ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان تیروپشكی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستانی راكێشا و رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یەكەمین گەڕی خولەكە بەڕێوە دەبچێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند یارییەكانی ئەم وەرزە خولی نایابی كوردستان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەكرێن، كاتی یارییەكانیش جێگیر دەبێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە ئەو دوو رۆژەی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولی نایابی كوردستان دیاریی كراوە نایگۆڕین، ئامادەنین یارییەكان پێنج رۆژ جارێك بكرێن و خولەكە لە ماوەی 3 مانگ كۆتایی بێت، یاریزانەكانیش هەشت مانگ لە ماڵەوە دابنیشن.
فیدراسیۆنەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بەهۆی نالەباری یاریگەكانی كوردستان نەیانتوانیوە سیستەمی مینی ڤار بەكاربێنین، روونیان كردووەتەوە كە بە نیازن بەشێك لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان لە شەوان بەڕێوە بچێت، چونكە كەشوهەوای هەرێمی كوردستان لەڕووی ئاسایشەوە زۆر لەبارە، تەنیا كێشەی یاریگەكانیان هەیە، هەر یانەیەكیش ئامادە بێت یارییەكانیان لە شەوان بەڕێوە بچێت رەزامەندی دەردەبڕین بە مەرجێك كێشەی رووناكی یاریگەكەیان چارەسەر بكەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆ یەكەمجار لە رێگەی ژیری دەستكرد و تیروپشكی وەرزی نوێی خولەكەیان راكێشاوە.
عەباس عەلی، جێگری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی هەولێر گوتی: ئێستا بۆ تیروپشكی خولی نایابی كوردستان پێویست بەوە ناكات یانەكان كۆ بكرێتەوە و رێوڕەسم بۆ راكێشانی تیروپشك ساز بكرێت، بەڵكو دەتوانین لە رێگەی ژیری دەستكرد سەرجەم گەڕەكانی ئەم وەرزە دیاریی بكەین.
عەباس عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد خولەكە لە رۆژی 23ـی ئەم مانگە كە دەكاتە پێنجشەممەی داهاتوو دەست پێ بكات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بە یاریی نێوان ئاكرێ و دەربەندیخان وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان دەست پێ دەكات.
یارییەكانی دیكەی گەڕی یەكەم لە رۆژی هەینی داهاتوو بەمشێوەیە دەبێت: (هەندرێن ـ سیروانی نوێ)، (زاخۆ ـ رانیە)، (پێشمەرگەی هەولێر ـ چوارقوڕنە)، (قەڵادزێ ـ پیشەسازی)، (شێروانە ـ رزگاری).
بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە سەرجەم یارییەكان لە كاتژمێر 02:45 خولەكی ئێوارە دەكرێن.
خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 بە بەشداریی 12 یانە بە سیستەمی خول بەشێوازی یاریی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت، یانەكانی هەڵۆ و برایەتی كشانەوەیان لە خولەكە راگەیاند و فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیش كشانەوەی ئەو دوو یانەیەی پەسەند كرد.
پاڵەوانی سووپەری كوردستان یەكلایی كرایەوە
یانەی شێروانەی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە هەندرێنی بردەوە و بۆ دووەمجار لە مێژوویدا جامەكەی بەرز كردەوە.
لە یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی، جامی سووپەری كوردستان لە نێوان هەندرێنی پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان و شێروانەی پاڵەوانی خولی نایاب بەڕێوە چوو، یارییەكە بە درێژایی 90 خولەكی كاتی ئاسایی بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات، دواجار هەردوولا پەنایان بردە سەر خاڵی سزا، دواجار یانەی شێروانە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە هەندرێنی بردەوە و بە فەرمی بووە پاڵەوانی سووپەری كوردستان.
ئەم یارییە یەكەمین یاری و یەكەمین نازناو بوو بۆ كامەران عەلی راهێنەرە لاوەكەی شێروانە كە لەم هاوینە ئەركی راهێنەرایەتی یانە كەلارییەكەی وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە شوێنی عادل عەلی راهێنەری وەرزی رابردووی یانەكە وەكو راهێنەری شێروانە دەستبەكاربوو.

