ساجیدە محەمەد
ئافرەت وەک پێویستییەک پێویستی بە هێزێکی ڕووبەڕووبوونەوەیە کە پێکهاتبێت لە ئیرادەی هەستبەخۆکردن و متمانەبەخۆبوون، بۆ ئەوەی بتوانێت شانبەشانی پیاوان خۆی لە گۆڕەپانی سەختی ژیان قایم بکات و، بتوانێت لە هەموو بوارەکانی ژیان کار بکات، تا لەو چوارچێوەیەی کە خۆی تێیدا حەشار داوە لە شەرم و بێدەسەڵاتی، بەربەستەکان ببەزێنێت و بەشداری لە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگە بکات. ئافرەتانی هەڵەبجەش خۆشبەختانە ئەو هێزەیان هەیە و ئەو ڕێچکەیان شکاندووە کە وەرزش تەنها بریتی نییە بۆ پیاو. ئافرەتانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە بواری وەرزشدا، پێشەنگانە هاتوونەتە پێشەوە و سەرکەوتنیان تێیدا بەدەست هێناوە.
یانەی وەرزشیی هەڵەبجە چەندین وەرزش لەخۆ دەگرێت کە ئافرەتان پێشەنگن تێیدا و خاوەنی چەندان بڕوانامە و مەدالیان وەک:
(تۆپی پێ، کاراتی، پاسکیلسواری، شاخەوانی، بالە)
بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئافرەتێکی سەرکەوتووی هەڵەبجە کە لە پلەی باڵادان لە وەرزشەکەی خۆیاندا بۆ هێلین میدیا دواون:
شۆخ ڕزگار، دەرچووی کۆلێژی وەرزش، بە هێلین میدیای ڕاگەیاند: “وەرزشکردن بۆ من حەز و خولیای منداڵیم بووە، بە تایبەت وەرزشی پاسکیلسواری. پەرەدانم بەم وەرزشە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ وەرگیرانم لە کۆلێژی وەرزش. بێگومان پشتگیریی خێزانەکەم نەبوایە تا ئێستە بەردەوام نەدەبووم. گومانی تێدا نییە وەرزش لە شارەکەمان لە ئێستادا لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە لە ڕوانگەی هۆڵەکانی لەشجوانی، مەلەوانگە، یاریی فوتساڵ. وەک خۆشم پڕۆژەیەکی پاسکیلسواریم بۆ خانمان داناوە کە ئامانجم لێی هاندانی خانمانە بۆ گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی و دەروونییان لە ڕێگەی وەرزشەکەوە. وەرزش بۆ من ئەگەر بڵێم گرنگترین بەشی ژیانمە، ئەو کاتەی بە وەرزشی دەبەخشم لە ڕووی تەندروستی و دەروونی هەست بە باشییەکی زۆر دەکەم. پێشکەوتنی وەرزشیی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگا بە ڕووی گرنگیی وەرزش لە ژیانی مرۆڤەکان. ئافرەتانیش بێبەش نین لەم گرنگیپێدانە. دەتوانم ئەوەش بڵێم وەرزش بووەتە هەلی کاریش لە ڕێگەی کردنەوەی هۆڵەکان و شوێنە وەرزشییەکان بۆ دەرچووان و ڕاهێنەرانی وەرزشی. سوپاس بۆ خودا تێگەیشتنم و فراوانبوونی تێڕوانینەکانم گەیشتم بەوەی بڵێم ئافرەتان تەنها بۆ لایەنی تەندروستی وەرزش بکەن نەک دەستکەوتەکانی دنیا. پێشتر وەک کەسێک کە کۆمەڵێک دەستکەوتی وەرزشیم هەیە، ئێستا تاکە خەونم ئەوەیە بە هەموو ئافرەتان بڵێم وەرزشدۆست بن نەک وەرزشکار، چونکە وەرزشکار دەتکات بە کەسێکی سەرکەوتوو لە دنیا، بەڵام وەرزشدۆست کە تەنها وەرزش بۆ تەندروستی خۆت بکەی، سەرکەوتنی هەردوو دنیایە.”
ئافرەتی کورد لە هەموو بوارەکاندا هەوڵ و تێکۆشانی هەبووە، بە جۆرێک شانبەشانی پیاوان لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێ کە دەبێتە هێزێکی بەتوانا بۆ پێشکەوتنی هاوبەش، بەشدار بووە.
هەر لەو بارەیەوە خاتوو ئایندە محەمەد، داوەری عێراق لە کاراتی، وتی: “وەرزشکردن حەز و خولیایەکی منداڵیم بووە و هەر لە منداڵییەوە دەستم کردووە بە وەرزش، و زۆرترین یارییەکانم ئەنجام داوە. لە ٢٠١٨ دەستم کردووە بە هونەری بەرگریی کاراتی و لە ئێستاشدا یاریزان و ڕاهێنەری کچانی کاراتی یانەی سیروانی هەڵەبجەم. خێزانەکەم هۆکاری سەرکەوتنەکانمن، ئەگەر پاڵپشتیی خێزانەکەم نەبوایە نەدەگەیشتمە ئەم ئاستە و بەردەوام نەدەبووم. بێگومان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەرزشکردن بۆ کچان کەمێک قورسە بە تایبەت کاراتی، بەهۆی ئەو کلتوور و عادەتەی کە لە کۆمەڵگاکەمان هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ئێستادا وەرزشکردن لە شارەکەمدا بەرەو پێش ڕۆیشتووە و گرنگییەکی باشی پێ دەدرێت و کچان بە ڕێژەیەکی باش ڕوو لە هونەری بەرگریی کاراتی دەکەن. جگە لەوەی کە سوودێکی تەندروستیی باشی هەیە وای کردووە کە بتوانم بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی تووڕەیی خۆم بکەم و تەرکیزم باشتر ببێت و متمانەم بە خۆم و تواناکانم هەبێت. لە ئێستادا بەهۆی هۆشیاربوونەوەی خەڵکی و تێگەیشتن لەوەی کە ئافرەتانیش مافی وەرزشکردنیان هەیە، و گرنگییەکی باش بە وەرزشکردن دەدەن. لە ئێستادا یاریزان و ڕاهێنەری کچانی کاراتی یانەی سیروانی هەڵەبجەم و داوەری پلە یەکی عێراقم، وە ئامانجم ئەوەیە ببمە ڕاهێنەرێکی باش و یاریزانی باش دروست بکەم و خزمەتی شارەکەم بکەم.”
بێگومان وەرزشکردن بەسوودە بۆ توانای جەستەیی و ڕێکی لەش و تەندروستیی گشت تاکێک، بۆیە لە سەرانسەری جیهان گرنگی بە وەرزش دەدرێت. لە زۆر وڵاتان وەرزش بووەتە سیمبولی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی وڵات. یەکێک لەو خاتوونانەی کە بووەتە جێی شانازیی هەڵەبجەییەکان خاتوو بێریڤان جەلال، مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی هەڵەبجە، کە باس لە سەرکەوتنەکانی خۆی بۆ هێلین میدیا دەکات و دەڵێت: “دەستپێکی کاروانی وەرزشیم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ناوەندیم، مامۆستای وەرزشەکەم زۆر هاوکارم بوو لە بەرەوپێشچوونم، وە هاتنە ناو بواری وەرزشەوە و تایبەتتر یاریی تۆپی پێ. هەمیشە بەشداریی چالاکییەکانی خوێندنگاکانم دەکرد و لەوێوە خولیام بۆ تۆپی پێ و وەرزش بۆ دروست بوو. پشتگیریی خێزان هۆکارێکی گەورەیە بۆ سەرکەوتنی ئافرەت لە بواری وەرزشدا. خێزانەکەم هۆکارێکی باش بوون لە بەرەوپێشچوونم لە بوارەکەدا و گەیشتنم بەم ئاستەی ئێستام. خۆشبەختانە وەرزشکردن لە کۆمەڵگاکەماندا تا ڕادەیەکی زۆر باش ئاسایی بووەتەوە و خێزانەکان منداڵەکانیان لە فێرگەکان تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی گرنگی بە حەز و خولیاکانیان بدەن. من کە خۆم مامۆستای زانکۆم، بێجگە لەوەش وەک یاریزانێک وەرزش خۆشیی بە من بەخشیوە، وەرزش دیدگایەکی تری بۆ من دروست کردووە، هەم لە ڕووی ژیانی ئاساییەوە هەم لە ڕووە وەرزشییەکەوە، بۆیە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ژیانم، وای لێکردم کە بتوانم هەر شتێکم بوێت لە ژیاندا هەوڵی بۆ بدەم و بتوانم بەدەستی بهێنم، بۆیە وەرزش مانایەکی گەورەی هەیە لە ژیانی مندا. بە شێوەیەکی گشتی هەڵەبجە پێشەنگ بووە لە زۆربەی بوارەکاندا و وەرزش بەدەر نییە لەوە. هەڵەبجە خاوەنی چەندین یاریزانی لێهاتوو و سەرکەوتووە، تەنانەت لە ڕیزی هەڵبژاردەکانی عێراقن، بەڵام بێگومان سەرکەوتنی هەر کەسێک دەگەڕێتەوە بۆ توانا و لێهاتوویی خۆیان و ئەو هەوڵەی کە بۆ سەرکەوتن دەیدەن. وەک مامۆستایەکی زانکۆ و لەهەمان کاتدا پاڵەوانی جامی ڕۆژئاوای ئاسیا و یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە پلانمدایە لە داهاتوودا پڕۆفیشناڵانە لە بوارەکەی خۆم بەرەو پێشەوە بڕۆم و خۆشحاڵ دەبم پۆلێک قوتابی لەسەر دەستی من پێ بگەن و بگەن بە خەونەکانیان.”
لە کۆتاییدا، ئافرەتان کرۆکی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک و کلتوور و عادەت نابێتە هۆی وەستاندنیان لە بەرەوپێشچوونیان، بە تایبەت لە بواری وەرزشدا. کوردستان پڕە لە ئافرەتی پڕ وزە و ڕۆشنبیر و وەرزشدۆست کە پێشەنگن لە بوارەکانی خۆیاندا، لە لووتکەی سەرکەوتندان و لە بەرەوپێشچووندان بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادە جیهانییەکان.

