رۆژنامەی ھەولێر

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی وەرزشی لەگەڵ ئیسپانیا رادەگەیەنێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا پرۆژەیەكی لەگەڵ یانەی خیتافی شاری مەدرید راگەیاند و پێشنیازی ئەوەش كراوە ناوی ئەو یانەیە ئیسپانییە بگۆڕدرێت بۆ (ڤیزیت كوردستان)، ئەمەش وادەكات ناوی كوردستان بە هەموو جیهان بناسێندرێت.

دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر راگەیاند لەم هەفتەیە زنجیرەیەك كۆبوونەوەیەكی وەرزشیان كردووە و سەردانی یانەی خیتافی شاری مەدریدیان كردووە و لە لایەن ئەلفۆنسۆ کۆلسیۆم بەڕێوەبەری گشتی یانەكە پێشوازییان لێكراوە و رێككەوتووین چەند پرۆژەیەكی وەرزشی هاوبەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسپانیا جێبەجێ بكەین.
یانەی خیتافی لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە لەبارەگای یانەكە لە مەدرید پێشوازییان لە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دارەوان حاجی حامید و تاریق شێخ فارۆق جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی هەڵەبجە كردووە.
داره‌وان حاجی حامید نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیسپانیا بە رۆژنامەی هەولێری گوت: دوای ئەوەی هەوڵێكی چڕ و پڕیان داوە و توانیویانە سەرنجی یانە وەرزشیەکانی ئیسپانیا لە بواری وەبەرهێنانی وەرزشی بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشن.
نوێنەرەکەی حکومەت لە ئیسپانیا ڕوونی کردەوە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕیوبەری وەرزشی یانەی خیتافی، پێشنیاری ئەوەیان بۆکراوە، بە چەند پرۆژەێک ناوی یاریگای خیتافی بکرێت بەناوی (ڤیزت کوردستان)، جگە لەمەش بڕیارە یانەکە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە چەند ڕاهێنەرێک بنێرێتە هەرێمی کوردستان و وەک هەنگاوی سەرەتاش لە پارێزگای هەڵەبجە چەند خولێک بۆ ئاستی تەمەنە جیاوازەکان بكرێتەوە، دواتریش بە چەند بەرنامەیەک و چەند قۆناخێک چەندین یاریزان و ڕاهێنەری هەرێمی کوردستان بانگهێشتی یانەی خیتافی دەکرێن.
داره‌وان حاجی حامید راشیگه‌یاند جگه‌ له‌ هێنانی فێرگه‌ی ئیسپانی، گه‌شبینین ب ه‌چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك هه‌ر له‌ بوونی‌ ناوی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر درێسی چه‌ند یانه‌یەكی ئیسپانیا و بە تایبەت یانەی خیتافی لە ئێستادا ئامادەیە ئەو کارە لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.