مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
چیمەنی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بە تەواوی دەگۆڕێ و دەكرێتە ئەو چیمەنەی لە یاریگەی ریاڵ مەدرید، لیڤەرپوول و بووروسیا دۆرتمۆند و ئەیاكس ئەمستردام هەیە.
بهشی ڕاگهیاندنی پارێزگای ههولێر، لهبارهی كارهكانی نۆژهنكردنهوهی یاریگەی فهرهنسۆههریری ڕاگهیاندراوێكی بڵاو كردهوه.
له ڕاگهیاندراوهكهدا هاتووه، رۆژی هەینی 17ـی ئۆكتۆبهری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیهتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکە، نۆژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتیی(فەرەنسۆ هەریری)ـی بەسەر کردەوە کە بەگوژمەی (1 ملیار و 830 ملیۆن دینار) لە سەربودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بەنۆژەنکردنەوەی کراوە. ئهوهش خراوهته ڕوو، لەبەسەر کردنەوەکەیدا، لەنزیکەوە لە چۆنیەتی کاروبارەکانی کۆڵییەوە کەئێستا لە قۆناغی کۆتایدایە و دەستخۆشیی لەسەرپەرشتیار و ئەندازیاران و کرێکارانی پڕۆژەکە کرد.
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە: بە گوژمەی (1 ملیارو 830 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە.
چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریریی تایبەت بە یانەی هەولێر، لەلایەن (کۆمپانیای هێندریکس)ی هۆڵەندییەوە كارەكانی دەكرێ، رووبەڕی نۆ هەزار مەتر چیمەنڕێژ دەكات و 10 رۆژ دەخایەنێ.
یانەی هەولێر، دوای گۆڕانكارییە كارگێڕییەكان لە پێش دەستپێكی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق و دەستبەكاربوونی سەفین یاسین، وەكوو سەرۆكی یانەكە، دەستی بە گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێكدا كرد و هەموو هەوڵەكان خرایە گەڕ، دوای دەستخستنی چەند یاریزانێكی ناوازە، یانەی هەولێر، سەرەڕای درەنگ دەستپێكردن بە ئامادەكارییەكان، بەڵام هەرزوو، جێپەنجەی خۆی بە خولەكەوە دەرخست و سێ یاریی بردەوە و لە یارییەكدا یەكسان بوو، پێشەنگی خولەكەی گرت.
بەهۆی بڕیاردانی نوێكردنەوەی یاریگە و چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری، یانەی هەولێر ئەم وەرزە تا ئێستە یارییەكانی خۆی لە یاریگەی یانەی دهۆك دەكات و بڕیارە دوای یارییەكەی لەگەڵ یانەی شوڕتە كە لە یاریگەی دهۆك دەبێ، یارییەكانی بگەڕێتەوە یاریگەی خۆی.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە راهێنەرایەتی باسم قاسم چوار یاری کردووە، سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە.

