رۆژنامەی ھەولێر

یانەی هەولێر، غەڕڕافیشی خستە لیستی قوربانییەكانی دەستی خۆیەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی هەولێر، لە یارییەكانی گەڕی حەوتەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق، لەنێو یاریگە بەناووبانگەكەی خۆی (شەهید فرەنسۆ هەریری) ڕووبەڕووی یانەی غەڕڕاف بووەوە، كە تا پێش ئەو یارییە، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندبوو، بەڵام یاریگەكەی كردە شوێنی شكستی یەكەمی یانەی غەڕڕاف و خۆشی پێشەنگیی خولەكەی تۆكمەتر كرد.

یانەی هەولێر لە یارییەكەدا، باڵایی و هێزداریی خۆی بەسەر یانەی میواندا سەلماند و زۆرترین هێرشی كردە سەر یانەكەی شاری زیقاڕی باشووری عێراق، ئاكام شێرزۆد تێمیرۆڤی ئۆزبەكستانیی گۆڵكەری یانەكە، لە تۆپێكی عەلی شاخەوانی كوڕی شارەكە، گۆڵی یەكەمی هەولێری هێنا، چەند خولەكێك دواتر، لە ئاكامی هەڵەیەكی مامادۆ دیارای بەرگریكاری هەولێر، یاریزانانی غەڕڕاف ڕێگەی گۆڵی هەولێریان دۆزییەوە و گۆڵێكیان تۆمار كرد.
نیوەی یەكەم بەو ئەنجامە 1-1 كۆتایی هات.
نیوەی دووەم یاریزانانی هەولێر زۆر كۆشان تا هەرچی زووە گۆڵی پێشكەوتن تۆمار بكەن و لە كاتێكی زووتری یارییەكەدا، سەركەوتن مسۆگەر بكەن، بەڵام هەوڵەكان بە ئاكامێكی باش نەگەیشتن، تا ئەو ساتەی لە خولەكی 95ی یارییەكەدا، گەیلان عوسمانی یاریزانی بەهرەداری هەولێر، لە هەوڵێكدا بۆ دەربازبوون لە گۆڵپارێزەكەی تیپی میوان، گۆڵپارێز بەربەستی بۆ دروست كرد و ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ زەردپۆشەكان ژمارد و شێرزۆرد تێمیرۆڤی هێرشبەر، بە شێوازێكی هونەریی زۆر جوان، گۆڵی دووەم و سەركەوتنی تۆمار كرد و سێ خاڵی گرنگی یارییەكە، بووە بەشی كوڕانی قەڵای زەرد و هاندەرانی یانەكە بە دڵخۆشییەوە، یاریگەی فرەنسۆ هەریرییان بەرەو ماڵ و پشوویەك بە دڵێكی خۆش و ئاسوودەوە، جێ هێشت.
ئێستە یانەی هەولێر لە 7 یاری بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە و یانەی قوە جەوییەی بەغدا بە هەمان ژمارەی یاری، 15 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە خانەی دووەم دێت، یانەی زەوڕاش لە خانەی سێیەمە و یانەی دیالەش خانەی چوارەمی گرتووە.
هەروەها یاریزان و گۆڵكەری یانەكە شێرزۆد تێمێرۆڤ لە 7 گەڕدا خاوەنی 7 گۆڵە.