رۆژنامەی ھەولێر

پێشمەرگەی هەولێر بۆ خولی نایابی کوردستان گرێبەستی حەوت یاریزانی ڕاگەیاند

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کاتی بەڕێوەچوونی خولی نایابی کوردستانی دیاریکرد، لە ئێستادا یانەکان سەرقاڵی واژۆ کردنی گرێبەستی یاریزانان و ئامادەکارییەکانیان دەسپێکردووە، لەلایەکی تر بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یانەی نەورۆز گرێبەستی چوار یاریزانی ئەوروپی راگەیاند.

پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستی چەند یاریزانێکی نوێکردەوە
بەفەرمی یانەی پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستی چەند یاریزانێکی نوێکردەوە، لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان یانەکان لە ئامادەکارییەکانیان بەردەوامن، یانەی پێشمەرگەی هەولێر، دوای دەست نیشانکردنی ستافی ڕاهێنەرانی یانەکە بەفەرمی گرێبەستی هەریەک لە یاریزانان، نیاز سەباح، محەمەد جەوهەر، محەمەد سەردار و گۆڵپارێز ئەحمەد ڕێبوار، هەردی سیامەندی نوێکردەوە، هەروەها یانەکە دوو گرێبەستی نوێشی راگەیاند کە بریتی بوون لە بەرگریکاری پێشووی یانەی چوارقوڕنە، خەسرۆ محەمەد و هێرشبەری پێشووتری یانەکانی شەقڵاوە و ئارارات شەوکەت محەمەد، چاوەڕی دەکرێ لە چەند ڕۆژی داهاتوو یانەکەی پیرمام بەردەوام بێت لە نوێکردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێکی تر و کۆمەڵێک گرێبەستی نوێیش ڕابگەیەنێت.
یانەی پێشمەرگەی هەولێر تا ئێستا سێ جار بۆتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و دوو وەرزی ڕابردوویش هەردوو جار پلەی دووەمی خولەکەی بەدەستهێناوە.

نەورۆز گرێبەستی چوار یاریزانی راگەیاند
بەفەرمی یانەی نەورۆز گرێبەستی چوار یاریزانی ئەوروپی راگەیاند، یانەکەی سلێمانی لەپەرەی فەرمی خۆی گواستنەوەی چوار یاریزانی نوێی بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند
چوار یاریزانر پیشگه‌رە ئه‌وروپیەکە ئەمانەن: گایتان لۆرا (هێرشبەری فەرەنسی) ئەو یاریزانە بەرەگەز خەڵکی کۆنگۆیە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، رەگەزنامەی فەرەنسی هەیە، لەخولەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و تورکیا یاری کردووە، فیلیپ مالباسیچ (هێرشبەری سربی) تەمەنی ٣٢ ساڵە و یاری بۆ هەڵبژاردەی تەمەن ٢١ ساڵانی سربیا کردووە، لە خولی ئەڵمانی لە یانەی هۆفنهایم و لە خولی ئیسپانی یاری بۆ قادش کردووە، نۆلان ئمبێمبا (ناوه‌ڕاستكار فەرەنسی) ئەو یاریزانە تەمەنی ٢٥ ساڵە و بەرەگەز خەڵکی وڵاتی بۆسنەو هەرسکە و رەگەزنامەی سربی هەیە، لەدڵی بەرگری یاری دەکات و لە خولی سلۆڤینی و سربی یاری کردووە، كریستیجان تۆجیچ (به‌رگریكاری سربی) بەرەگەز خەڵکی کۆنگۆی دیموکراتە و رەگەزنامەی فەرەنسی هەیە، تەمەنی ٣٠ ساڵە و لە ناوەڕاست و ئیرتیکاز یاری دەکات.

دەربەندیخان بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی ڕاهێنەرەکەی نوێدەکاتەوە
یانەی دەربەندیخان بڕیاری داوە بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی دڵشاد محەمەد لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە نوێبکاتەوە، بەپێی زانیارییەکان، دەستەی کارگێڕی یانەی دەربەندیخان گڵۆپی سەوزی بۆ دڵشاد محەمەدی راهێنەری وەرزی پێشوو هەڵکردووە، بۆ ئەوەی وەرزێکی تریش لە راهێنەرایەتی یانەکە بەردەوام بێت، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئێستاشدا ئەو راهێنەرە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ یاریزانان بۆ دروستکردنی پێکهاتەی یانەکەی بۆ وەرزی نوێی خولەکانی کوردستان.
دڵشاد محەمەد وەرزی رابردوو وەک راهێنەر یەکەم ئەزمونی خۆی لە خولی نایابی کوردستان لەگەڵ یانەی دەربەندیخان تاقیکردەوە و بە ٣٨ خاڵ پلەی حەوتەمی خولەکەی بەدەست هێنا.