رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر لەسەر ئاستی عێراق ئارامتـــــرین شوێنە بۆ ماراسۆنی نێودەوڵەتی

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە دوای ئازادكردنی هەرێمی كوردستان لەژێر چنگی رژێمی پێشووی عێراق، هەولێر بۆ فێستیڤاڵ و چالاكییە وەرزشییەكان بووەتە ئارامترین و پێشكەوتووترین و شوێن لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، ساڵانە لە هەولێری پایتەخت گەورەترین ماراسۆن لەسەر ئاستی نێوخۆ و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەڕێوە دەچێت.

دوازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداریی هەزاران راكەر و وەرزشكاری نێوخۆ و دەرەوە لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، دەیان وەرزشكاری نێوخۆ و دەرەوە خەڵات كران و بوونە براوەی ئاستە جیاوازەكان.
ماراسۆنی 42 كیلۆمەتر كە بە ماراسۆنی ماوە درێژ ناسراوە، بە ستانداردێكی جیهانی بەڕێوە چوو كە تێیدا تەنیا ئەو كەسانە بەشدارییان كرد كە وەرزشكاری راستەقینەن و ئەزموونی ماراسۆنیان هەیە كە ژمارەیان نزیكەی 400 ركابەر و وەرزشكاربوون.
لە ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری چەندان وەرزشكاری ناسراو لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە بەشدارییان كرد و چوار جار بە دەوری شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر سووڕانەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە ماراسۆنی 12 كیلۆمەتری بەڕێوە چوو كە تێیدا سووڕانەوە بوو بۆ یەكجار بە دەوری شەقامی 60 مەتری، لە هەمان كاتدا مارسۆنی 2 كیلۆمەتری دەستی پێكردووە كە زیاتر ماراسۆنێكە بۆ منداڵان و خێزانەكان.

براوەكانی بۆ ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری
لە ئاستی پیاوان بۆ ماراسۆنی 42 كیلۆمەتر كە بە ماراسۆنی ماوە درێژ ناسراوە، هێنری هارت، وەرزشكاری بەریتانیا لە ماوەی دوو كاتژمێر و سی خولەك، چوار جار بە دەوری شەقامی 60 مەتری هەولێر سووڕایەوە و پلەی یەكەمی ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری هەولێری بەدەستهێنا.
محەمەد جەعفەر، وەرزشكاری رۆژهەڵاتی كوردستانە لەگەڵ جۆری كینزی هۆڵەندی پلەكانی دووەم و سێیەمی ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری هەولێریان بەدەستهێنا.
پلەكانی چوارەم تا شەشەم پێكهاتبوون لە (جۆنسی بەریتانی، حەمید مەهدەوی ئێرانی، ویل مارشالی بەریتانی و عەبدوڵڵا سامری عێراقی).
رێڤین مەحموود، وەرزشكارێكی دیاری گۆڕەپان و مەیدانی كوردستانە، وەكو كوردێك پلەی شەشەمی لە ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری بەدەستهێنا و خەڵاتێكی تایبەتی پێبەخشرا.
لەسەر ئاستی خانمان، میهرزاد نەجار، وەرزشكارێكی ئێرانییە و پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی ماراسۆنی 42 كیلۆمەتری بەدەستهێنا كە تێیدا بە كەمترین ماوە چوارجار بە دەوری شەقامی 60 مەتری هەولێر سووڕایەوە.

براوەكانی ماراسۆنی 12 كیلۆمەتری
لەسەر ئاستی پیاوان بۆ ماراسۆنی 12 كیلۆمەتری، یەحیا ئیبراهیم گەنجێكی مووسڵە پلەی یەكەمی بردەوە. حەسەن عەزیزی ئێرانی و عەقیل یابری عێراقی پلەكانی دووەم و سێیەمی ماراسۆنی 12 كیلۆمەتری هەولێریان بەدەستهێنا و ساسان رۆژان و ئەیمەن نەعمان پلەكانی چوارەم و پێنجەم هاتن.
لەسەر ئاستی خانمانیش سێ كچە كورد كە لە رۆژهەڵاتی ئێران و لە شارەكانی ئاكرێ و كەركووك بەشدارییان كرد بوو پلەكانی یەكەم و دووەمی و سێیەمی ماراسۆنی 12 كیلۆمەتریان بردەوە.
بوشرا رەئووف وەرزشكارێكی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە پلەی یەكەمی بردەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە رەنا بەرەكات لە شارۆچكەی ئاكرێ و ئامال خدر پلەكانی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.