رۆژنامەی ھەولێر

لاهۆز: ریاڵ مەدرید بە پێناڵتییەكی نادروست لە مارسێلیای بردەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

سێ یانەی سعوودی چاودێری ڕەوشی ڕۆدیگەر لە ریاڵ مەدرید دەكەن
یاریزانی ئەڵمانی ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید، لە سەرلیستی بایەخدانانی یانەكانی سعوودیەیە بۆ ئەوەی لە ماوەكانی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بكەن.
ئەمە جاری یەكەم نییە ناوی رۆدیگەر، وابەستەی خولی سعوودیە و گواستنەوە بۆ ئەو خولە دەكرێ، پێشتر یانەی نەسری ئەو وڵاتە زۆر هەوڵی دا بیباتە ریزەكانیەوە، بەڵام دواتر و لە كۆتایی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێكی دیكەی خولی ئیسپانیا (ئینجۆ مارتینز)ی بەرگریكاری بەرشلۆنە گرت.
ئەكرەم كۆنۆر، رۆژنامەنووسی توركیی متمانەپێكراو و تایبەتمەند بە هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: هەرسێ یانەی نەسر، هیلال و ئیتحیاد جەددە، چاودێریی ڕەوشی ڕۆدیگەر لە ریاڵ مەدرید دەكەن.
رۆدیگەر تەمەنی 32 ساڵانە و ئەم دواییە بە هۆی پێكانەوە لە یاریكردن دابڕا، ساڵی كۆتاییەتی لە گرێبەستەكەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید. هێشتاش هیچ لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نەكراوە و یەكلا نەكراوەتەوە، بۆیە بووەتە ئامانجی ئەو سێ یانەیەی خولی سعوودیە.
كۆنۆر باسی لەوە كردووە، كە گرێبەستە سەرنجڕاكێش و بەهازۆرەكان، چەكێكی بەهێزە بە دەست ئەو یانانەی خولی سعوودیەوە، بۆ ئەوەی ئەو ئەستێرە ئەڵمانییە ببەنە ریزەكانیانەوە. بۆیە دەیانەوێ لە نزیكترین كاتدا هەوڵی گواستنەوەی بدەن و تێیدا سەركەوتوو بن.

لاهۆز: ریاڵ مەدرید بە پێناڵتییەكی نادروست لە مارسێلیای بردەوە
لە یاریی نێوان یانەی ریاڵ مەدرید و مارسیلیا، لە دەستپیكی چامپیۆنس لیگ، لێدانێكی سزای مشتومڕاوی بۆ ریاڵ مەدرید ژمێردرا و بەو گۆڵە یارییەكەی بردەوە.
هەرچەندە لەو یارییەدا ئۆلیمپیك مارسیلیا گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، بەڵام دواتر 1-2 گۆڵ یارییەكەی بە ریاڵ مەدرید دۆڕاند.
یاریزانانی مارسیلیا لەو یارییەدا بە هێزێكی زۆر و مۆڕاڵێكی بەرزەوە دەركەوت، بەڵام لێدانی سزای گۆڵی دووەمی ریاڵ مەدرید، شكستبار و بێهیوای كردن، كە جێی مشتومرە.
ناوبژیوان رۆبێرتۆ دی زێربی، بڕیارەكەی ناوبژیوان بە (شەرمەزاركەر) ناوبرد. و ئەو بڕیارە رەخنەی زۆری لێ گیرا.
لە بەرنامەی ماركادۆری ئێزگەی ڕادیۆ ماركادا، ئەلفۆنسۆ پێرێز بۆرۆل، ناوبژیوانی پێشووی نێودەوڵەتی، گومانی هەبوو لەو لێدانە سزایە و بە ڕاشكاوی ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی خۆمەوە، جووڵانەوەیەكی ئاسایی بوو، شایانی ئەو سزادانە نەبوو، یاریزانەكە لەسەر زەوی كەوت و باڵی بە ئاڕاستەی تۆپەكە نەبوو.
لای خۆیەوە، ماتیۆ لاهۆز، ناوبژیوانی پێشوو، كە 15 ساڵ لە خولی ئیسپانی و یارییە نێودەوڵەتییەكان ناوبژیوانیی كرد و لە 2022/2023 وازی هێنا، رایگەیاند: پێم وایە كە بەرگریكاری تەنیا ئەوەی كرد، كە لەسەری بوو، یاریزانەكە ساتمەی دا و دەستی یارمەتیدەری بوو بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییەكەی. باڵەكانی لە دۆخێكی ئاساییدا بوون، لە روانگەی منەوە پێویست نەبوو لێدانی سزا بژمێردرێ، ئەوە روونە، گەرنا ناتوانی هیچ بكەی بە هیچ جۆرێك، یاریزانان گەر پشت بە دەستیان نەبەستن لە كاتی كەوتندا، زۆر تووشی پێكان دەبن،
مێدیاكان بەوەوە نەوەستان و رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كاتەلۆنی، بڵاوی كردەوە كە یانەی ریاڵ مەدرید هەڵگری ژمارەی پێوانەییە لە رووی بۆژماردنی سزاوە لە چامپیۆنس لیگ، كە 63 لێدانی سزایە، بە جیاوازیی لێدانێك لەگەڵ یانەی بایرن میونشن.
دەشڵێ: بە پێچەوانەی ئەوەیە كە هاندەرانی ریاڵ مەدرید، بەردەوام لە خولی ئیسپانیا رەخنە لە ناوبژیوانان دەگرن، بەڵام لە چامپیۆنس لیگ، دۆخەكە تەواو پێچەوانەیە.
سەرەڕای ئەوەش، یاریزانانی مارسیلیا ئاستێكی باشیان پێشكەش كرد، بە جۆرێك هەست بەوە ناكەن بە بەهرەوەریی ریاڵ مەدرید دۆڕابێتن، بەڵكوو لێدانە سزاكە بە هۆكاری شكستی خۆیان دەزانن.

بەرشلۆنە لەبارەی گەڕانەوەی یامال هەواڵێكی ناخۆشی پێ گەیشت
یانەی بەرشلۆنە، هەواڵێكی لەناكاوی پێشگەشت لەبارەی وادەی گەڕانەوەی یاریزان و ئەستێرە دیارەكەی (لامین یامال)، كە هێشتا بەدەست پێكانەوە دەناڵێنێ و لە یارییەكانی داهاتووی بێبەشی دەكات و پێشبینی دەكرێ لەو وادەیە درەنگتر بگەڕێتەوە كە پێشبینی كرابوو.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی باسی لەوە كردووە، كە لامین یامالی 18 ساڵان، بۆ یاریی ئەمڕۆی نێوان بەرشلۆنە و نیوكاسڵ لە دەستپێكی چامپیۆنس لیگ ئامادە نابێت.
هەروەها یامال بۆ یاریی نێوان یانەكەی لەگەڵ هەردوو یانەی خیتافی و ئۆڤییدۆ لە خولی ئیسپانی، دادەبڕێت.
باسی لەوەش كردووە، كە ئەگەری هەیە لە چەند خولەكێكی یاریی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ سۆسیداد بەشداری بكا، بەڵام بە ڕێژەی 100% پێش لوتكەی ئەورووپا بەرانبەر پاریس سان جێرمان، لامال دەگەڕێتەوە، كە بڕیارە لە 1ی ئۆكتۆبەر لە بەرشلۆنە بەڕێوە بچێ، بەڵام یاریگەی یارییەكە هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
لامین یامال، سەرەتای كێشەكەی بۆ 23ی ئاب دەگەڕێتەوە، كە لە یاریی نێوان یانەكەی و لێڤانتی، هەستی بە ئازار كرد لە ناوچەی خوار سكی، لە 31ی مانگ و دوای بەشداریكردنی لە یارییەكەی رایۆ ڤالیكانۆ، توندیی ئازارەكە زیادی كرد.
دوای بەشداریكردنی لە یارییەكەی ئیسپانیا بەرانبەر توركیا، كە 6-0 گۆڵ بردیانەوە، لە خولەكی 70 ناچار بوو بووەستێت.
یامال، ڕۆژانە چارەسەری سروشتی وەردەگرێ و بەرنامەی تایبەتی بۆ چاكبوونەوە هەیە، بەڵام كارگێڕیی یانەكە و تیمی پزیشكی، مەترسیی ئەوە ناخەنە سەر یاریزانەكە كە پێش تەواو چاكبوونەوەی، بەشداری بكا، ئەوەش بە هۆی سروشتی پێكانەكەی، كە ئاڵۆزە و ڕەنگە بە زوویی دووبارە بێتەوە.