا بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە.
ژمارەی ئەو دۆڕاندنانەی كە لیڤەرپوول لە 12 یاریدا تووشی هاتووە، یەكسانە بەو ژمارە دۆڕاندنەی لە 58 یاریی یانەكەدا تووشی بووە.
سلۆت خۆی دانی بەوەدا ناوە یانەكە لە دۆخێكی خراپدایە و بەرپرسیاریەتییشی هەڵگرتووە، بەڵام رایدەگەیەنێ كە دەتوانن ڕەوشەكە ئاسایی بكەنەوە.
هاوكات دوای ئەو ئەنجامانە خراپانەی ڕێدز، وا باس كرا، كە كورسییەكەی راهێنەری هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوول (ئەرنی سلوت) لەق بووبێ.
بەڵام فابريزيۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، ڕایگەیاند لیڤەرپوول پلانی لابردنی سلۆتی دانەناوە، سەرەڕای ئەو هەموو ئەنجامە خراپە.
رۆمانۆ لە كەناڵی خۆی لە یویتیوب، ڕایگەیاندووە: یانەی لیڤەرپوول پێداگرە لە پشتیوانی و مانەوەی ئەرنی سلۆت و هیچ پلانێكی نییە كە لە ماوەكانی داهاتوودا، دووری بخاتەوە.
دەشڵێ: سلۆت لە ئەركەكەی خۆی بەردەوام دەبێ، بە تایبەت كە خاوەنان و كارگێڕیی یانەكە، بەوپەڕی تواناوە پشتیوانیی دەكەن.
رۆمانۆ باسی لەوە كردووە كە سلۆت دەزانێ دۆخەكە پێویستە بگۆڕێ، دەشبێ پاڵەوانی پرێمەر لیگ درەوشاوەیی خۆی لە خولەكە دەربخات.
باسی لەوەش كردووە، كە یانەی لیڤەرپوول پلان دداەنێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، بەلای كەمەوە یاریزانێكی نوێ بباتە ریزەكانیەوە، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر هەلی بازاڕی گواستنەوەكە.
عوسمان دێمبڵی كەی دەگەڕێتەوە یاریكردن؟
عوسمان دێمبلی، خاوەن خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2025، لەگەڵ كاتدا پێشبڕكێ دەكا بۆ گەڕانەوەی بۆ بەشداریكردن لە یارییەكانی یانەكەی.
دێمبلیی 26 ساڵان، لەو كاتەی لە یاریی نێوان یانەكەی و بایرن میونشن لە 4ی 11ـەوە لە ماسوولكەكانی ڕانیدا تووشی پێكان بووە، لە یاریكردن دابڕاوە، كە ئەو یارییەشیان 1-2 گۆڵ دۆڕاند، كە لە چوارچێوەی گەڕی چوارەمی چامپیۆنس لیگ بوو.
بە هۆی ئەو پێكانەوە، یاریزانی باڵی یانەی پاریس، لە كەمپی مەشقیی هەڵبژاردەكەی لەم مانگەدا دابڕا، كە بەسەر ئۆكراین و ئازەربایجاندا سەركەوتن و گەیشتنیان بۆ مۆندیالی 2026 دڵنیا و دووپات كردەوە، كە لە ئەمریكا، مەكسیك و كەنەدا بەڕێوە دەچێ.
دێمبلی لە نیوەی یەكەمی ئەم وەرزەوە بەهۆی پێكانەوە دەناڵێنێ، بەم دواییە لە پێكانی ڕانی چاك بووەوە و بەشداریی مەشقە بەكۆمەڵەكانی كرد، بەڵام 100% ئامادە نەبوو بەرانبەر لۆهاڤەر، كە پاریس بە سێ گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی ئاشكرای كرد، كە دێمبلی لە دۆخێكی باشدایە، بەڵام بەشداریكردنی لە یارییەكەی چوارشەممە بەرانبەر تۆتنهام هۆتسبێر لە چامپیۆنس لیگ، جێی پرسیارە و پشتڕاست نەكراوەتەوە.
رۆژنامەكە لە سەرچاوەیەكی نزیكی یانەكەوە گواستوویەتیەوە، كە عوسمان زۆر بە باشی دەرك بە باشبوون دەكا، بەڵام چاودێریی دۆخ و پێشهاتەكانی دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا.
رۆژنامەی لیكیپ باسی لەوە كردووە كە پێویستە عوسمان وریا بێ، بە تایبەت كە چەند جارێك تووشی پێكان بووە، هەرچەندە لەژێر چاودێریی دەستەی هونەری و ئامادەكاری جەستە بە باشی و وردی مەشقی كردووە لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتیدا.
یەكلاكردنەوەی وادەی گەڕانەوەی دێمبلی، كاتی دەوێ و دەیانەوێ بە باشی ئامادە بێ ئینجا بەشداریی پێ بكرێ.
رۆژنامەی لیكیپ باسی لەوە كردووە، كە عوسمان دێمبڵی، زۆر بە پەرۆش و جۆشوخرۆشە بۆ بەشداریكردن لە یارییەكەیان بەرانبەر تۆتنهام.
لە 13 یاری لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكاندا، عوسمان دێمبلی 5 گۆلی كردووە و 3 گۆڵی دروست كردووە.

