مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
راهێنەری ژاپۆن: بردنەوە مێژووییەكەمان لە بەڕازیل بەرهەمی دەیان ساڵ كاركردنە
هاجیمی مۆریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆن، وای دەبینێ بردنەوەیان لە یاریی دۆستانەیان بەرانبەر بەڕازیل 3-2 گۆڵ، بەرهەمی ساڵانێكی زۆری كاركردنە.
لە ئەنجامێكی چاوەڕێنەكراودا، هەڵبژاردەی ژاپۆرن 3-2 گۆڵ لە بەڕازیلی بردەوە، لە كاتێكدا بە دوو گۆڵ لە دوا بوو، ئەوە لە كۆی 14 یاریدا یەكەم بردنەوەی بوو لە تیپی خاوەن 5 ناسناوی مۆندیال.
مۆریاسۆ، دڵخۆشیی خۆی بە یاریزانانی بۆ ئەو سەركەوتنە گرنگە دەربڕی و ئاامژەی بەوە كرد كە پێشتر ژاپۆن لە بەڕازیلی نەبردووەتەوە، پێشتر زۆر هەوڵی بردنەوەمان دا، بەڵام ئەمجارە لەسەر دەستی ئەو یاریزانانە بە دی هات.
دەشڵێ: ئەو ئەنجامە، هەوڵی نەوەی ئێستە و نەوەكانی پێشترە لە یاریزانانی ژاپۆن.
لە مۆندیالی 2022ـدا، ژاپۆرن لە ئەڵمانیا و ئیسپانیای بردەوە، بەڵام لە چارەكی كۆتایی مۆندیالدا، بە لێدانە یەكلاكەرەوەكانی خاڵی سزا، بە كرواتیا دۆڕا.
راهێنەری ژاپۆرن ئاماژە بەوە دەكا، كە هەڵبژاردەكەی ویستی ئەوەیان هەیە مۆندیال ببەنەوە، كە هاوینی داهاتوو لە ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بەڕێوە دەچێ.
دەشڵێ: لە كاركردن بەردەوام دەبین، هەوڵ دەدەین هەنگاو بە هەنگاو ئاستمان بەرز بكەینەوە.
10 ڕۆژی ماوە بۆ كلاسیكۆ و بەرشلۆنە لە پێكانی چەند یاریزانێكی نیگەرانە
10 ڕۆژی بۆ یاریی كلاسیكۆی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید لە خولی ئیسپانیا ماوە، كە بڕیارە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوە بچێ، بەڵام بەرشلۆنە نیگەرانە لە پێكانی چەند یاریزانێكی.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی باسی لەوە كردووە، بەرشلۆنە لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتیدا، گورزی بەر كەوتووە، ترسی ئەوەی هەیە سیناریۆكانی پێشتر دووبارە ببنەوە، كە یاریزانی كاریگەری وەكوو گاڤی و لامین یامالی لە دەست دا.
بەڵام ئەمجارە پێكانەكە لە كاتێكی زۆر هەستیاردایە، بەرشلۆنە دەچێتە نێو دوو هەفتەی یەكلاكەرەوەوە، بە تایبەت كە لە دوو یاریی ڕابردوویدا دوو شكستی گەورە 1-2 لەگەڵ پاریس سان جێرمان لە چامپبۆنس لیگ و 1-4 لەگەڵ سیڤیلە لە خولی ئیسپانیا دۆڕا.
ئێستە بەرشلۆنە دوو یاریی گرنگی بەرانبەر جیرۆنا و ئۆلیمپیاكۆس هەیە، هیوای وایە بە شێوەیەكی هاوسەنگ خۆی بۆ یارییەكەی كلاسیكۆش ئامادە بكات.
تا ئەم ساتە، 8 یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، مۆڵەت و ڕێپێدانی پزیشكییان نییە بۆ گەڕانەوە، لەگەڵ فێران تۆرێس كە كەمپی مەشقیی ئیسپانیای پێشوەخت بە هۆی پێكانەوە جێ هێشت.
لەگەڵ ئەوەشدا، یانەكە تا ئێستە بە فەرمی دابڕانی تۆریسی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەنێو بەرنامەیەكی شیاندنی تەواودایە، چاوەڕێ دەكرێ بۆ یارییەكەی شەممەی بەرشلۆنە بەرانبەر جیرۆنا ئامادە بێ، خۆ ئەگەر ئازارەكانی نوێ نەبنەوە، بۆ كلاسیكۆ ئامادە دەبێ.
هەروەها هەریەك لە لامین یامال و فێرمین لۆپێز نزیك بوونەتەوە لە گەڕانەوە، بەشداریی مەشقە بەكۆمەڵەكانیان كردووە و چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی تیمی پزیشكیی یانەكەن و ڕەنگە چەند خولەكێكی هەردوو یارییان بەرانبەر جیرۆنا و ئۆلیمپیاكۆس بەشداری بكەن، وەك ئامادەكاری بۆ بەشداریی تەواوەتی كلاسیكۆ.
بەو جۆرە چاوەڕێ دەكرێ هەرسێ یاریزان تۆرێس، یامال و لۆپێز، بۆ كلاسیكۆ ئامادە بن. بەڵام هەریەك لە خوان گارسیا، مارك ئەندریە و تیر شتیگن و گاڤی، ڕەنگە بەشداری نەكەن.
جگە لەوە، دانی ئۆلمۆ و ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، چوونە ڕیزی یاریزانە پێكراوەكانەوە و دادەبڕێن، یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی هونەر، دوو زانیاریی جیاواز لەو بارەیەوە دەڵێن، بە جۆرێك باس لەوە دەكرێ لە ماسوولكەی ڕانی چەپی پێكانی هەبێ و دوو تا سێ هەفتە داببڕێ.
بەرشلۆنە نیگەرانییەكی زۆری لەبارەی ڕافینیاوە هەیە، كە بە شێوەیەكی باش و ویستراو چاك نەبووەتەوە و بۆ یارییەكەی جیرۆنایش بە تەواوی دوور دەخرێتەوە، كە لە یارییەكەی یانەكەی و ئۆڤیدۆ تووشی پێكان هات، بەڵام لە هەڵبژاردەكەی جارێكی تر هەستی بە ئازار كرد و ئەوەش نیگەرانییەكانی بەرشلۆنەی زیاتر كرد.

