هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
لەگەڵ ئەوەی وادەی دەسپێکی خولی نایاب لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دیارکرا، بەڵام بەهۆی زیاد بوونی یانەکان بۆ ٢٤ یانە دەنگۆی دواخستنی خولەکە هەیە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێکە لە نوێنەرەکانی کوردستان لە خولەکە و لە ئێستادا ئامادەکارییەکانی دەسپێکردووە و گرێبەستی چەند یاریزانێکی وەرزی ڕابردووی نوێکردۆتەوە و سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی نوێیە، ڕۆژنامەی هەولێر ئامادەکارییەکانی نوێنەرەکەی سلێمانی دەخاتە ڕوو.
ئامادەکاری تیپەکە بۆ خولی نایابی عێڕاق
دەربارەی ئامادەکارییەکانی تیپەکە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی هەولێر (وسام محەمەد) ئەندامی دەستەی کارگێڕی و سەرپەرشتیاری تیپەکە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو بڕە پارەی بۆ تیپەکە دیاریکراوە 10% زیادی کردووە، بەڵام ئەوەنییە کە بتوانین یاریزانی زۆر باش بگوازینەوە بۆ تیپەکە.
دەشڵێت: بەسەرپەرشتی ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری تیپەکە لە ئێستادا دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە، ١٧ یاریزانی کوردمان لە تیپەکە هەیە، کە ١٥ یاریزانیان وەرزی ڕابردوویش لە یانەکە یاریان کردووە و دوو یاریزانیش ئەمساڵ گرێبەستمان لەگەڵ ئەنجامداون.
نرخی گرێبەستی یاریزانانی پێشمەرگەی سلێمانی چەندە؟
دەربارەی یاریزانە پیشەگەرەکانیش سەرپەرشتیاری یانەی پێشمەرگە گووتی: چوار یاریزانی بەرەگەز عەرەبمان لە تیپەکە هەیە، لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەر، یاریزانە پیشەگەرەکان ئەم وەرزە زۆر بە وردی هەڵمان بژاردوون، کە بریتین لە دوو یاریزانی غانایی و یەک یاریزانی وڵاتی نەیجەر و یەک یاریزانی نێجیری، بازگر لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی بڕی پارەی یاریزانانی تیپەکەی کرد و گووتی: ئەو ٢٥ یاریزانەی کە لە پێکهاتەی تیپەکەدان، کەمترین مووچەی مانگانەی یاریزانانمان یەک ملیۆن دینارە و زۆرترینیش ٣ ملیۆن و نیوە، یاریزانە پیشەگەرەکانیش جیاوازیان هەیە لە ٢٥٠٠ دۆلارەوە دەسپێدەکات تاکو ٤ هەزار دۆلار دەبێت، بە کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە بۆ گرێبەست و مووچەی یاریزانان تەرخان کراوە ٥٥٠ ملیۆن دینارە، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە یاریزان هەیە گرێبەستی گەورەتری پێشکەش کراوە، بەڵام پێشمەرگەی سلێمانی هەڵبژاردووە.
ئامانجی یانەکە لە خولی نایابی عێڕاق
دەربارەی ئامانجی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق، وسام محەمەد گووتی: لە دوو وەرزی ڕابردوو هەموو هەوڵێکماندا کە بگەینە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، وەرزی ڕابردوو وەک پێویست نەبووین، بەڵام دوو وەرز پێشتر کە لە قۆناغی پلەی ئۆف لە بەرانبەر بە یانەی قاسم دۆڕاین و نەمانتوانی سەربکەوین، گەرەکمانە ئەم وەرزەیش بە هەمان روحیەت و ئاستەوە لە خولەکە یاری بکەین، لە ئامادەکارییەکانمان بۆ وەرزی نوێ بەردەوام دەبین و لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو دوای گەیشتنی یاریزانە پیشەگەرەکانمان لە پلانمان دایە کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان ئەنجام بدەین و چەند یارییەکی دۆستانەیش ئەنجام بدەین.
وەرزی ڕابردوو پێشمەرگەی سلێمانی لە خولی نایابی عێراق، لە ٣٨ یاری ١٢ یاری براوە بوو، لە ١٢ یاریشدا یەکسان بوو، ١٤ یاریشی دۆڕاند و بە کۆکردنەوەی ٤٨ خاڵ خانەی دەیەمی ریزبەندی بەدەستهێنا.

