ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو، چارەنووسی زەینەدین زێدان یەكلایی كرایەوە، یاریزانێكی بە رەسەن عێراقیش، خولی ئەورووپا جێدەهێڵێت و لە دەرگەی یانەی زاخۆ پەیوەندی بە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات.
زێدان دەبێتە راهێنەری فەرەنسا
بە گوێرەی رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسا، زینەدین زێدان راهێنەری فەڕەنسی کە لەوەتەی ساڵی 2018 دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە کاری راهێنەرایەتی دوورکەوتووەتەوە، دوای مۆندیالی 2026 دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا، کە پێشتر زیزۆ وەکو یاریزان لەگەڵ کەڵەشێرەکان جامی جیهانی 1998ـی بەدەستهێناوە.
رۆژنامە فەڕەنسییەکە راشیگەیاندووە، دوای مۆندیالی 2026 کە هاوینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، گرێبەستەکەی دیدیێ دیشام کۆتایی دێت و زیدان بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بگرێتە ئەستۆ، لە ئێستاوە زیزۆ خۆی بۆ ئەو ئەرکە نوێیەی ئامادە دەکات کە کیلیان ئێمباپێ کاپتنی هەڵبژاردەکە رۆڵێکی کاریگەری لەو دۆخە هەیە و ئارەزوو دەکات لەژیر سەرپەرشتی نموونەی باڵای خۆی درێسی هەڵبژاردەکەی بپۆشێت.
زیزۆ کە لەگەڵ ریال مەدرید سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی لەسەریەکی بەدەستهێنا، جگە لە ریال مەدرید راهێنەرایەتی هیچ تیمێکی دیکەی نەکردووە و لەم چەند ساڵەی رابردوو یانە گەورەکانی ئەوروپا چەندان ئۆفەری گەورەیان پێشکەش کرد، بەڵام سەرجەمیانی رەتکردەوە.
زاخۆ سوپرایزی بۆ هاندەران هەیە؟
عەمار فەرهاد، سەرۆكی یانەی زاخۆ ئاشكرای دەكات لەگەڵ یاریزانێكی عێراقی خولی ئەورووپا گەیشتوونەتە رێككەوتن، دەشڵێت: پێكهاتەكەمان بە تەواوەتی كامڵ بووە و بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق ئامادەین.
عەمار فەرهاد سەرۆكی یانەی زاخۆ، لە لێدوانێكدا رایگەیاند یانەی زاخۆ لەگەڵ حوسێن عەلی، بەرگریكاری لای راستی پێشووی یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی گەیشتوونەتە رێككەوتن.
سەرۆكی یانەی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەو یاریزانە رەنگە ئەمڕۆ بگاتە زاخۆ و بە فەرمی وەكو یاریزانی نوێی یانەكە دەناسێندرێت.
حوسێن عەلی تەمەن 23 ساڵ، لە دایكبووی وڵاتە سوێدە، لە ئەكادیمیای ماڵمۆ دەستی بە یاریكردن كردووە، یاریی بۆ ئۆرێبرۆی سویدی و هێرنڤینی هۆڵەندیش كردووە و درێسی هەڵبژاردەی عێراقیشی پۆشیوە.
ئەم بەرگریكارە عێراقییە، 63 یاریی بە درێسی یانەی ئۆرێبرۆی سویدی كردووە و 3 ئاسیستی هەبووە و 31 یاریشی بۆ یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی كردووە.
مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە پرێمەرلیگ
خۆزێ مۆرینیۆ نزیکە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ و جارێکی دیکە لەو خولە دەست بە کاری راهێنەرایەتی بکاتەوە، کە پێشتر لەو خولە راهێنەرایەتی چێڵسی، تۆتێنهام و مانچێستەر یونایتدی کردووە.
کەناڵی سکای سپۆرتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی پێشووی فەنەرباهچێی تورکی بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی نۆتینگهام فۆرێست وەربگرێت، کە ئەو یانە ئینگلیزییە شەوی رابردوو بڕیاری دوورخستنەوەی نونو سانتۆس راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەکەی راگەیاند.
کەناڵی سکای سپۆرتس ئاشکراشیکردووە، جۆزێ مۆرینیۆ و ئانجی پۆستیکۆجلۆ بەربژێری سەرەکین بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی نۆتینگهام وەربگرن، کە یاریی داهاتووی ئەو یانەیە دوای چوار رۆژی دیکە لە لە گەڕی چوارەمی پرێمەرلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ دەبێت و لە لەندەن دەبێتە میوانی گەنەرز.
نۆتینگهام لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە سێ یاری بردنەوەیەک و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی دێت.

