رۆژنامەی ھەولێر

وەرزشوانانی کوردستان پاڵپشتی لە لیستی 275ـی پارتی دیموکـــــــــــراتی کوردستان دەکەن

بارزان ئەكرەم – هەولێر

 

وەرزشوانانی کوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دووپاتدەکەنەوە، ئەوان باس لەم هۆکارانە دەکەن، کە وایکردووە دەنگ بەو پارتە بدرێت، پێیانوایە بەهۆی خزمەتی زۆری لەبواری پێشخستنی کەرتی وەرزش و ئەنجامە گەورەکانی لە بەدەستهێنانی نازناوەکان شایستەی ئەوەیە دەنگ و متمانەی وەرزشوانانی پێبدرێت.

“با بەئیرادە و یەکڕیزیەوە بەرەوپێشەوە بچین”
زوبێر بابان ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر، متمانەی خۆی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتکردەوە و بە رۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند و گوتی: “پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهەموو توانایەکی خۆی پاڵپشتی وەرزشوانانی کردووە، لە هەرشوێنێک وەرزشوانان و لاوان پێویستیان بە یاریگابووبێت، کابینەی نۆیم بەخێرایی گەیشتووەتە شوێنەکە و یاریگای بۆ دوستکردوون”.
زوبێر دەشڵێت: پێویستە دەنگ بە پارتی بدەین، چونکە زامنی یەکڕیزی و بەرەوپێشچوونە، پارێزەری دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە، بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستە پارتی بە بەهێزەوە لە بەغدابێت و وەک هەمیشە بە بەهێزی بمێنێتەوە.

“پاڵپشتییەکانی حکومەت هۆکاری سەرکەوتنەکانی ئێمەیە”
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک، لەسەر پرسی هەڵبژاردن و لیستی 275 پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پێویستە گەنجان و وەرزشوانانی کوردستان دەنگ بەو لیستە بدەن، چونکە دهاتووی گەنجان و وەرزشوانان لە دیدی سەرۆکی حکومەت دەبینرێت، ئەو پاڵپشتیانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هۆکاری ئەنجامە باشەکانی دهۆک و یانەکانی کوردستانن، من دڵنیام لەگەڵ بەهێزی پارتی گرەنتی ئەوەت هەیە لە داهاتوو کەرتی وەرزش و بوارەکانی دیکەی ژیان پێشبکەون، کە لەبنەڕەتدا ئارامی ئاسایشی کوردستان، هێمایەکی بەهێزە بۆ بەرەوەپێشبردنی بوراەکانی ژیان لە کوردساتن.
سەرۆکی یانەی دهۆک ئەوەشی خستەروو، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و وەرزشوانان، تەنیا پارتی جێگەی باوەڕ و متمانەی وەرزشوانان و گەنجانە، بۆ ئەوەی بە مافەکانمان بگەین دەبێت دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی لیستی 275 بدەین، ئەوان شایستەی پاڵپشتین.

“ئایندەی گەنجانی کوردستان لەگەڵ پارتیە”
ئەحمەد شوکر، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی کوردستان، هۆکاری دەنگدان بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو دەڵێت: ‘هیچ حزب و لایەنێک وەک پارتی شایستە نییە کە دەنگی پێبدەی، پارتی تاکە حزبە کە شایستەیە وەرزشوانن دەنگی پێبدەن، چونکە ئەو پاڵپشتی و خزمەتەی ئەم پارتە بۆ وەرزشوانان کردوویەتی لەهیچ ناوچەیەکی کوردستان و عێراق نەکراوە، ئەوەتا نۆژەنکردنەوەی یاریگای هەولێر بە نمونە، کە نزیکەی ملیارێک و هەشت سەد ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە، بەڵگەیە کە ئەو حکومەتە چەندە خەمی وەرزش و وەرزشونانی کوردستانی بووە’.
یاریزانەکەی پێشووی هەولێر: ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە بەڕاستی پاڵپشتی سەرۆکوەزیران بەشێوەی راستەوخۆ لە وەرزشوانان، کاردانەوەی بەسەر ئەنجام و دەستکەوتەکانی وەرزشی کوردستانەوە هەبووە، کەواتە ئەو لیستەی خاوەنی ئەو سەرۆکوەزیرانە بێت بە دڵنیاییەوە شایستەی ئەوەیە دەنگی پێبدەیت و پاڵپشتی بکەیت بۆ ئەوەی ئەو خزمەتکردنەی وەرزش بەردەوام بێت.
“پارتی پارێزەری دەستکەوتەکانی کوردستانە”
جەلال سەعید ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، لەبارەی گرنگی بابەتی پاڵپشتی و دەنگدان بە پارتی بۆ رۆژنامەی هەولێر وتی:”بەهۆی پارتییەوە شکۆ و هێزی کوردستان پارێزراوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شکۆ و بوونی نەتەوەی کورد بکەین دەبێت دەنگ بە پارتی و لیستەکەی بدەین”.
جەلال، هۆکارێک دیکەی بۆ دەنگدان بە لیستی 275 باسکرد و گوتی:” بوونی کەشێکی ئارام و ژێرخانێکی جوانی وەرزشی لە یاریگاکان و نێو هاندەرانی کوردستان، بووەتە هەوێنی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کوردستان بکەن، سەیری ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بکەن دەبینن ساڵانە چ خەڵكێک ڕوو لەو ناوچانە دەکەن، کە دڵنیام پارتی بەرنامە و پڕۆگرامی زیاتری هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و وەرزش لە کوردستان”.

“ئێمە لەگەڵ لیستی 275ـین”
محەممەد خۆشناو یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر رایگەیاند، کە بەهۆی ئەو خزمەت و پاڵپشتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەرزشوانانی دەکات، دەنگی پێدەدەین و پاڵپشتی تەواوی سەرخستنی لیستی 275 دەکەین، داواشدەکات هەمووان دەنگ بەو لیستە بدەن.
خۆشناو، پێیوایە ئەگەر بەراوردی دۆخی ئارامی و جوانی کوردستان و ڕێگا و بانەکانی کوردستان بکەی لەگەڵ ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی دەسەڵات پارتین، ئەوا بە ڕوونی بۆت دەردەکەوێت، کە کێ؟ شایستە و قابیلی دەنگپێدانە، بۆیە ئێمە دەنگی پێدەدەین.