رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانێكی ریال مەدرید بڕیاری جێهێشتنی یانەكەی دا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

یاریزانە لاوە بەرازیلییەكە چیتر بەرگەی دانیشتنی لەسەر كورسی یەدەكی ریال مەدرید ناگرێت، بەهۆیەوە دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیلیش تاڕادەیەكی زۆر لەدەستداوە، بۆیە بڕیاری داوە یانەكە جێبهێڵێت و بچێتە یانەیەكی دیكە بۆ ئەوەی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و دەرفەتی بەشداریكردنی مۆندیالی 2026ـی لەگەڵ بەرازیل بۆ برەخسێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئێندریک هێرشبەری لاوی بەڕازیلی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت و بە خواستن رووبکاتە یانەیەکی دیکە، چونکە ئێندریک دەیەوێت پێش مۆندیالی 2026 خولەکی زیاتر یاریی بکات بۆ ئەوەی بانگهێشتی سێلیساو بکرێت.
ئێندریک کە نزیکەی 150 رۆژە لەگەڵ ریال مەدرید پێ بەر تۆپ نەکەوتووە و چابی ئاڵۆنسۆ تاوەکو ئێستا لەم وەرزە یەک خولەکیش یاریی پێنەکردووە، دەیەوێت بە خواستن روو لە یانەیەکی دیکە بکات کە مارسیلیای فەڕەنسی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ ئارەزووی گواستنەوەی هێرشبەرە 19 ساڵانەکە دەکەن.
رۆمانۆ راشیگەیاندووە، ریال مەدرید ئامادەیە بە خواستن لە مێرکاتۆی زستانە دەستبەرداری ئێندریک بێت، چونکە لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تاوەکو ئێستا هەر لەسەر کورسی یەدەک دادەنیشێت.
ئێندریك لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان بەشداریی 37 یاری كردووە، لە زۆربەی یارییەكان وەكو یاریزانی یەدەك بەشداریی كردووە، 7 گۆڵ و 1 ئاسیستی بە درێسی شایانەكانی ئیسپانیا كردووە.