رۆژنامەی ھەولێر

لە خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان یانەکانی سیروانی نوێ، هەولێر، زاخۆ بە فەرمی گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشکران، بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناغ دووەم بەڕێوەچوون و یانەکانی سیروانی نوێ، هەولێر، زاخۆ، سەرکەوتنیان بۆ چوارگۆشەی زێڕین مسۆگەر کرد.

سبەی گەڕی شەشەمی یارییەکان دەکرێن
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری
لەگەڕی پێنجەمی یارییەکاندا و لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی هەولێر لەسەر یاریگەی خۆی بە پێنج گۆڵی بێ بەرانبەر لە ئاکرێی بردەوە و سەرکەوت بۆ چوارگۆشەی زێڕین، لە کۆمەڵەی دووەمدا زاخۆ بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە پێشمەرگەی هەولێری بردەوە و خۆی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕین، لە کۆمەڵەی سێیەم شۆرجە لەسەر یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکیی گەورەی تۆمار کرد و بە نۆ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە رانیەی بردەوە و لەم کۆمەڵەیە گەری ڕابردوو سیروانی نوێ خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی، لە کۆمەڵەی چوارەم خاک بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە رزگاری بردەوە و یەک هەنگاو لە چوار گۆشەی زێرین دوورە.
یارییەکانی گەڕی شەشەم و کۆتایی سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی خۆی لاوانی ئاکرێ میوانداری لاوانی پیشەسازی دەکات، لاوانی هەولێر چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری لاوانی هەندرێن دەکات، لاوانی زاخۆ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان رانیە میوانداری لاوانی سیروانی نوێ دەکات و لاوانی شۆرجە چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی خاک میوانداری لاوانی قەڵادزێ دەکات و پێویستی بە یەک خاڵە تاکو بەفەرمی بگاتە چوارگۆشەی زێڕین لاوانی رزگاری چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.

ڕیزبەندی خولەکە دوای یارییەکانی گەڕی پێنجەم
کۆمەڵەی یەکەم:
١-هەولێر ٤ یاری ٩ خاڵ
٢- پیشەسازی ٣ یاری ٦ خاڵ
٣- ئاکرێ ٣ یاری سفر خاڵ
کۆمەڵەی دووەم:
١-زاخۆ ٤ یاری ١٠ خاڵ
٢-هەندرێن ٣ یاری ٣ خاڵ
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٣ یاری ١ خاڵ
کۆمەڵەی سێیەم:
١-سیروانی نوێ ٣ یاری ٩ خاڵ
٢-شۆریجە ٤ یاری ٦ خاڵ
٣- رانیە ٣ یاری سفر خاڵ
کۆمەڵەی چوارەم:
١-رزگاری٤ یاری ٧ خاڵ
٢-خاک ٣ یاری ٧ خاڵ
٣- قەڵادزێ ٣ یاری سفر خاڵ

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی گەڕی یەکەمی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ١٥ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- فەرهاد عوسمان – ١٠ گۆڵ یانەی خاک
٣- کاردۆ کاوە – ١٠ گۆڵ یانەی رزگاری
٤- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٥- هێژا خۆشناو – ٨ گۆڵ یانەی هەولێر
٦- مستەفا عودەی – ٨ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٧- یونس ئەحمەد – ٨ گۆڵ – یانەی زاخۆ
٨- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٩- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
١٠- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١١- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە.