مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
دۆناڕۆما: پاریس سان جێرمان بێهیوای كردم و هالاند وای كرد بێمە مانچستەر سیتی
جیانولیجی بوفۆ” گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای رۆیشتنە لەناكاوەكەی بۆ یانەی مانچستەر سیتی، دەڵێ هەستم بە بێهیوایی كرد لە پاریس سان جێرمانەوە.
ئەو گۆڵپارێزە ئیتاڵییە، بە شێوەیەكی لەناكاو لە یانەی یانەكەی پێشتریەوە (پاریس سان جێرمان)، خرایە روو بۆ دەستبەرداربوون و لە دواساتەكانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، لە یانەی مانچستەر سیتی گیرسایەوە.
پێش چەند مانگێكی كەم لە رۆیشتنی، جیانلویجی بوفۆن، یارمەتیی یانەكەی دا لەوەی یەكەم ناسناوی چامپیۆنس لیگ بباتەوە، كە چەندان لێدانی مەترسیداری گەڕاندەوە و هەلی گۆڵی تیپەكانی بەرانبەری پووچەڵ كردەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، یانەی پاریس سان جێرمان، دوای واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ شۆفالییە لە یانەی لیلی فەرەنسییەوە، بڕیاری دا دەستبەرداری دۆناڕۆما ببێت.
لە دیمانەیەكیدا كە لە شوێنی مەشقكردنی یانەكە، كەناڵی سكای ئیتاڵی لەگەڵیدا كردووە، دۆنا ڕۆما باسی لەوە كردووە كە “ئاسان نییە بەم جۆرە یانەكەت جێ بهێڵی، دوای ئەوەی روو دا، هەستم بە نیگەرانی و خراپی كرد.
ئاماژەی بەوەش كرد: چوومە یانەكە و لەگەڵ شێوازە دیاریكراوەكەی خۆم گونجان، دوای ئەوە ئەو شێوازە بوونی نەما، ئەوە دوای وەرزێك بوو كە تێیدا چامپیۆنس لیگمان بۆ پاریس بردەوە، كە پێشتر كاری وا نەكرابوو، ئەوە ئازاربەخش بوو، بەڵام پێویستە لاپەڕەكە جێ بهێڵی و لاپەڕەیەكی دیكە هەڵبدەیتەوە، لە پاریس هاوڕێكانم و هاندەران، هەمیشە هەست لە نزیكی لە من دەكەن.
دەشڵێ: هەستم بە بێهیوایی كرد، چونكە كە چوومە پاریس، خۆم لەگەڵ شێوازی یاریكردنیان گونجاند، یەكەم كاری گرنگم بۆ ئەوە بوو، بەڵام لە كۆتاییدا، چەند مانگی كۆتایی زۆر جیاواز بوو، شتێك رووی نادا ناتوانم چۆن لێكی بدەمەوە، بەڵام دەبێ قبووڵی بكەم، لەو كارە هەستم بە بێهیوایی كرد، لە هەڵوێستەكەشیان، كارێكی خەمبارانە بوو، بەڵام پێویستە بیكەیتە ڕابردوو.
دەشڵێ: هەمیشە سوپاسی پاریس سان جێرمان دەكەم بۆ ئەوەی پێشكەشی كرد و ئەوەی پێشكەشم كردن كارێكی نایاب بوو، هەمیشە سوپاسی هەموو هاندەران دەكەم، هەمیشە دەگەڕێمەوە پاریس، چونكە وەكوو نیشتمانی دووەممیان لێ كردبوو، بەشێكی سەرەكیی ژیانمە، دڵخۆشم بەوەی لەوێ بەدەست هێنا و ئەوەی پێشكەشی هاوڕێكانم و هاندەرانم كرد، هەمیشە سوپاسگوزاریان دەبم.
كاروانی دۆناڕۆما دوای ئەو هەڵوێستەی پاریس، بە چوونی بۆ یانەی مانچستەر سیتی كۆتایی هات، ئاشكراشی كرد كە ئیرلینگ هالاند، ڕۆڵێكی گەروەی هەبووە بەوەی لە دوارۆژی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بچێتە یانەی مانچستەر سیتی.
دۆناڕۆما دەڵێ: هالاند یاریزانێكی ناوازەیە، زۆر ئارامە و ماڵباتەكەی خۆش دەوێ و لەگەڵیاندایە، ئێمە كە دژی یەكیش یاریمان دەكرد، تەلەفۆنمان دەكرد و لەبارەی رووداوەكانی یارییەكەشەوە قسەمان دەكرد.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا بێمە ئێرە، (هالاند)یش بۆی نووسیبووم، بە تەواوی پاڵپشتیی کردم بۆ ئەوەی بێم و زۆر سوپاسی دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستەی، بەڕاستی هاوڕێیەکی گەورەیە، شتێکی باشیشە کە یاریی لەگەڵ دەکەم، چونکە زۆر قورسە دژی بم، ئەو بوونەوەرێكی ئاسمانییە.
دۆناڕۆما لە 12 یاریدا لەگەڵ یانەكەی گواردیۆلادا، لە 6 یاریدا نەیهێشتووە گۆڵی لێ بكرێ، دەشڵێ: لە هەندێ شت تووڕەم، چونكە دەتوانم لە ژمارەیەكی زۆری یارییەكاندا گۆڵەكەم بە خاوێنی ڕابگرم.
ئێستە مانچستەر سیتی خانەی دووەمی پرێمەر لیگی بە 22 خاڵ لە 11 یاریدا گرتووە و 7 بردنەوە و یەكسانبوونێكیان هەیە و 3 دۆڕاندنیش، 23 گۆڵیان كردووە و 8 گۆڵیان لێ كراوە، لە ئارسناڵی پێشەنگەوە بە 4 خاڵ جیاوازیی دوورن.
بۆكایۆ ساكا پەیوەندیی لەگەڵ ئارسناڵ ئاشكرا دەكات
ئەستێرەی ئینگلیزی بۆكایۆ ساكا، سەركردەی یانەی ئارسناڵ، لە بارەی چەند پرسێكەوە قسەی كرد، وەكوو حەز و خولیاكان، پلانەكانی یانەكەی و كاروانی ژیانی وەرزشیی خۆی و ڕۆڵی لە ئارسناڵ.
بۆكایۆ ساكا، كە لە تەمەنی 7 ساڵانەوە چووەتە ئەكادیمیای یانەی ئارسناڵ، ئەمڕۆ یەكێكە لە دیارترین یاریزانەكانی ئەو یانە ئینگلیزییە، كە 277 یاریی بۆ كردووە و 76 گۆڵی تۆمار كردووە و خاوەن پێگەیەكی بەرزی كۆمەڵایەتییە لەنێو هاندەرانی یانەكەیدا.
ئەو یاریزانە ڕۆڵی هەبوو لە گەیشتنی ئارسناڵ بۆ یاریی كۆتایی خولی ئەورووپا لە ساڵی 2019 و بردنەوەی جامی یەكێتیی ئینگلیزی لە ساڵی 2020، هەروەها ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە گەیشتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ كۆتایی هەردوو پاڵەوانیەتیی ئەورووپا لە 2021 و 2024.
ئەمڕۆ ئەو یاریزانە، لە ریزی تیمەكەی میشێل ئارتێتادایە و تیپەكەی پێشەنگی خولی نایابی ئینگلتەرای گرتووە. نزیكن لەوەی بگەڕێنەوە سەكۆی ناسناوەكان بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی 2004ـەوە، یانەكەیش متمانەیەكی زۆری پێیەتی و دەیەوێ گرێبەستەكەشی نوێ بكاتەوە.
ئەو یاریزانە لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئێزگەی بی بی سیی بریتانی، دووپاتی كردەوە كە “تۆپی پێی تاكەسەرچاوەی ئاسوودەیی منە” لە منداڵییەوە، دووپاتیشی كردەوە كە پێشبینیی نەكردووە جگە لە تۆپی پێ لە بوارێكی دیكەدا دەربكەوێ.
لەبارەی یادەوەریی منداڵییەوە، دەلێ: ئەو كاتەی لە باخچەی پشتەوە یاریمان دەكرد لەگەڵ براكەم و باوكمدا، ئەوكات هەردووكیان بەرانبەر من بە تەنیا یارییان دەكرد، هەمیشەش رەتم دەكردەوە شكست بخۆم، ئەگەر بدۆڕایەم، دەگریام، تووڕە دەبووم، بە هیچ جۆرێك ئەوەم قبووڵ نەدەكرد.
لەبارەی یەكەم تیپ كە یاریی بۆ كرد، دەڵێ: گرینفۆرد سێلتێك بوو، جلێكی سەوزی خەتخەتمان لەبەر بوو، دوای یارییەكانیش، پێڵاوەكانمان لە دار و درەختەكان دەدا بۆ خاوێنكردنەوە، ئەو كاتەش بە ساتەوەختێكی گرنگی ژیانی ناو دەبات.
لە سەرەتاكانی تەمەنیدا، دەركی بەوە كردووە بەهرەیەكی جیاوازی هەیە، بەڵام دووپاتی كردەوە كە زۆر بیری لەوە نەدەكردەوە “من تەنیا چێژم وەردەگرت، من باش بوو، ئەمە وای دەكرد یارییەكان چێژی زیاترم پێ ببەخشن.
ساكا بۆ یەكەمجار باسی ئەو ساتە دەكا كە باوكی بلیتی پشكنەرانی یانەی ئارسناڵی بەدەست گەیشتووە، دەڵێ: چوومە هێل ئێند بۆ یەكەم ئەزموون، هەستم بە هیچ ترسێك نەكرد، بە خۆمم وت: یاری بكە و چێژ وەربگرە، ئاستێكی باشم پێشكەش كرد لەگەڵ تیپی بی، دواتر بە خێرایی بۆ تیپی یەكەم سەركەوتم، لێرەوە چیرۆكەكە دەست پێ دەكات. من منداڵ بووم و بڕیارەكانم لای دایك و باوكم بوون، باوكم پێی وتم: دەمەوێ لە ئارسناڵ بیت و منیش یەكسەر ڕازی بووم.
دەڵێ: باوكم بۆیە پێی باش بوو بچمە ئارسناڵ، متمانەی بە ئەكادیمیاكە هەبووو، بە شێوازی ئارسن ڤێنگەری راهێنەریش، بەو ڕێگە روون و ڕەوانەش كە یاریزانانی لاو پێیدا سەردەكەوتن بۆ ریزی تیپی یەكەم.
ساكا دانی بەوەشدا نا: تۆ ببیتە یاریزانێك لە ئارسناڵ و لە منداڵییەوە حەزت لەوە بێ، ئەو خەونە بە دی دێ، من وەكوو هاندەر چوومە سەر پەیژەكانی یاریگە، ئەمڕۆ من ئەو كەسەم كە سەیرم دەكەن.
باس لەوەش دەكا، ئەو كاتە یەكێك لە راهێنەرانی تیپی ئەكادیمیاكە، پێی وتوون: تەنیا یاریزانێك یان دوو یاریزان لە ئێوە دەگاتە تیپی یەكەم.
دەڵێ: ئەو ڕستەیە كە منداڵانێكی زۆری دەپێكا و دایدەڕماند، بەڵام بۆ ساكا بووتە مایەی سەركەوتن و دەڵێ: بە خۆمم وت، پێویستە من بم و هیچ كەسێكی دیكە نەبێ.
ساكا دەشڵێ: ئەوكاتەی چوومە تیپی یەكەم، یاریزانانی ئەو تیپە زۆر پشتیوانییان كردم، بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش پێشوازییان لێ كردم. بە جۆرێك لە سەرەتاوە شەرمم دەكرد، متمانەیان پێ بەخشیم، ڕێنوێنی و ئامۆژگارییەكانیان یەكسەر لە ئاستمدا ڕەنگی دایەوە.
لەبارەی حەزەكانیەوە، ساكا دەڵێ: حەز دەكەم بە تەنیا كات بەسەر ببەم، بە تایبەت لە سروشتدا، حەزیشم لە رۆیشتنی بەیانیانە وەكوو بەشێكی رۆتینی ژیانم.
لەبارەی ئارەزووە نوێیەكانیشیەوە، دەڵێ: زۆر حەزم لە فاوەیە، ئێستە چوومەتە نێو هونەری دروستكردنیشیەوە، دەمەوێ بە شیر دیزایینی جوانی تێدا بكەم.
هەرچەندە وەرزی ڕابردوو تووشی پێكان بووە، بەڵام گەڕایەوە و ئێستە هیوای زیاترە و ئامانجی گەورەترە، دەڵێ: دەمەوێ لەگەڵ ئارسناڵ و ئینگلتەرادا، هەموو ناسناوەكان ببەمەوە.
ساكا باوەڕی بەوەیە كە ئەو كەسەی پێش چەند ساڵێك لێرە بوو، ئێستە هەمان ئەو كەسە نییە، پێگەیشتووم، ئەزموون و فشارەكان، هەمووی منیان كردووەتە یاریزانێكی جیاواز.
سەرەڕای پێگەیشتنی، ساكا لەنێو ژووری جلگۆڕین دەمبەخەندەیە و دەڵێ” پێكەنین و چێژوەرگرتن، دوو گرنگترین شتن بۆ من، ئەم یارییە پێویستە ئاسوودەییت پێ ببەخشێ.

