بارزان ئەکرەم – هەولێر
یانەی هەولێر نزیکەی سێ هەفتەیە ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر باسم قاسم مەشق دەکات یەکەم یاریی دۆستانەیان بەرامبەر دهۆک بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، راهێنەر لەسەر دۆخی تیپەکە روونکردنەوەی بۆ هاندەرانی هەولێردا.
باسم قاسم باسی پلانەکانی ئەم وەرزە و بەربەستەکانی بەردەم پلانەکانی تیپەکە کرد و گوتی”ئێمە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و لە گفتوگۆمان لەگەڵ برایانی دەستەی کارگێڕیش لەسەرئەوە رێکەوتووین کە یەکێک بین لە شەش تیپەکەی پێشەنگ، ئێمە هیچ کاتێک باسی ئەوەمان نەکردووە کە رکابەری بکەین، ئەگەرچی ویستی ئەوەمان هەیە و مافی هاندەرانیشە کە ویستی ئەوەیان هەبێت، بەڵام دەبێ بەلۆژیک و بەپێی راستییەکان کاربکەین و من نامەوێت یاریی بەهەست و ویستی هاندەرەکانمان بکەم، چونکە تیپێک کە بەو درەنگییە دەستی بەئامادەسازیی کردبێت و ئەگەر لەگەڵ درەنگ دەستپێکردنەکەدا لانیکەم لەسەدا 40 تاوەکو پەنجا یان حەفتای یاریزانە کۆنەکانی هێشتبێتەوە دەکرێ لە دۆخێکی باشتردا بێت، بەڵام ئێمە وێڕای دواکەوتنەکە و درەنگ دەستپێکردنەکەش، تەنیا بیست لەسەدی یاریزانەکانی پێشوومان هێشتووەتەوە، ئێمە تەنیا پێنج تاوەکو شەش یاریزانی پێشترمان هێشتووەتەوە و نزیکەی 17 یاریزانی نوێمان هەیە، هەربۆیە لەسایەی ئەم دۆخەدا دەبێ بەروونی و بەراشکاوانە قسە لەگەڵ هاندەرەکانمان بکەین و من پێشتریش گوتوومە هەولێر ئێستا لە دۆخێکدایە هاوشێوەی ئەو دۆخەی دهۆک لە 2006 و 2007 هەیبوو، ئەوکات من کاتێک تیپەکەم وەرگرت لە پلەی 14 یان 17 بوو، ئێستا هەولێر هەمان دۆخی هەیە و ئێمە دەبێ سەرلەنۆێ تیپەکە دروست بکەینەوە و تیپێکی نوێ دروست بکەین و دوای ئەوە لە وەرزی داهاتوودا ئێمە لە شەش پێشەنگەکە بین و پاشان پشتبەخوا هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ دهۆک کردمان وەرزی دواتر لە چوارەم بین و پاشان دەرچین بەرەو بردنەوەی نازناوەکە. ئەمە تێڕوانینێکی لۆژیکییە و پێموانییە هیچ راهێنەرێک هەبێت بتوانێت بەپێچەوانەی ئەم لۆژیکەوە کاربکات، بەڵام وێڕای ئەوەش من دووپاتیدەکەمەوە کە ویست و مافی خۆمانە و هیوادارم هەمووان لەوە تێبگەن کە دۆخی هەولێر چۆنە و چۆن دەناڵێنێت و پشتمان بگرن و لەگەڵمان بن و من بەڵێنیش بەهاندەرانی هەولێر دەدەم کە هەنگاوەکانمان بەپلان و پاش بیرلێکردنەوە دەبێت، تاوەکو هەولێر بگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتەکانی و ئێمەش گرەو “لەسەر ئەوە دەکەین.
باسم قاسم لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لەسەر دروستکردنی پێکهاتەی تیپەکە وتی”
لە راستیدا کارەکە لە دەستنیشانکردنی یاریزانی نێوخۆیی ئەوەیە کە ئێمە لەکاتی وەرگرتنی ئەرکەکەدا بینیمان کە راستییەکە ئەوەیە، یانەکان تەنانەت بەر لە کۆتایی هاتنی وەرز گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ دەکەن، کەچی ئێمە تەنانەت پاش ئەو هەموو دواکەوتن و دوای درەنگ دەستپێکردن و نزیکبوونەوە لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ، ئینجا بێی یاریزانی نێوخۆیی بهێنیت، ئەوکات بەدڵنیاییەوە دەبینی گۆڕەپانەکە چۆڵبووە و یاریزان نەماوە، هەربۆیە ئێستا هەڵبژاردنەکەنمان لەسەر بنەمای ئەوانەیە کە بەردەستن، تەنانەت ناتوانم ناوی بنێم هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن ئەوکاتەیە کە تۆ باشترین هەڵدەبژێریت، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەبوو و دەستمان بۆ ئەوانەبرد کە لە گۆڕەپانەکەدا هەبوون و من راشکاوانە بڵێم یاریزانم بەناچاری نەهێناوە، بەڵکو یاریزانم بەکوالیتی دیاریکراو هێناوە کە دەتوانن ئەم قۆناخەمان لەگەڵدا تێپەڕێنن و بەدڵنیاییەوە ئەگەر کاتمان هەبووایە یاریزانی “کوالیتی باشترمان دەهێنا.
باسم قاسم لەسەر یاریزانە پیشەگەرەکان چی دەڵێت؟
“هەمان شت بۆ یاریزانە پیشەگەرەکانیش راستە، من راشکاوانە بڵێم ئیستا یاریزانە پیشەگەرەکان زۆرینەیان بوونەتە بار و قورسایی بەسەر راهێنەرانەوە، چونکە زۆرینەی پیشەگەرەکان ئەگەر بەهۆی پارەوە نەبێت نایەن، بەڵگەش بۆ قسەکانم ئەوەیە کە هەر یانەیەک شەش یاریزان لە بیست تیپی بدە دەکاتە 120 یاریزان، لە پێنجی بدە دەکاتە 700 یاریزانی پیشەگەر، ئایا دەتوانی لە نێو ئەو ژمارەیەدا دە یاریزانی پیشەگەری نایابم بدەیتێ؟ کەواتە پڕۆسەی پیشەگەرییەکە پرۆسەیەکە بەو شێوەیە بەڵام ئێمە ناچارین مامەڵەی لەگەڵدابکەین چونکە خولەکە خولی ئەستێرەکانە و پەیوەندی بەمۆلەت پێدان و ئەو شتانەوە هەیە. لەبەرئەوە من پێموایە پەلەنەکردن و دواکەوتن باشترە لەوەی هەڵە بکەیت، چونکە دواکەوتن دەکرێ چاک بکرێ، بەڵام هەڵەکردن بەوەی یاریزانەکە ساڵێک لەگەڵتدا بێت بەهەڵە، ئەوە چاک ناکرێت و من راشکاوانە دەڵێم، لەوانەیە چوار یاریزانی پیشەگەرمان من پرۆسەکەم خاوکردنەوە، چونکە هەستمکرد کە دەستتێوەردان هەیە، ناڵێم لەلایەن کارگێڕیی و کەسانی باڵادەستەوە، بەڵکو لەوانەیە بڵێم لەلایەن بەڕێوەبەری کار و بریکاری یاریزانانەوە کە دەیانویست سوود لە یانەکە وەربگرن، هەربۆیە کارەکەم خاوکردەوە و ستراتیژی گرێبەستەکانم گۆڕی و ئەمڕۆ دەستمکرد بەدەستنیشانکردنی یاریزانێکی پیشەگەری لیبرۆ کە پشتبەخوا گرێبەستەکەی تەواو دەبێت و سبەی هێرشبەرێکی ئاستبەرز دەهێنین، هەر بەهۆی ئەو ستراتیژیەتە نوێیەوە و بەداخەوە دەکرا چوار یاریزانی پیشەگەر یەکلابکەینەوە، بەڵام دەستتێوەردانی هەندێک بەداخەوە کارەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانانە “هەڵوەشاندەوە.

