مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕۆدریگۆ بڕیاری دا لە ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە
یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید (ڕۆدریگۆ جۆس)، كۆتایی بە چەند هەفتەیەك گەنگەشە و هەراوزەنای لەبارەی رۆیشتن یان مانەوە لە یانەی ریاڵ مەدرید هێنا.
رۆژنامەی ئاستی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە یاریزانی بەڕازیلی ڕۆدریگۆ، سەركەوتوو بووە لە بڕواپێهێنانی راهێنەر بۆ ئەوەی لە یانەكە بمێنێتەوە تا بتوانێ جێی خۆی لە پێكهاتەی یانەكە بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ڕۆدریگۆ، بڕیاری دا ئەم وەرزە لە ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە و ئەلۆنسۆشی لەو بارەیەوە ئاگەدار كردووەتەوە.
بە درێژایی ماوەی گواستنەوەی هاوینە، ناوی ڕۆدریگۆ بە جۆرێك دەهات، كە لە یانەی ریاڵ مەدرید دەڕوات، یانەی ریاڵ مەدرید هیوای وابوو لە گرێبەستی فرۆشتنی ئەو یاریزانە، نزیكەی 90 ملیۆن یۆرۆی دەست بكەوێ، بەڵام یاریزانەكە تەنیا بیری لەوە دەكردەوە بچێتە یانەیەك داخوازییە داراییەكانی جێبەجێ بكات.
وێڕای نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان، هیچ گرێبەستیكی وەها بۆ ئەو یاریزانە نەچوو، كە یانەكە و یاریزانەكەیش پێی ڕازی بن. بۆیە لە كۆتاییدا بڕیاری دا لە یانەی ریاڵ مەدرید و یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بمێنێتەوە.
مێدیاكە ڕوونیشی كردووەتەوە، كە دەركەوتنی ڕۆدڕیگۆ بەرانبەر ریاڵ ئۆڤیدۆ، دوای ئەوەی ئەلۆنسۆ ڕێگەی دا لە شوێنی دڵخوازی خۆی كە باڵی چەپە، یاری بكات. كە هەمان ئەو شوێنەیە كە ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریی تێدا دەكات.
ئەو بڕیارە تەكتیكییە، وای لە ئەلۆنسۆ كرد، كە نەك تەنیا وەكوو بژاردەیەكی متمانەپێكراو، بەلكوو وەكوو یاریزانێكیش بۆ ئەوەی ببێتە پاڵنەرێك بۆ باش دەركەوتنی ڤینیسیۆس، بیخاتە گەڕ.
هانز فلیك: گەڕانەوەی شتیگن گرنگە و یامال بە تەنیا یاری یەكلا دەكاتەوە
هانز فلیك، راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بەرشلۆنە، باسی لەوە كرد كە گەڕانەوەی تیر شتیگن بۆ یاریكردن گرنگ بووە و پەسنی یامالیشی دا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، گوتەكانی هانز فلیكی گواستەوە، كە دەلێ: گۆڵپارێزێكی لاو (خوان گارسیا)ـمان هەیە و بەهرەوەرێكی زۆر باشە، گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر باڵا، هەموومان بڕیارمان داوە كە داهاتووی بەرشلۆنە بێ و ئەوە كارێكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ ئێمە.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە هێشتا تیر شتیگن پێویستە باشتر بێ، ئەوەی گرنگە ئەو و یانەكە لێك نزیكن و كەناڵی گونجاویان لەگەڵ یەك دۆزیوەتەوە. گەڕانەوەی زۆر گرنگە، ئەو گۆڵپارێزێكە لە ریزی پێشەوە، پاڵپشتیی تەواوی دەكەین بۆ گەڕانەوە بۆ باشترین ئاستی.
دەشڵێ: وەرزەكە لە رووی ئەنجامەوە باش دەڕوا، بەڵام من بە تەواوی ڕازی نیم، بە تایبەت كە یاریی ئەم دواییە بە 2 گۆڵ لە دوا بووین و دواتر سێ گۆڵمان كردەوە و سێ خاڵمان بردەوە. ئەوەش كارێكی باشە و متمانەبەخشە بۆ یارییەكانی داهاتوو.
لەبارەی یامالیشەوە دەڵێ: پێم وا نییە یاریزانان بەراوردی یەك بكرێن، یامال زۆر پڕتوانا و پڕۆفیشناڵە، ئەوەش تەنیا لە 18 ساڵی تەمەنیدا بە تەنیا یارییەكان یەكلا دەكاتەوە، ئەو لەسەر ڕێیەكی ڕاستدایە. هەروەها یاریزانێكی زۆر ژیر و زیرەكە، بەڵام پێویستە بەردەوام بێ لەوەی لە كەسانی دیكەوە فێر بێت. من باوەڕم وایە كە لەو باشترین یاریزنانانەی جیهانە كە من بینیبێتم.
كارلۆ ئەنچیلۆتی، یانەی بەرشلۆنەی تووڕە كردووە
كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، ڕووبەڕووی شەپۆلێكی ناڕەزایی لەنێو یانەی بەرشلۆنە بووەوە، دوای ئەوەی یاریزانێكی بەرشلۆنەی بردووەتە لیستی دووەمی هەڵبژاردەكە.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی بڵاوی كردەوە، كە ئەنچیلۆتی، بە شێوەیەكی ئاشكرا لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی بەڕازیل، كاری بۆ بەرژەوەندیی یانەی ریاڵ مەدرید كردووە، دوای ئەوەی پشووی بە هەرسێ یاریزانی ریاڵ مەدرید، ئیدیێر میلیتاو، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ڕۆدڕیگۆ دا.
لە كاتێكدا بانگهێشتنی رافینیای كردووە بۆ ئەنجامدانی یارییەكی ناكاریگەر، لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوول.
هەڵبژاردەی بەڕازیلی، كە گەیشتنی بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر كردووە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو4ی مانگی ئەیلوول بەرانبەر چیلی و رۆژی 9ی ئەیلوول بەرانبەر بۆلیڤیا یاری دەكا.
بەرشلۆنە پێی وایە كە ریاڵ مەدرید سوودمەند بووە لەوەی یاریزانانی پشوو پێ بدا، بەڵام بەرشلۆنە ئەو یاریزانە باڵەی لەدەست دا.
بەرشلۆنە پلان دادەنێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل بكا، بۆ ئەوەی رافینیای بۆ بگەڕێتەوە لە یاریی دووەم بەرانبەر بۆلیڤیا و تەنیا بەشداریی یارییەكەی چیلی بكات لە ڕیۆ دی جانیرۆ. ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو یاریزانە كەمتر ماندوو بێت و بە زوویی بگەڕێتەوە ئیسپانیا.

