مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە درێژەی گەیاندنی دەستی خزمەت و هاوكارییەكانی بۆ كەرتی وەرزشی كوردستان، بڕیاری دا یاریگەی شەقڵاوە نوێ بكرێتەوە.
فەرهاد خەیات سەرۆكی پێشووی یانەی شەقڵاوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند حیزبەكەی پلانێكی ورد و گەورەی هەیە بۆ كەیسی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان، دەشڵێت: بەناوی خەڵكی شەقڵاوە و دەوروبەری سوپاسی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی دەكەین كە بڕیاری داوە یاریگەی یانەی شەقڵاوە نۆژەن بكرێتەوە.
لە ئاهەنگ و كەرنەڤاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەقڵاوە، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، لە وتارەكەیدا، ئاماژەی بەوە دا، كە دەزانێ خەڵك و وەرزشوانانی شەقڵاوە، پێویستیان بەوەیە یاریگەكەیان بۆ نوێ بكرێتەوە، “بۆیە لە داهاتوویەكی نزیكدا یاریگەكەتان بۆ نوێ دەكەینەوە”.
فەرهاد خەیات، بەربژێری ژمارە 24 لە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەی هەولێر رایگەیاند پرۆپۆزەلێكی هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق بەرگری لە ماف و شایستە داراییەكانی یانەكانی كوردستان بكات.
فەرهاد خەیات بە هەولێری گوت: پرۆژەیەكی تێروتەسەلم ئامادە كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر چوومە پەرلەمانی عێراق، بتوانم لە لێژنەی وەرزشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەندییەكی بەهێزی وەرزشی بۆ هەرێمی كوردستان بڕەخسێنم، جگە لەوەش پلانم بۆ پێشخستنی تیپی خانمانی ئافرەتان هەیە لە سەرجەم وەرزشە جیاوازەكان.
وەرزشی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووژانەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، چەند ڕۆژێ پێش ئێستەش، مەسرور بارزانی بڕیاری دا هاوكاریی یانەی نەورۆز بكا، كە بووەتە قوربانی ململانێی سیاسیی نێوان چەند كەسێك لە سلێمانی.
رۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، 2/11/2025، مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی نووسینگەی تایبەتیی خۆیەوەو بڕی 450 ملیۆن دیناری وەكوو هاوكاری بە یانەی نەورۆز بەخشی.
كارگێڕ و هاندەران و یاریزانانی یانەی نەورۆز و پەیج و سۆشیاڵ مێدیاكانی نزیك لەو یانەیە، سوپاسی مەسرور بارزانییان كرد، بۆ ئەو هاوكارییە و فریاكەوتنی یانەكە، كە لە سەختترین كاتیدا بوو و یانەكە لە لێواری كەوتن و داڕماندا بوو.
ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمی كوردستانە، تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان جار دووپاتی كردووەتەوە، وەكوو یەك هاوكاریی سەرجەم وەرزش و یانەكانی كوردستان دەكا و ئەمجارەش كە یانەی نەورۆز لە دۆخێكی سەختی داراییدا بوو، سەرۆكی حكوومەت قسەكەی كرد بە كردار و هاوكارییەكانی گەیاندنە یانەی نەورۆزی سلێمانی.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بڕیاردراوە لە سنووری پارێزگاری هەولێر 26 یاریگە نۆژەن بكرێتەوە، لە نێویاندا یاریگەیەكی گەورەی 11 یاریزانی بۆ هەریر دروست دەكرێت، جگە لەوەش لە ماوەكانی رابردوو یاریگەكانی زاخۆ، دهۆك و هەولێر نۆژەنكراوەتەوە، یاریگەیەكی نوێش لە ئاكرێ دروست كرا، هاوكات یاریگەكانی شێخان، بەردەڕەش و شیلادزێ نۆژەن كرانەوە.

