رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، ڕێزلێنانى پێشکەش بە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزان و خۆبەخشانی شاری هەولێر کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.10.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە ژمارەیەک یاریزانى لەش جوانی و تۆپى پێ و بالەى كچان و خۆبەخشان کرد، کە یاریزانان لە سەر ئاستى عێراق و جیهان بەشدارى پاڵەوانیەتىەكانیان كردووە و دەستکەوت و پلەى بەرزیان بەدەستهێناوە و خۆبەخشانیش لەكاری مرۆیی بەشداربوونە، لە ڕێورەسمێكدا پارێزگاری هەولێر ڕێزلێنانی پارێزگای پێشكەش كردن.

كە بریتی بوون لە 16 پاڵەوانی لەش جوانی کە لە چەندین خوڵ و پاڵەوانیەتی پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمیان لەسەر ئاستی جیهان و عێراق بە دەست هێناوە، یاریزانانی یانەی ئەكاد، كە لە پاڵەوانیەتی عێراق بۆ یاری بالەی کچان پەلەی دووەمیان لەسەر ئاستی عێراق بە دەست هێناوە، هەروەها تیپی تۆپی منتۆنی کوڕانی یانەكە، كە لە پاڵەوانیەتی عێراق پەلەی یەکەم و سێیەمیان بە دەست هێناوە لەسەر ئاستی عێراق، 31 یاریزانانی دیكەی ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر، كە ئەوانیش پەلەی یەکەمیان لە خۆڵی تۆپی پێی بەڕێوەبەرایەتیەكە بەدەستهێناوە، و 7 یاریزانی یانەی ئارات لەسەرئاستی تازە پێگەیشتووان لە پاڵەوانیەتی تایكواندۆی عێراق پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە و یاریزانی یانەی وەرزشی زانکۆی جیهان لە پاڵەوانیەتی بەرز کردنی قورسایی کچان پەلەی یەکەم‌ بە دەست هێناوە و ، لەگەڵ 31 خۆبەخشی ڕێکخراوی تەندروستی ناشتنی.

لە رێورەسمەكەدا، كەهەریەك لە بەڕێوەبەری لاوان، بەڕێوەبەری وەرزش، بەڕێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا، ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی، دەستخۆشیان لێیان کرد بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوت و نازناوى گەورە بۆ هەولێر، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بەو ئاستە بەرزەیان نیشانداو گوتی، پێتانەوە سەربەرزین و ئومێدى سەرکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین و هیوادارین هەمیشە ئەنجامى باش و نازناوى پاڵەوانێتی دیکەى بەدەستدەهێنن، هاوکات دەستخۆشى لە خۆبەخشان کرد و جەختى لەوەکردەوە ئەوەى لە توانادابێت پشتیوان و هاوکاریان دەبێت و ئومێدى خواست بەهەمان روحیەتەوە بەردەوامبن و نمونەیان زۆر بێت لە کارى خۆبەخشى کە کارێکى مرۆیی مەزنە و دەرەفەتى ئەنجامدانى بۆ هەموو کەسێک ناڕەخسێت.