رۆژنامەی ھەولێر

بە فەرمی وڵاتی میوانداریی یۆرۆی 2028 دەستنیشان كرا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یۆرۆی 2028 لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و نۆ یاریگە لە هەشت شار میوانداریی پاڵەوانییەتییەكە دەكەن، یاریی كردنەوە لە وێڵز دەبێت و یاریی كۆتاییش لە یاریگەی وێمبڵی بەڕێوەدەچێت و سیستەمی بەڕێوەچوونی پاڵەوانییەتییەكەش هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەكراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پەڕاوی هەر چوار وڵاتی ئینگلاند و وێڵز و سكۆتلاندا و ئێرلەندای قبووڵ كرد و میوانداریی یۆرۆی 2028 دەكەن، هەشت شاری جیاوازی بەریتانیا میوانداریی یارییەكانی یۆرۆی 2028 دەكەن و یارییەكانیش لە نۆ یاریگەی هەشت شاری جیاواز بەڕێوەدەچێت.
بۆ زیاتر دابەشكردنی هەڵبژاردەكان و بازاڕكردن بۆ شار و یاریگەكان هەر یاریگەیەك یاریی دوو كۆمەڵەی جیاوازی لێ بەڕێوەدەچێت.
یاریگەی دبلن لە ئێرلەندا و یاریگەی نیشتمانی وێڵز و هامپدن پاركیش لە سكۆتلاندا هاوشانی یاریگەی سانت جەیمس پاركی نیوكاسڵ، ئیتیحاد ستەدیۆمی مان سیتی، هێل دیكنسنی ئێڤەرتۆن و ڤێلا پاركی ئاستۆن ڤێلا و هەردوو یاریگەی وایت هارت لینی تۆتێنهام و وێمبڵی ستادیۆم لە لەندەن میوانداریی سەرجەم یارییەكانی یۆرۆی 2028 دەكەن.
یاریگەی نیشتمانی وێڵز لە رۆژی نۆی مانگی شەشی ساڵی 2028 میوانداری یاریی كردنەوەی پاڵەوانییەتییەكە لە كۆمەڵەی یەكەم دەكات، قۆناخی شازدە جگە لە وێمبڵی ستادیۆم هەر یارییەكی لە یاریگەیەكی دیكە بەڕێوەدەچێت، قۆناخی چارەكی كۆتاییش كە چوار یارییە لە هەر چوار یاریگەی كاردێف سیتی و دوبلن و گلاسكۆ و وێمبڵی بەڕێوەدەچێت.
بۆ یەكسانی لە نێوان هەڵبژاردە و شارەكان ئەو هەڵبژاردانەی لە قۆناخی شازدە سەركەوتن بەدەست دەهێنن لە شارێكی دیكە یارییەكانی قۆناخی چارەكی كۆتایی د.ەكەن، هەردوو یارییە پێشكۆتاییەكەی یۆرۆی 2028 لە یاریگەی وێمبڵی لە رۆژانی چوار و پێنجی مانگی حەوتی ساڵی 2028 بەڕێوەدەچێت.
یاریی كۆتایی یۆرۆی 2028 لە رۆژی نۆی مانگی حەوت لە یاریگەی وێمبڵی بەڕێوەدەچێت، لەبارەی سیستەمی پاڵەوانییەتییەكە هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە و هاوشێوەی یۆرۆی 2016 بەردەوامە و 24 هەڵبژاردە دابەشدەكرێنە سەر شەش كۆمەڵە و یەكەم و دووەمی هەر كۆمەڵەیەك و باشترین چوار پلەی سێیەمیش دەگەنە قۆناخی شازدە.