مامەیارە ئەحمەد
كاتژمێر 06:15ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە چوارچێوەی گەڕی دەیەمی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپتنیا، یاریی نێوان هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، كە ناسراوە بە كلاسیكۆ بەڕێوە دەچێ.
بەهۆی ئەوەی هەردوو یانە لە سەرتاسەری جیهاندا، خاوەن هاندەرێكی بێشوومارن، بۆیە زۆربەی زۆری چاوەكان لەسەر یاریی ئەمڕۆی كلاسیكۆ دەبێ، كە یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو راهێنەر هانز فلیكی راهێنەری بەرشلۆنە و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید.
ئێستە ڕكەبەرییەكی سەرسەخت لەنێوان هەردوو یانەدا هەیە، ریاڵ مەدرید بە 24 خاڵ پێشەنگە و بەرشلۆنە بە 22 خاڵ لە پلەی دووەمە.
ڕووبەڕووبوونەوەكە تەنیا لەنێوان ئەستێرەكانی یانەكەدا كورت ناكرێتەوە، بەڵكوو دەگاتە مەشق و بنكەی ڕاهێنانیش، كە هەریەك لە هانز فلیك و چابی ئەلۆنسۆ، هەوڵی ئەوە دەدەن سەركەوتن بكەنە بەشی خۆیان و جێپەنجەی خۆیان لە كلاسیكۆ جێ بهێڵن.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی باسی لەوە كردووە، كە كلاسیكۆ پڕبینەرترین یاریی ئەورووپایە و ڕەنگە جیهانیش، كاتی یارییەكە، ئەو كاتەیە كە ملیۆنان كەس لە سەرتاسەری جیهان چاوەڕوانی دەكەن.
لە رووی یاریزانانیشەوە، ڕكەبەر و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەكە، بابەتێكی ئاسایی نییە، بەڵكوو ئەوپەڕی توانا و هێز و وزە وتەكنیكی خۆیان دەخەنە گەڕ.راهێنەران، هەریەكە و هەوڵی ئەوە دەدەن كە پلانێكی ورد و پێكهاتەیەكی گونجاو دابنێن و خوێندەوەی باش بۆ یارییەكە بكا و باش گۆڕانكارییەكان بكەن و پارێزگاری لە ئارامی بكەن لە كاتی رووداوێكدا، دۆخێكی دەروونیی گونجاو بۆ یاریزانان دەستەبەر بكەن و دڵنیایی و متمانەیان پێ بدەن.
لەو جۆرە یارییانەدا، فاكتەری یاریگە و زەوی، زۆر جار یەكلاكەرەوە نابێ، چونكە هەردوو یانە، لە فشاری زۆری هاندەران راهاتوون و ئەنجامەكە بە گیانی ڕكەبەریی تاك و بەكۆمەڵ، یەكلا دەكەنەوە، دەشتوانن جڵەوی ڕیتمی یارییەكە بگرنە دەست و خۆیان لە هەڵە و كەموكورتی بە دوور بگرن.
تۆپی پێی ئێستە و سەردەم، پشت بە چەند تەكنیكێك دەبەستێ، خێرایی لە پاسدان، بڕیاری ورد و بەهرەی تاكەكەسی و یاریی بەكۆمەڵ. دیقەتدان لە كۆتاییهێنانی هێرشەكان و هێرشی خێرا بكەن. لەم جۆرە یارییانەدا، نهێنیی سەركەوتن دەكەوێتە سەر دابەشكردنی تۆپ و كۆشش و جڵەوگرتنی ڕیتمی یاری بێ لەدەستدانی هاوسەنگی بەكۆمەڵ، چونكە پێویستە تۆپەكە خێراترین یاریزان بە زیرەك و وردییەوە بجووڵێنێ.
ئێستە هەردوو یانە، لە هەوڵدان یارییەكەی ئەمڕۆ زۆر بە باشی كۆتایی پێ بهێنن، ئەوەش لەماوەی یارییەكە دەكرێ بە تۆپدانی ورد، هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ، خێرایی لە پاسدان، دروستكردنی هێرش بە زیرەكی و هێرشكردن بە داهێنانەوە، ئەو تیپەی ئەو كارانە بكا، ئەگەری بردنەوەی زیاترە.
لەو جۆرە یارییانەدا، تۆپەكان یەكلا دەبنەوە لە لای یاریزانی وەكوو لامین یامال، پێدری، ڕاشفۆرد، ئمباپێ، ڤینیسیۆس، تەنانەت ئەگەر كۆنتڕۆڵی یاریگەشیان نەكردبێ و تۆپ بگاتە ئەو یاریزانانە، ئەگەری هەیە یارییەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن.

