ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان تەواوی ئامادەكارییەكانی بۆ یاریی جامی سووپەری كوردستان تەواو كردووە و كۆمپانیایەكی میدیایی یارییەكە بە هەشت كامێر دەگوازێتەوە، ئەمەش یەكەمجارە لە یارییەكی كوردستان ئەم تەكنیكە بەرزە بەكاردێت.
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو كە دەكاتە 18ـی ئەم مانگە، لە یاریگەی نێودەوڵەتی نەورۆز لە شاری سلێمانی، یاریی جامی سوپەری كوردستان لە نێوان شێروانەی پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان و هەندرێنی پاڵەوانی جامی كوردستان لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، ئەم یارییە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە لایەن كۆمپانیایەك لە بواری بەرهەمهێنانی میدیایی بەڕێوە دەچێت، لینكی یارییەكەش بەبێ بەرامبەر دەدرێتە هەر كەناڵێكی راگەیاندن كە یارییەكە بگوازێتەوە، بەمەش یەكەمینجارە فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان یارییەكە بەم تەكنیكە دەگوازێتەوە و لینكی یارییەكەش وەكو كارئاسانییەك بەبێ بەرامبەر دەبەخشێتە دەزگایەكانی راگەیاند.
یانەی شێروانە لە گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ گۆڕانكارییەكی زۆری لە پێكهاتەكەی كردووە و گرێبەستی لەگەڵ كامەران محەمەدی راهێنەر كردووە و دەستبەرداری 13 یاریزانی بووە، لە بەرامبەردا 11 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و گرێبەستی 15 یاریزانی وەرزی رابردووشی نوێكردووەتەوە.
لە بەرامبەردا یانەی هەندرێن بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعروف بە بەراوردی شێروانە كەمترین گۆڕانكاری لە مێركاتۆی هاوینەدا كردووە و تەنیا 3 یاریزانی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە (نەزیز حەمید، شەمزین یاسین و موسعەب هەژار)، لە بەرامبەردار دەستبەرداری 3 یاریزانیش بووە كە پێكهاتوون لە (شادومان سەباح، ئیسماعیل خدر و سلێمان دەروێش)، هاوكات گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێكردووەتەوە.
كشانەوەی یانەكانی هەڵۆ، برایەتی و پیشەسازی لە خولی نایابی كوردستان پەسەند كرا و وەرزی نوێی خولەكە بە بەشداریی 11 یانە بەڕێوە دەچێت و رێگەش بە هەر یانەیەك دەدرێت پێنج یاریزانی پیشەگەر بگوازێتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 بە بەشداریی 12 یانە بەشێوازی خول و بە دوو قۆناغ (چوون و هاتن) لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە دەست پێ دەكات، بە فەرمی كشانەوەی یانەكانی برایەتی و هەڵۆ پەسەند كراون و سەرجەم یاریزانانی ئەو دوو یانەیە ئازاد دەكرێن و بەبێ مافی دەستبەرداربوون دەتوانن پەیوەندی بە هەر یانەیەک بکەن کە بیانەوێت.

