ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، بەراورد بە پاڵاوتنەكانی مۆندیالەكانی ڕابردوو، ئێستە هیوایەكی بۆ گەیشتن بە مۆندیال هەیە، دوای ئەوەی لە یاریی پاشكۆی پاڵاوتندا هەڵبژاردەی ئیماراتی تیپەڕاند.
لە ئەنجامی تیروپشكی پاڵاوتنی دواپاشكۆدا، هەڵبژاردەی عێراق كەوتە بەرانبەر براوەی یاریی بۆلیڤیا و سۆرینام، لەو یارییەی بڕیارە لە 31ـی ئاداری ساڵی داهاتوو، لە مەكسیك بەڕێوە بچ، وەكوو یەكێتیی تۆپی پێی فیفا رایگەیاندووە.
هەردوو هەڵبژاردەی بۆلیڤیا و سۆرینام لە 26ی ئادار لە نیوەی كۆتایی بەیەك دەگەن، براوەیان لەگەڵ عێراق یاری دەكات.
یارییەكە لە یاریگەی گوادالاخارا لە مەكسیك بەڕێوە دەچێ، هەروەها یاریی دووەمیش لە نێوان كالیدنۆنیای نوێ و جامایكاش و دواتر كۆنگۆ لەگەڵ براوەی نێوانیان، هەر لەو یاریگەیە بەڕێوە دەچێت.
ئەو یارییانە بۆ گەیشتنی دوا دوو هەڵبژاردەیە بە مۆندیالی 2026، كە یەكەمجارە بە شێوازی 48 هەڵبژاردەیی بەڕێوە دەچێ و لە سێ وڵات (كەنەدا، مەكسیك و ئەمریكا) بەڕێوە دەچێ. كە دوای ئەو دواپاڵاوتنە، تەنیا سێ مانگی بۆ مۆندیال دەمێنێت.
عێراق لە كۆی دوو یاریی هاتن و چوون، لەگەڵ ئیمارات بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ سەركەوت لە گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئاسیا، ئەوەش دوای گرتنی خانەی دووەمی گرووپی دووەم لە خولی چوارەم، لە دوای سعوودیەوە بە جیاوازیی گۆڵێك.
لەو كاتەی عێراق یارییەكە بباتەوە، دەبێتە دووەم جار بەشداریی مۆندیال بكا، دوای ئەوەی لە ساڵی 1986 (40 ساڵ پێش مۆندیالی 2026) یەكەم بەشداریی مۆندیالی كرد و لە قۆناغی یەكەم دوور خرایەوە، یاریی یەكەمی بەرانبەر پاراگوای 0-1 گۆڵ دۆڕاند، دواتر 1-2 گۆڵ بە بەلژیكا دۆڕا و ئینجا 0-1 گۆڵ بە مەكسیك دۆڕا، ئەوكات راهێنەرای بەڕازیلی ئیڤاریستۆ، راهێنەرایەتیی عێراقی دەكرد.

