ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە 24 كاتژمێری رابردوو زۆرترین لێدوانەكانی خۆزێ مۆرینیۆ و چابی ئالۆنسۆ بەشێوەیەكی بەربڵاو سۆشیاڵمیدیای تەنی، راهێنەرە پۆرتوگالییەكە رایگەیاند هێشتا نەیتوانیوە بیرۆكەكانی جێبەجێ بكات، لە لایەكی دیكەیشەوە، ئالۆنسۆ رایدەگەیەنێت لە داهاتوو گۆڕانكاری زیاتر لە پێكهاتەی ریال مەدرید دەكات. جگە لەوەش عوسمان دێمبێلێ دەڵێت: من و بێنزێما بە هەژاری پێگەیشتین و باڵۆن دۆرمان بردەوە.
مۆرینیۆ: تا ئێستا نەمتوانیوە پلان و بیرۆكەكانم جێبەجێ بكەم
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیكا دوای دۆڕانەکەیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر چێڵسی سوپاسی هاندەرانی بلووزی کرد کە لە یارییەکە چەپڵەیان بۆ لێدەدا و ناوی راهێنەرە پۆرتوگاڵییەکەیان دەگوتەوە، جۆزێ بیانووشی بۆ دۆڕانەکەی بێنفیکا هێنایەوە و گوتی؛ من کاتی ئەوەم نەبووە کار لەسەر پلان و تیکتیکی خۆم بکەم، باسی نامەیەکی فلۆرێنتینۆ پێرێزیشی کرد و گوتی پیرۆزبایی لێکردووم.
دەقی قسەكانی مۆرینیۆ
من بۆ ئەوە نەژیاوم شكست قبوڵ بكەم و زیاتر بیر لە رابردوو بكەمەوە، نایشارمەوە من بۆ بردنەوە ژیاوم، بێگومان من سوپاسی هاندەرانی چێڵسیم کرد و ئەوەی من بەدەستمهێناون لەسەر لاکێشەی سەوز بوون، بەڵام بێگومان من تەنیا سەرنجم لەسەر یارییەکە بوو، بەڵام هەمیشە کەمێک جۆش و خرۆشت هەر دەبێت، هیوادارم دوای 20 ساڵی دیکە لەگەڵ نەوەکانم بگەڕێمەوەم ئێرە، من ساڵانێکی زۆر خۆشم لە لەندەن بەڕێکرد، هەمیشە لەسەر شەقامەکان هاندەرانی بلووزم دەبین، بۆیە ئەمڕۆ لەناو یاریگا سوپاسم کردن. من دوای یارییەکە بە یاریزانەکانم گوت، دۆڕان هەر دۆڕانە، بەڵام کێشە لەوەدایە ئەگەر بدۆڕێی و خراپیش یاریی بکەی، ئەمشەو ئێمە باش یاریمان کرد، بەڵام هیچ خاڵێکمان بەدەست نەهێنا بۆیە هەر دۆڕانە، ئێمە لە ماوەی چوار رۆژ دوو یاریمان کردووە، من تا ئێستا نەمتوانیوە پلان و بیرۆکەکانم جێبەجێ بکەم، چونکە هەر تەنیا کاتی چاکبوونەوەمان هەیە.
کاتێک تۆ لەناوەڕاستی وەرز راهێنەرت دەگۆڕی مانای وایە تیپەکەت خراپە، بەڵام من دەرفەتی ئەوەم نەبووە لەسەر لاکێشەی سەوز شوێنپەنجەی خۆم بەجێبهێڵم. من بۆ هەمیشە مەدریدێستا دەمێنمەوە، دوای ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی بێنفیکام وەرگرت، فلۆرێنتینۆ پێرێز نامەی بۆ ناردم و پیرۆزبایی لێکردم.
ئالۆنسۆ: ئێمباپێ شۆكی كردووم
چابی ئالۆنسۆ راهێنەری ریال مەدرید دوای سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر کایرێت ئالماتی ستایشی کیلیان ئیمباپێ دەکات و دەڵێت ئەو دەتوانێت ئەم وەرزە باشترین کاتەکانی ژیانی لە ریال مەدرید بەسەر ببات.
پوختەی قسەكانی ئالۆنسۆ:
کیلیان لەسەرجەم یارییەکان یەکلاکەرەوەیە، لەبەردەم گۆڵدا کاریگەر و سەرنجراکێشە، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی هەلی هەبێت، لەیاری رابردوو لە دێربی یەکەم گۆڵی تۆمار کرد زۆر سەرنجراکێشبوو، پێیوستە یارمەتی تایبەتمەندییەكانی بدەین بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات، دڵخۆشم دەبینم کیلیان ئاستی زۆر بەرزە، نەک تەنیا بۆ گۆڵەکان بەڵکوو بۆ هەموو ئەو کارانەی لەناو یاریگدا دەیکات، کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە رۆژانە بەسەر هاوڕێیەکانیەوە، یاریزانێکی پابەندە، دەتوانێت ئەم وەرزە زۆر جیاوازو سەرنجراکێش بێت، نایشارمەوە ئاستبەرزی و پابەندبوونی ئێمباپێ بە تەواوەتی شۆكی كردووم، لەبارەی ڤینسیۆس، بێگومان ڤینی یاریزانێکی زۆر باشە، کاردانەوەی ڤینی بەم جۆرە نەبوو کە تۆ بیری لێدەکەیەوە هیچ گلەییەک لەلایەن ئەوەوە نەبوو، ڤینی دەیەوێت تەنیا یاری بکات و توانانی خۆی نیشان بدات، بەڵام من بڕیاردەدەم بۆ دەستنیشانكردنی پێكهاتە و رەنگە لە داهاتوو گۆڕانكاری زیاتر لە پێكهاتەی ریال مەدرید بكرێت.
ئینریکێ: من لە پاریسم، بەڵام بارسێلۆنا ماڵی منە
لویز ئێنریكی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان رایدەگەیەنێت هەمیشە بە یادەوەرییەكانی بارسێلۆنا دەژیت، دەشڵێت: هەمیشە دڵخۆشم لە كەتەلۆنیا، چونکە ئێرە هەموو کات وەک ماڵی من وایە، لێرە کاتێکی زۆرم بەسەر بردووە، چ وەک یاریزان یاخود وەک راهێنەر، خۆزگە ئەو یارییەمان لە كامپ نوو كردبا، بەڵام هەر چۆنیک بێت مادام لە بارسێلۆنا بوو هەر باشە، زۆر نایابە کاتێک بەرامبەر یانەیەک یاری دەکەیت هەمان بیرکردنەوەی تۆی هەبێت، دەربارەی هانزفلیک زۆر شت دەزانم عەقڵی یاریزان و راهێنەرەکەیان هەمان فەلسەفەیە، پێدری زۆر باش من دەناسێت ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیاتر دەمناسێت دەزانێت من بە یاریزانەکان دەڵێم چی بکەن و چۆن بیربکەنەوە، ناسناوی هاری پۆتەرم لێناوە، ئەو خاوەنی چەقۆی جادووییە، ئەگەرچی بابرسیلۆنا تەنیا پێدری نییە بەڵکو یاریزانی وەک دی یۆنگ، کۆبارسی، لامین یامال و چەندین یاریزانی دیکەیان هەیە.
دێمبێلێ: بە هەژاری پێگەیشتم و باڵۆن دۆرم بردەوە
دوو هەفتە دوای تێپەڕبوونی ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی باڵۆن دۆر هێشتا دەنگدانەوە و كاردانەوەكانی خەڵاتەكە بەردەوامە و عوسمان دێمبێلێ دەڵێت: من منداڵێكی هەژار و زەلیلی سەرشەقامەكان بووم و توانیم خەڵاتی باڵۆن دۆر ببەمەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە هەر كەسێك هەوڵ بدات دەتوانێت خەونەكانی بێنێتە دی.
عوسمان دێمبێلێ ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بووە شەشەمین یاریزانی فەرەنسی خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، هاوكات لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمانیش توانی خەڵاتی یوهان كرۆیف بۆ باشترین راهێنەری جیهان بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی توانی 5 نازناوی ئەورووپا بباتەوە، ئەمەش بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی یانەكەدا رووبدات.
عوسمان دێمبێلێ لە دوای رایمۆن كۆپا، جان پیێر، میشێڵ پلاتینی، زەینەدین زیدان و كەریم بێنزێما بووە شەشەمین یاریزانی فەرەنسی باڵۆن دۆری بردووەتەوە كە بە هەر هەموویان شەشجار ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە.
عوسمان دێمبێلێ لە نوێترین لێدوانی دا دەڵیت: “من لە دوای كەریم بێنزێما دووەمین یاریزانی فەرەنسام كە لەسەر شەقامەكانەوە پێگەیشتم و لە گەڕەكێكی هەژارنشین و پەراوێزخراو توانیم خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ببەمەوە.
لەنێو بەربژێرانی باڵۆن دۆری 2025 یەكەمجاربوو 3 یاریزانی بە ڕەسەن عەرەبی تێدا بوو كە پێكهاتبوون لە محەمەد سەڵاح كاپتنی هەڵبژاردەی میسر، ئەشرەف حەكیمی كاپتنی هەڵبژاردەی مەغریب، جگە لەمەش براوەی باڵۆن دۆر عوسمان دێمبێلێ بوو كە لە دایكێكی مۆڕیتانی ـ سەنیگالی) لە دایكبووە و لامین یامالیش دووەم باشترین یاریزانی جیهان بە رەسەن مەغریبیە و بەربژێری سەرەكی بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە.

