رۆژنامەی ھەولێر

یانەکانی سیروانی نوێ، هەندرێن، پیشەسازی و خاک سەرکەوتنیان تۆمار کرد

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشکران، بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناغ دووەم بەڕێوەچوون و یانەکانی سیروانی نوێ، هەندرێن، پیشەسازی، خاک سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

سبەی گەڕی چوارەمی یارییەکان دەکرێن
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری.
لەگەڕی سێیەمی یارییەکاندا و لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی پیشەسازی لەسەر یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە لاوانی ئاکرێی بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا هەندرێن بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە پێشمەرگەی هەولێری بردەوە، لە کۆمەڵەی سێیەم سیروانی نوێ لەسەر یاریگەی خۆی گەورەترین سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە پێنج گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە رانیەی بردەوە، لە کۆمەڵەی چوارەم خاک بەچوار گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە قەڵادزێی بردەوە.
یارییەکانی گەڕی چوارەمیش سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی خۆی لاوانی پیشەسازی میوانداری لاوانی هەولێر دەکات، لاوانی ئاکرێ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی هەندرێن میوانداری لاوانی زاخۆ دەکات، لاوانی پێشمەرگەی هەولێر چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان سیروانی نوێ میوانداری لاوانی شۆریجە دەکات و لاوانی رانیە چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی قەڵادزێ میوانداری لاوانی رزگاری دەکات و لاوانی خاک چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.

ڕیزبەندی کۆمەڵەی یەکەم
١-پیشەسازی ٢ یاری ٦ خاڵ
٢-هەولێر ٢ یاری ٣ خاڵ
٣- ئاکرێ ٢ یاری سفر خاڵ

ریزبەندی کۆمەڵەی دووەم
١-زاخۆ ٢ یاری ٤ خاڵ
٢-هەندرێن ٢ یاری ٣ خاڵ
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٢ یاری ١ خاڵ
ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەم
١-سیروانی نوێ ٢ یاری ٦ خاڵ
٢-شۆریجە ٢ یاری ٣ خاڵ
٣- رانیە ٢ یاری سفر خاڵ

ریزبەندی کۆمەڵەی چوارەم
١-رزگاری٢ یاری ٤ خاڵ
٢-خاک ٢ یاری ٤ خاڵ
٣- قەڵادزێ ٢ یاری سفر خاڵ

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی گەڕی یەکەمی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ١٠ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- فەرهاد عوسمان – ١٠ گۆڵ یانەی خاک
٣- کاردۆ کاوە – ٩ گۆڵ یانەی رزگاری
٤- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٥- هێژا خۆشناو – ٨ گۆڵ یانەی هەولێر
٦- مستەفا عودەی – ٨ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٧- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٨- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
٩- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١٠- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە
١١- یونس ئەحمەد – ٦ گۆڵ – یانەی زاخۆ