رۆژنامەی ھەولێر

ریال مەدرید لە فیفا سكاڵا تۆمار دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

کەناڵی ریال مەدرید لە بەدوادچوونێكدا ناوبژیوانانی لالیگای بە لایەنگیریکردنی بارسێلۆنا هەژمار کردووە، کەناڵە مەدریدییەکە دەڵێت لە سەدەی بیست یەکەمدا بارسێلۆنا ژمارەی کارتە سوورەکانی یاریزانانی تیپی بەرامبەری لە ژمارەی کارتە سوورەکانی خۆی زۆرتر بوون، بەگوێرەی ئامارەکانی کەناڵەکە بارسا لە سەدەی بیست و یەکەم لە لالیگا لە 65 یاری بە یاریزانی زیاتر لەدژی یانەکانی دیکەی لالیگا یاریی کردووە، کەچی ریال مەدرید لەم ماوەیەدا نەک هەر ژمارەی یاریزانەکانی هێندەی تیپی بەرامبەر نەبوون، بەڵکو ژمارەی کارتە سوورەکانی لە تیپی بەرامبەر زیاتر بوون و لە دوو یاری ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر کەمتر بوون.

ناوبژیوانان بە لایەنگیری بارسێلۆنا تۆمەتبار دەكەن
کەناڵی ریال مەدرید لەسەر راپۆرتە وروژێنەرەکانی لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا بەردەوامە، دوای یارییەکەی ریال سۆسیداد کەناڵە مەدریدییەکە هێرشێکی توندی کردە سەر ناوبژیوانانی ئیسپانیا، لە راپۆرتێکیدا کەناڵەکەی میرەنگی دەڵێت: بۆچی دەبێت ئێمە هەمیشە لە لالیگا بە یاریزانی کەمتر لە بارسێلۆنا یاریی بکەین؟.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە چاپی دوێنێی دا، راپۆرتێکی لەبارەی گلەیی و گازاندەکانی ریال مەدرید لە ناوبژیوانانی لالیگا بلاوکردووەتەوە، یانە مەدریدییەکە بڕیاریداوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە وەرزی رابردوو و ئەم وەرزە پێیوایە لەلایەن ناوبژیوانانەوە لەدژی دراون، پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بکات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هەڵە بەردەوامەکانی ناوبژیوانانی لالیگا دابنرێت.
مارکا ئاشکرایکردووە، ریال مەدریدی چیدیکە بەرگە ناگرێت و بەرپرسانی یانەکە بڕیاریان داوە سەرجەم بەڵگەنامەکان کۆبکەنەوە و لە فیفا سکاڵا لەسەر ناوبژیوانانی لالیگا تۆمار بکەن، دوای کەیسی نێگرێرا یانە مەدریدییەکە بەردەوام گلەیی لە ناوبژیوانانی لالیگا دەکات، لەوەتەی وەرزی رابردووەوە لە زۆربەی یارییەکان یاریزانانی لۆس بلانکۆس خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن.
کەناڵی ریال مەدرید هەر بەوەندەش نەوەستاوە و لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: باشە، بۆ لە چامپیۆنزلیگ دۆخەکە جیاوازە؟ لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا ریال مەدرید ژمارەی کارتە سوورەکانی بەراورد بە تیپەکانی رکابەری لە یارییەکان کەمتر بووە، ریال مەدرید +13 یاری ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر زیاتر بوون و بارسێلۆناش تەنیا لە +12 ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر زۆرتر بوون.
ریال مەدرید لە کەناڵەکەی دەشڵێت: لەوەتەی ساڵی 2000 یانەکەمان لە چامپیۆنزلیگ شەش نازناوی بەدەستهێناوە، کەچی لەو ماوەیە لە لالیگا تەنیا نۆ نازناومان بەدەستهێناوە. کەناڵەکەی ریال مەدرید لایەنگیری و پشتیوانی ناوبژیوانانی لالیگا بۆ بارسێلۆنای رکابەرییان بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەراوردکارییە دەزانێت.
کەناڵی ریال مەدرید بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پێشتر بارسێلۆنا ستایشی خێل مانزانۆی کردووە و بە نووسراو بڵاویکردووەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە داوای لە لێژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا کردووە سوودی زیاتر لە مانزانۆ وەربگرن و بە ناوبژیوانێکی ‘ئەزمووندار’ لە قەڵەمی داوە، کە ئەو ناوبژیوانە دوێنێ شەممە یاریی ریال مەدرید و ریال سۆسیدادی بەڕێوەبرد، دین هاوسنی بە کارتی سوور کردە دەرەوە و گۆڵێکی ئاردا گولەریشی رەتکردەوە.
لەوەتەی کەیسی نێگرێرا ئاشکرابووە، کە جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بە وەرگرتنی بەرتیل و بەرتیلدان بە چەند ناوبژیوانێکی لالیگا تۆمەتبار کراوە، رۆژ لەدوای رۆژ ریال مەدرید زیاتر متمانەی بە ناوبژیوانانی ئیسپانیا نامێنێت و بە لایەنگیری بارسێلۆنا تۆمەتباریان دەکات، تەنانەت وەرزی رابردوو فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە داوای گۆڕانکاریی لە لێژنەی ناوبژیوانان کرد.

ناوبژیوانێك سزا درا
كاردانەوەی كارتە سوورەكەی بەرگریكاری ریال مەدرید دین هاوسن تا دێت زیاتر دەبێت، بە گوێرەی رۆژنامەكانی مەدرید یاریدەدەرێكی یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان ریال مەدرید و سۆسیداد بەهۆی ئەم حاڵەتە سڕ دەكرێت، چونكە دانیان پێداناوە كارتە سوورەكەی هاوسن هەڵە بووە.
لە گەڕی چوارەمی لالیگا، لە یاریی نێوان سۆسیداد و ریال مەدرید، بەرگریكاری شایانەكان دین هاوسن لە خولەكی 32 بە كارتی سووری راستەوخۆ لە یارییەكە دەركرا، ئەمەش هێرشێكی گەورەی كەناڵی ریال مەدریدی بە دوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك ریال مەدرید بڕیاری داوە لە فیفا سكاڵا تۆمار بكات، بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید لەم ماوەیە لە بەشێكی زۆر لە یارییەكان بە یاریزانی كەم یارییەكەی تەواو كردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، خۆزێ فێلیكس دیاز لە رۆژنامەی ماركا، ئاشكرای كردووە لە ژووری ڤار دانیان بەوە داناوە كە كارتە سوورەكەی دین هاوسن دروست نەبووە.
ئەم رۆژنامەنووسە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات فیگوێرۆ ڤازكێز، یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی بەشێوەیەكی كاتی سڕكراوە بەهۆی ئەوەی لە یارییەكە مانزانۆی ناوبژیوانی ئاگادار نەكردووەتەوە كە پێداچوونەوە بە حاڵەتەكەدا بكات. لە لایەكی دیكەیشەوە، پێگەی كۆپێ ئیسپانیا رایگەیاندووە تا ئەم كاتە بابەتی سڕكردنی یاریدەدەری ناوبژیوانی یارییەكەی ریال مەدرید و سۆسیداد نەبووەتە فەرمی، بەڵام لێژنەی ناوبژیوانی ئیسپانیا لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەو كارتە سوورەی دێن هاوسن دروست نەبووە.
دین هاوسن، بەرگریكاری نوێی یانەی ریال مەدرید كە بە شوێنگرەوەی سێرخیۆ رامۆس وەسف دەكرێت لە كۆی 8 یاریی بە درێسی ریال مەدرید دوو كارتی سووری بەڕوویدا بەرز كرایەوە.
ریال مەدرید لە دەستپێكی ئەم وەرزە لە لالیگا لەژێر سەرپەرشتی چابی ئالۆنسۆ لە كۆی چوار یاری، چوار سەركەوتنی تۆمار كردووە بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرتووە.