بارزان ئەکرەم – هەولێر
وەرزشوانانی کوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دووپاتدەکەنەوە، ئەوان باس لەم هۆکارانە دەکەن، کە وایکردووە دەنگ بەو پارتە بدەن، پێیانوایە بەهۆی خزمەتی زۆری لەبواری پێشخستنی کەرتی وەرزش و ئەنجامە گەورەکانی لە بەدەستهێنانی نازناوەکان شایستەی ئەوەیە دەنگ و متمانەی وەرزشوانانی پێبدرێت.
“یاریگا جوانەکانی کوردستان بەڵگەن بۆ ژێرخانێکی بەهێز”
پشتیواب شەبیب ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، متمانەی خۆی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتکردەوە و بە رۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەموو توانایەکی خۆی پاڵپشتی وەرزشوانانی کردووە، بەتایبەتی یانەی هەولێر.
پشتیوان شەبیب دەشڵێت: لە هەموو دۆخە سەختەکان پارتی دیموکراتی کوردستان بەهانای یانەی هەولێر هاتووە، تەنانەت لە هەرشوێنێک وەرزشوانان پێویستیان بە یاریگابووبێت، حکومەت بەخێرایی گەیشتووەتە شوێنەکە و یاریگای بۆ دوستکردوون”.
شەبیب گوتیشی: بردنەوەی نازناوەکان و بەشداریکردنی یانەکانی کوردستان و یانەی هەولێر لە خولەکانی نێوخۆ و دەرەوە، بەڵگەن بۆ ئەو راستییەی کە پارتی خزمەتیکی بێ سنووری بە وەرزش کردووە، تا ئەو بەرهەمەی ئەمرۆی لێ بەرهەم هاتووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە پاڵپشتی ئەو لیستە و کاندیدەکانین، چونکە ئەگەر پاڵپشتی پارتی نەبێت وەرزش پێشناکەوێت.
“بۆ پێشکەوتنی زیاتر پێویستمان بە پارتیە”
جێماو سەدرەدین ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، لەسەر پرسی هەڵبژاردن و لیستی 275 پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پێویستە گەنجان و وەرزشوانانی کوردستان دەنگ بەو لیستە بدەن، چونکە ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی خەڵک کە لە سیما جوانەکانی خەڵکی کوردستانە بەردەوام دەبنێرت، هەروەها گرەنتی ئەوەت هەیە لە داهاتوو کەرتی وەرزش و بوارەکانی دیکەی ژیان پێشبکەون، کە لەبنەڕەتدا ئارامی ئاسایشی کوردستان، هێمایەکی بەهێزە بۆ بەرەوەپێشبردنی بوارەکانی ژیان لە کوردساتن.
کوڕەکەی سەدرەدین، ئەوەشی خستەروو، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و وەرزشوانان، تەنیا پارتی لەنێو گۆڕەپانی سیاسی جێگەی باوەڕ و متمانەی وەرزشوانان و گەنجانە، دەشڵێت: بۆ ئەوەی بە مافەکانمان بگەین دەبێت دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکانی لیستی 275 بدەین، ئەوان شایستەی پاڵپشتین.
“پارتی شایستەترین حزبە دەنگی پێبدەین”
ئاسۆ ئەمیر ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، هۆکاری دەنگدان بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو دەڵێت: پارتی شایستەترین حزبە کە وەرزشوانن دەنگی پێبدەن، چونکە ئەو پاڵپشتی و خزمەتەی ئەم حزبە بۆ وەرزشوانان کردوویەتی لە هیچ ناوچەیەکی کوردستان نەکراوە، ئەوەتا نۆژەنکردنەوەی یاریگاکان، کە نزیکەی سێ ملیاری بۆ تەرخانکراوە لە لایەن حکومەتەوە، بەڵگەیە کە ئەو حکومەتە چەندە خەمی وەرزش و وەرزشونانی کوردستانی بووە، ئێستا ئەگەر سەیری دوایین نمونە بکەی یاریگای هەولێر دەبینی لە یاریگاکانی جیهان دەچێت لە رووی جوانی و گرنگی پێدانەوە’.
ئەندامەکەی یانەی هەولێر ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە بەڕاستی پاڵپشتی سەرۆکوەزیران بەشێوەی راستەوخۆ لە وەرزشوانان، کاردانەوەی بەسەر ئەنجام و دەستکەوتەکانی وەرزشی کوردستانەوە هەبووە، چونکە ئەو لەنێو ئەم هەموو کێشە و گرفتە داراییە، بەڵام هیچ کاتێک پاڵپشتییەکانی بۆ وەرزش و وەرزشوانان رانەگرتووە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە و دەیسەلمێنێت کە ئەو لیستە شایستەی دەنگ پێدانە.
“سەرەڕای رێگرییەکان کەرتی وەرزش بەرەوپێشەوەچووە”
عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەر و سەرپەرشتیاری تیمی لاوانی یانەی هەولێر، بۆ بابەتی پاڵپشتی و دەنگدان بە پارتی بۆ رۆژنامەی هەولێر گوتی: “تەمەنێکی درێژم لە یاریگاکانی کوردساتن بەسەر بردووە، بەڵام پارتی بەردەوام پاڵپشتی گەنج و لاوی وەرزشوانی کوردستانی کردووە، هەرگیز فەرامۆشی نەکردوون، بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان لەگەڵیان بووە”.
عەبدوڵڵا مەحمود، هۆکارێک دیکەی بۆ دەنگدان بە لیستی 275 باس کرد و گوتی:’ بوونی کەشێکی ئارام و ژێرخانێکی جوانی وەرزشی لە یاریگاکان و نێو هاندەرانی کوردستان، بووەتە هەوێنی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کوردستان بکەن و وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو وەسفی بکەن و گەشتی بۆ بکەن، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئێمە متمانە بەو لیستەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین و دەنگی پێبدەین”.
“بە دڵنیاییەوە دەنگمان بۆ پارتیە”
دیدرحامید گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند، کە بەهۆی ئەو خزمەت و پاڵپشتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەرزشوانانی دەکات، دەنگی پێدەدەین و پاڵپشتی تەواوی سەرخستنی لیستی 275 دەکەین.
دیدار داواش دەکات هەمووان دەنگ بەو لیستە بدەن، چونکە لە بەرژەوەندەی هەموو وەرزشوانان و کوردستانیانە پاڵپشتی ئەو حزبە بکەن، دەشڵێت: ئێمە بەردەوام دەنگ بە لیستی سەرۆک بارزانی دەدەین، کە هەمیشە ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی بۆ گەل و نیشتیمانکەی .
دیدار حامید ئەندامی دەستەی کارگێری پێشووی یانەی هەولێر گوتیشی: ئەگەر سەیری یانەکانی دەرەوە بکەین دەبینین چ یاریزانێکی کوردستان بەهۆی ئەو پاڵپشتییانەوە خەونەکەی هاتووەتەدی و پەیوەندی بە یانەی گەورەوە کردووە، جگە لە خەرجکردن و خەڵاتکردنی وەرزشوانە سەرکەوتووەکان کە پاڵنەرێکی باشە بۆ لاوەکان، ئەوانە بەهۆی پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بووە”.

