رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ عێراق لەپێناو مۆندیال شەڕی مان و نەمان دەكات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

هەڵبژاردەی عێراق بە راهێنەرایەتی گراهام ئارنۆڵد دەیەوێت بەربەستی ئیمارات ببڕێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی پاشكۆی مۆندیالی 2026، لەم یارییە عێراق تواناكانی عەلی حەمادی لەدەستداوە و بۆ شوێنی ئەو هێرشبەرێكی دیكەی عێراقی كە لە خولی پلەیەكی سویدی یاری دەكات بانگهێشتی كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق لەنێو خاكی بەسرە میوانداریی ئیمارات دەكات، براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی پاشكۆی مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی چوون لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیمارات كەوتە داوی یەكسانبوون، چارەنووسی ئەم دوو هەڵبژاردەیە ئەمڕۆ لە یاریگەی بەسرە یەكلایی دەبێتەوە.
لە یاریی رابردوو هەڵبژاردەی ئیمارات لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی عێراقی كرد، لە دەستپێكی یارییەكە بە دیاریكراوی لە خولەكی 10 عەلی حەمادی بە ئەسیستی ئاكام هاشم گۆڵی پێشكەوتنی عێراقی تۆمار كرد، خۆشییەكانی شێرەكانی رافیدەین زۆری نەبرد، كاتێك لوانزینهۆی بەڕەسەن بەرازیلی گۆڵی بەرامبەربوونی ئیماراتی تۆمار كرد و یارییەكەش تا كۆتایی بە یەكسانبوون بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
لە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، شەش هەڵبژاردە لە کیشوەرە جیاوازەکان دەگەنە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیال، هەڵبژاردەیەک لە ئاسیا، دوو هەڵبژاردەی کۆنکاکاف، هەڵبژاردەیەکی ئەفریقا، هەڵبژاردەیەکی ئۆقیانووسیا و هەڵبژاردەیەکی کۆنمیبۆڵ لە قۆناخی پاشکۆ ئەو دوو بلیتە یەکلایی دەکەنەوە کە دەگەنە مۆندیالی 2026. رۆژی چوارشەممەی داهاتوو فیفا یارییەكانی قۆناغی پاشكۆی مۆندیال یەكلایی دەكرێتەوە و سەرجەم یارییەكانیش لە مەكسیك دەكرێن، ئەگەر عێراق سەربكەوێت دەبێت دوو یاریی دیكە بكات، بەرامبەر نوێنەرێكی ئەمریكای باكوور كە پێشبینی دەكرێت جامایكا بێت، یارییەكەی دیكەی عێراقیش بەرامبەر كۆنگۆی نوێنەری ئەفریقیای باشوور دەبێت.