رۆژنامەی ھەولێر

سعوودیە كارەساتی بەسەر عێراقدا هێنا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

هەڵبژاردەی سعودیە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێرا دوای ئەوەی بۆ سێیەمجار لەسەر یەک گەیشتنە مۆندیال، لە بەرامبەردا عێراق لە 2025 بۆ دووەمجار بەرامبەر سعوودیە تووشی كارەسات بوو، جارێكیان بەرامبەر جامی كەنداو، جاری دووەمیان لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بوو كە تێیدا سعوودیە بە یەكسانبوون بەرامبەر عێراق راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەركەوت.

یاریگای شا عەبدوڵڵا بەتەواوی پڕ هاندەر بوو بۆ ئەوەی هانی هەڵبژاردکەیان دژی عێراق بدەن و بگەنە مۆندیال، هەڵبژاردەی میواندار باشتر دەستی بەیاری کردو چێژیان لە شوتبارانکردنی رکابەرەکەیان وەرگرت، بەڵام هیچکامایکیان دەرگای گۆڵەکانیان نەکردەوە و بێ گۆڵ چوونە دەرەوە، لە نیوەی دووەم تیپەکەی هێرڤی ریناردی راهێنەری سعوودیە، بەهێزتر بینراو جەلال حەسەنی گۆڵپارێزی عێڕاقیش چەندانجار فریای وڵاتەكەی كەوت و بەرپرچی هێرشەکانی سعوودییەكانی دایەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکە لە 90 خولەک خاوەن یاریگا بەتەواوی دەرگای هێڵی بەرگری و گۆڵەکەی بەسەر عێراقییەکان داخست، تەنیا لێدانی راستەوخۆ نەبێت کە عێراقییەکان تاکە چانسیان لەیارییەکە ئەمەبوو، بەڵام عەلی جاسم گۆڵی نەکرد، چەند خولەکێک دوای ئەمە ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێداو جێگەی سعودیە لە مۆندیالی داهاتوو مسۆگەر بوو، کە حەفتەمین جارە دەگاتە مۆندیال، عێراق تروسکاییەکی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیالی داهاتوو.

ئارنۆڵد: یەكەمجارە لە ژیانی راهێنەرایەتیم ئەم شتە دەبینم
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا گوتی: دەمەوێت بڵێم زۆر شانازی بە یاریزانەکانم دەکەم، دوای ئەوەی لەم قۆناخە توانیان ئاستێکی باش پێشکەش بکەن، بێگومان سەرجنی زۆرمان لەسەر ئەم قۆناخە هەیە، بەهیچ شێوەیەک ئەمە رێککەوت نییە، سعوودیە شەش رۆژ پشووی هەبوو، بەڵام ئێمە تەنیا دوو رۆژ، ئەمە هۆکارێک بو بۆ ئەوەی نەتوانین ئاستمان باشتر بێت.
ئارنۆڵد گوتیشی: وادەزانی دەڵێم ئەمە یەکمجارە لەژیانی راهێنەرایتیم ئەمە دەبینم، نەخێر لە ئوسترالیاش ئەمەم بەسەر هاتووە، لە گروپەکەی دیکەش هەمان دۆخ هەبوو بۆ یانەی قەتەر ئەمیش شەش رۆژ پشووی هەبوو، بۆیە دەڵێم یاریزانەکانم ئەرکی خۆیان جێبەجێکرد، بەچوار خاڵ کۆتاییامن بەم قۆناخە هینا هێج یاریەکمان نەدۆراند و هیچ گۆڵێکمان لینەکرا، بەجیاوازی گۆڵ نەمانتوانی راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەربكەوین. بەڵام هێشتا بیئومێد نەبووین و پێویستمان بە پشگیری زیاترە بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادە بکەین.

هێرڤی رینارد: دەمزانی بۆ مۆندیال سەردەكەوین
هێرڤی رینارد، راهێنەری فەرەنسی هەڵبژاردەی سعوودیە لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا گوتی: سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە هاندەرانی ناو یاریگا بکەم بەراستی سەرسورهێنەربوون، کەشوهەوایەكە خەیاڵی بوو، ئەوان پاڵیان بە یاریزانەکانەوەنا بۆئەوەی باشتر دەرکەون، تەنانەت ئەگەر سالم دۆسەری کە باشترینی یاریییەکەبوو پێموایە هاندەران هۆکاربوون، کەواتە پیرۆزە لەوان، پیرۆزە لە سەرۆک بەرێز یارس حەسەن، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، هەروەها وەزیری وەرزش، چەند مانگێک لەمەوبەر ئاسان نەبوو، بەڵام ئێمە ئەوەمان کرد، دایکم لە مانگی دووی ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد، کاتێک لە مۆندیالی 2022 لە ئەرجەنتینمان بردەوە لەگەڵمان بوو، بەڵام پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات گوتی ناتوانم مۆندیالی داهاتوو لەگەڵتانبم بەڵام نزای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم، بۆیە کە ئەم پرسیارەم لێدەکرێت هەستدەکەم ئەو منی پاراست.