رۆژنامەی ھەولێر

رێگە نادرێت رۆبینیۆ لە زیندان بێتە دەرەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رۆژنامەنووسێكی ناوداری ئیسپانیا، كێشەكانی هانزی فلیكی راهێنەری بارسێلۆنا ئاشكرا دەكات، لە لایەكی دیكەیشەوە چارەنووسی رۆبنیۆی بەرازیلی لە زیندان دەبێتە بابەتی گەرمی میدیایەكان، جەخت لەوە دەكرێتەوە نابێت ئەو یاریزانە ئازاد بكرێت.

كێشەكانی بارسێلۆنا دەستنیشان دەكرێت
دوای یەكسانبوونەكەی بارسێلۆنا لە گەڕی سێیەمی لالیگا بەرامبەر رایۆ ڤاییكانۆ، رۆژنامەنووسێكی مەدریدی چوار هۆكاری خراپی بارسێلۆنا لە دەستپێكی ئەم وەرزە دەخاتەڕوو، لە سەرووی هەموویانەوە پێیوایە بارسێلۆنا قەیرانی بەرگری و هێرشبەریشی هەیە.
یەكەم: بارسێلۆنا پێش ریال مەدرید دەستی بە راهێنانەكان كرد و بە ئارامی پلانەكانی داڕشت و بەشداریی لە جامی جیهانی یانەكانیش كرد، سەرەڕای ئەوەی تیپەكەی هانزی فلیك مانگێكی تەواوی لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی بە بەباشی لەم هاوینە خۆی ئامادە بكات، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی یارییە فەرمییەكان شتەكان بەو شێوەیە نەڕۆیشت كە چاوەڕێ دەكرا.
دووەم: بارسێلۆنا لەڕووی بەرگرییەوە بە رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز تەواو لێكهەڵوەشاتەوە، چونكە ئینیگۆ تەنیا بەرگریكار نەبوو، بەڵكو سەركردەی تیپەكە بوو، كاریگەرییەكی باشی بەسەر یاریزانە لاوەكاندا هەبوو، دووانەی ئاراوخۆ و كۆبارسی چەندان هەڵەیان ئەنجدام دا، بەتایبەتی لە یارییەكەی لیڤانتی كە بووە هۆی ئەوەی گۆڵیان لێكرا، جگە لەوەش كۆندێ وەرزەكەی بەباشی دەست پێ نەكرد و شوێنەكەی لە بەرژەوەندی ئێریك گارسیا لەدەست دا.
سێیەم: یاریزانە یەدەگەكان هۆكارێكی دیكەی خراپی بارسێلۆنا بوون، ئەو دەرفەتانەی بۆیان رەخسا نەیانتوانی سوودی لێ وەربگرن، هیچ كامێك لە گاڤی، كاسادۆ و فێرمین نەبوونە پاڵپشتییەكی باش بۆ دەستپێكی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا، یاریزانە یەدەگەكان دەرفەتی ئەوەیان هەبوو خۆیان بسەلمێنن بەڵام ئاستێكی باشیان پێشكەش نەكرد.
چوارەم: دانی ئۆڵمۆ و ماركۆس راشفۆرد تا ئەم كاتە بوونەتە دوو یاریزانی نائومێدكەر، ئاستێكی باشیان پێشكەش نەكردووە، هێرشبەرە ئینگلیزییەكە دەرفەتی زۆری بۆ نەڕەخسا، بەڵام ئۆڵمۆ دوو دەرفەتی باشی بەرامبەر رایۆ ڤاییكانۆ بۆ رەخسا بەڵام لەدەستی دا، قەیرانی هێرشبەری بەهۆی پێكانەكەی لیڤاندۆڤسكی بەڕوونی دیارە.

دادگای بەرازیل رێگە نادات رۆبینیۆ ئازاد بكرێت.
دادگای باڵای بەرازیل رەتیکردەوە، رۆبینیۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل ئازاد بکات، جەخت لەوە دەكرێتەوە دەبێت ماوەی زیندانییەكەی تەواو بكات.
رۆبینیۆ بە تۆمەتی دەستدرێژی بە کۆمەڵ سزای 9 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا ماوە یاساییەکەی لە زیندان بەسەردەبات.
یاریزانە بەرازیلییەکە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە تانەی لە بڕیارەکە دا، بەڵام دادگای باڵای بەرازیل رەتیکردەوە ئازادی بکات و دەبێت ئەو ماوەیەی ماویەتی لە زیندان تەواوی بکات.
دادگا ئەوەی راگەیاندووە، سەپاندنی سزا بەسەر یاریزانەکە بە زۆرینەی دەنگ بووە لە دانیشتنێکی ئاشکرادا.
مێژووی دۆسیەی یاریزانەکەی پێشووی ریاڵ مەدرید و ئەی سی میلان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 کاتێك لە یانەیەکی شەوانە کچێکی ئەلبانی یادی لەدایکبوونی بووە و بە کۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتەسەر، رۆبینیۆ یەکێك بووە لە کەسە دەستدرێژیکارەکان.
ساڵی 2017 لە ئیتاڵیا سزا بەسەر رۆبینیۆ سەپێندرا و ساڵی 2022 دادگای ئەو وڵاتە سزاکەی پشتڕاستکردەوە.
دەستووری بەرازیل رێگە نادات هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رادەستی هیچ وڵاتێك بکرێت، بۆیە دادگەی ئیتاڵیا داوای کرد سزاکە لە وڵاتی خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە رۆبینیۆ لە 2017 گەڕابووەوە وڵاتەکەی.
دەسەڵاتدارانی بەرازیل بە داواکەی ئیتاڵیا رازی بوون و رۆبینیۆ لە بەرازیل زیندانی کرا. بە درێژایی ماوەی دادگا یاریزانەکە بانگەشەی بێتاوانی دەکرد و دەیگوت: بەهۆی رەگەزپەرستییەوە سزا دەدرێت.
رۆبینیۆ ناوی خۆی رۆبسۆن دی سۆزایە و تەمەنی 41 ساڵە، لە مانگی ئاداری 2024ـەوە زیندانی کراوە، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی سانتۆس، ریاڵ مەدرید، مانچێستەر سیتی و ئەی سی میلان کردووە.