ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی رەزامەندی دا لەسەر بەڕێوەچوونی یاریی هەولێر و شورتە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری، هاوكات بلیتی چوونەژوورەوەی هاندەرانیش بۆ یاریگە كرایە خۆڕایی.
دوای ئەوەی لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە گوژمەی ملیارێك و 800 ملیۆن دینار چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری بگۆڕدرێت و یاریگەكەش نۆژەن بكرێتەوە، لە ماوەی كەمتر لە مانگێك چیمەنی یاریگەكە گۆڕدرا، بەڵام كاركردن بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشەكانی دیكەی یاریگەكە بەردەوام دەبێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە نووسراوی فەرمی یانەكانی هەولێر و شورتەی ئاگادار كردەوە كە یاریی داهاتوویان لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەكرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند بلیتی چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ یاریی هەولێر و شورتە بەخۆڕاییەوە، دەشڵێت: سەرۆكی یانەی هەولێر بۆ دوای یارییەكە خواردنیشی بۆ هاندەران ئامادە كردووە.
یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە راهێنەرایەتی باسم قاسم، چوار یاری كردووە، سێ سەركەوتن و یەكسانبوونێكی هەیە و بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ پلەی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.
لە بەرامبەردا یانەی شورتە، یارییەكی دواخراوی هەیە و بە كۆكردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی دێت، لە دوایین یاریی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا زۆر بە قورسی بەرامبەر ئیتیحادی سعوودیە (4 ـ 1) دۆڕا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، موئمین سەلمان، راهێنەری میسری یانەی شورتە بۆ یارییەكەی رۆژی هەینی بەرامبەر هەولێر لە تواناكانی ئەحمەد یەحیای بەرگری لای چەپی بەهۆی پێكانەوە بێبەش دەبێت.

