ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بارسێلۆنا دوای 899 رۆژ گەڕایەوە یاریگای کامپ نوو، لە لایەكی دیكەیشەوە هەڵبژاردەكانی پۆرتوگال و ئیسپانیا لیستی یاریزانەكانی بۆ دوو یارییە چارەنووسسازەكە لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال راگەیاند، كریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێكی دیكە سەركردایەتی پۆرتوگال دەكات.
جەنگاوەرەكانی كەتەلۆنیا گەڕانەوە یاریگە تۆقێنەرەكە
یاریزانانی بلاوگرانا بۆیەکەمجار گەڕانەوە یاریگایەکەیان و لە کامپ نوو بە ئامادەبوونی نزیکەی 23 هەزار هاندەر مەشق و راهێنانیان کرد.
یاریزانانی بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک خۆیان بۆ یاریی سێلتاڤیگۆ ئامادە دەکەن، کە رۆژی یەکشەممە بارسا لە گەڕی دوازدەمی خولەکە دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ.
بارسێلۆنا لەوەتەی ساڵی 2023 لە کامپ نوو دوورە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ بارسێلۆنا گەڕایەوە یاریگایەکەی و یاریزانانی یانەکە بەمبۆنەیەوە وێنەیەکی بەکۆمەڵیان گرت.
لامین یامال و هاوڕێیەکانی رۆژێکی نوێ و تایبەتیان بەڕێکرد، چونکە دەمێک بوو یاریزانان و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد بگەڕێنەوە ماڵەکەیان. گەرچی هێشتا کارکردن لە یاریگایەکە بەردەوامە و نۆژەنکردنەوەی بەشێکی یاریگایەکە تەواو نەبووە، بەڵام وابڕیارە رۆژی 22ـی ئەم مانگە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یان رۆژی 29ـی ئەم مانگە بەرامبەر ئالاڤێس یەکەم یاریی لە کامپ نوو بکرێت و بەفەرمی یاریگایەکە بکرێتەوە.
خوان لاپۆرتا لە کاتی کردنەوەی یاریگایەکە بە رووی هاندەران گوتی: هیوادارم کاتێک یاریگایەکەمان تەواو ئامادە بوو، بتوانین بە ئامادەبوونی 100 هەزار هاندەر لەم یاریگایە رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ لیۆنێل مێسی رێکبخەین.
كریستیانۆ دیسان سەركردایەتی پۆرتوگال دەكات
لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، بۆ دوو یاری داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بڵاوکرایەوە، جارێكی دیكە كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەركردایەتی هێڵی پێشەوەی هەڵبژاردەكە دەكات.
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەی راگەیاند کە پێک دێت لە 26 یاریزان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکە، سەرکردایەتی لیستەکە دەکات. هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ لە دوو گەڕی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کۆماری ئایرلەندا و ئەرمینیا دەبێتەوە.
پۆرتوگاڵ بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپای گرتووە و لە دوو یاری داهاتووش، پێویستیان بە تەنها دوو خاڵ هەیە، بۆ ئەوەی بە فەرمی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر بکەن.
كریستیانۆ هەرگیز بیر لە بردنەوەی مۆندیال ناكاتەوە؟
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، لەبارەی لێدوانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە دەڵێت هەرگیز بیر لە بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیال ناکاتەوە دەڵێت، دۆن ئەفسانەیە و کەسێکی نمونەیە.
راهێنەرە ئیسپانییەكەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەشڵێت: کریستیانۆ یاریزانێکی باوەڕپێنەکراوە، هیچ یاریزانێکی دیکە نییە کە زیاتر لە 200 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمار کرد بێت. بۆیە پێموایە هەموومان دەتوانین خولیای ئەو ببینین و تێبگەین کە درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ ئەو مانای چییە. ئەو نمونەیە و هێز و وزەیەكی زۆرباشی هەیە و دڵنیام بە هەموو هێزەوە بیر لە بردنەوەی مۆندیال دەكات و هەوڵیشی بۆ دەدات، گەورەترین خەونی هەموو یاریزانێك بردنەوەی مۆندیالە، خەون، واتە ناسناوی مۆندیال. ئێستا هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر ئەوەیە، لە یارییەکانی داهاتوو بتوانین بلیتی مۆندیال مسۆگەر بکەین، هەندێکجار پێویستە سەیری رابردوو بکەینەوە، ئەگەر سەیری بیست خولەکی کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر هەنگاری بکەینەوە، پێمان دەڵێت کە وانەیەکی باشی پێداوین بۆ داهاتوو.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی ئاریلەندا، دوای سێ رۆژ بەسەر ئەم یارییە، پۆرتوگال لە نێو خاكی وڵاتەكەی رووبەڕووی ئارمینیا دەبێتەوە، پۆرتوگال بە رێژەیەكی زۆر سەركەوتنی بە پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەی بۆ مۆندیال مسۆگەر كردووە، بەوپێیەی بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لوتكەی كۆمەڵەكەی گرتووە و بە جیاوازی 5 خاڵ لە هەڵبژاردەی هەنگاریای دووەم دوورە.
دی لا فوینتی باسی شەڕەكەی كارڤاخاڵ و لامین یامال دەكات
لویس دی لا فوینتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێش یاریی داهاتوویان بەرامبەر جۆرجیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕەكەی نێوان كارڤاخاڵ و لامین یامال دەربڕی كە لە دوای یاریی كلاسیكۆ ئەم دووانە تووشی بەریەككەوتن هاتن.
لویس دی لا فوینتێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یاریی نێوان كلەب برووج و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ ئامادە بوو، لەمبارەیەوە گوتی: لامین یامال بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر جۆرجیا ئامادەیە، بە تەواوەتی لە دۆخی ئەو یاریزانە تێدەگەم، هەوڵدەدەم باشترین یاریزانەكان بۆ ئەم دوو یارییە چارەنووسسازە ئامادە بكەم.
دی لا فوینتێ هەرچەندە هەوڵی دا خۆی لە پرسیارەكانی پەیوەست بە گرژییەكانی نێوان لامین و كارڤاخاڵ بپارێزێت، بەڵام نەیتوانی بە تەواوەتی خۆی لەو رووداوە بەدوور بگرێت، لەمبارەیەوە گوتی: كەشی ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی ئیسپانیا زۆر ئارامە، پێویستە هەمووان ئەو ئارامیە بپارێزن، نابێت هیچ كەسێك ببێتە هۆكاری ئەو یەكگرتووییەی لەنێو یاریزانەكان دا هەیە، دڵخۆشم كە یاریزانەكان رێگەیان نەداوە هیچ درزێك بكەوێتە نێوان پەیوەندییەكانی ژووری جلگۆڕین.
دی لا فوینتێ گوتیشی: هیچ كێشەیەك لە نێوان لامین یامال و كارڤاخاڵ هەست پێ ناكەم، بینیمان لامین دوای گۆڵەكەی بەرامبەر كرواتیا خۆی خستە نێو باوەشی كارڤاخاڵ، بۆیە پێویست ناكات هیچ لەسەر ئەم بابەتە بكرێـت.
راهێنەری ماتادۆرەكان لەبارەی هانزی فلیك رایگەیاند تا ئێستا قسەی لەگەڵ فلیك نەكردووە، دەشڵێت: لە ئێستادا پێویست ناكات قسە لەگەڵ فلیك بكەم، بەڵام لە داهاتووی پەیوەندی پێوە دەكەم.
دی لا فوینتێ خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی پابلۆ فۆرناڵز بۆ پێکهاتەی تیپەکە دەربڕی و ڕوونیکردەوە: دڵخۆشم بۆ پابلۆ، ئەو ئاستێکی ناوازەی لەگەڵ ڕیاڵ بێتیس پێشکەش کردووە، سەرەڕای پێكانەكەی پێشووی، بەڵام ئێستا چاك بووەتەوە و پێموا نییە هیچ كێشەیەكی هەبێت.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی جۆرجیا، ئیسپانیا بە بردنەوە لەو یارییە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال بە مەرجێك توركیا یارییەكەی خۆی لە بوڵگاریا نەباتەوە.
ئیسپانیا لە دووەمین یاریی پاڵاوتنەكانی لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە یاریگەی لارۆخا لە شاری سێڤییا میوانداریی هەڵبژاردەی توركیا دەكات، ئیسپانیا لە ئستادا بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ پێشەنگی كۆمەڵەكەی گرتووە و بە جیاوازی 3 خاڵ لە پێش توركیای دووەم دێت.
لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی ئیسپانیا
گۆڵپارێزەکان: ئونای سیمۆن (ئاتڵێتیك بلباو)، دەیڤد ڕایا (ئارسێناڵ)، ئەلێکس ڕێمیرۆ (ریال سۆسیداد).
بەرگریكاران: ئیمریك لاپۆرتێ و مارک ڤیڤین فۆی (ئاتڵێتیك بلباو)، مارکۆس لۆرێنتی (ئاتڵێتیكۆ مەدرید)، دین هاوسن (ریال مەدرید)، کۆپارسی (بارسێلۆنا)، پێدرۆ پۆرۆ (تۆتێنهام)، مارک کوکورێلا (چێڵسی)، ئەلیخاندرۆ گریمالدۆ (بایر لیڤەرکوزن).
ناوەڕاستكاران: فابیان ڕویز (پاریس سانجێرمان)، مارتن زوبیمێندی، میکێل مێرینۆ (ئارسێناڵ)، ئەلێکس گارسیا (بایر لیڤەرکوزن)، پابلۆ باریۆس، ئەلێکس باینا (ئاتڵێتیكۆ مەدرید)، پابلۆ فۆڕناڵز (ریال بێتیس).
هێرشبەر: لامین یامال (بارسێلۆنا)، میکێل ئۆیارزاباڵ (ریال سۆسیداد)، یێرمی پیناوڵت (کریستاڵ پاڵاس)، فێرمین لۆپێز، دانی ئۆلمۆ و فێران تۆرێس (بارسێلۆنا)، سامو ئۆمۆرۆدین (پۆرتۆ)، بۆرخا ئیگلیسیاس (سێلتا ڤیگۆ).

