هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشکران، بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناغ دووەم بەڕێوەچوون و یانەکانی شۆریجە و هەولێر، سەرکەوتنیان تۆمار کرد.
سبەی گەڕی سێیەمی یارییەکان دەکرێن
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری
لەگەڕی دووەمی یارییەکاندا و لە ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراودا لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی هەولێر لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە چوار گۆڵی بێ بەرانبەر لە لاوانی ئاکرێی بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا پێشمەرگەی هەولێر و زاخۆ بەبێ گۆڵ بەرانبەر بوون، لە کۆمەڵەی سێیەم شۆریجە لەدەرەوەی یاریگەی خۆی گەورەترین سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە رانیەی بردەوە، لە کۆمەڵەی چوارەم رزگاری و خاک بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان یەکسان بوون.
یارییەکانی گەڕی سێیەمیش سبەی دووشەممە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی خۆی لاوانی پیشەسازی میوانداری لاوانی ئاکرێ دەکات، لاوانی هەولێر چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی هەندرێن میوانداری لاوانی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، لاوانی زاخۆ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان سیروانی نوێ میوانداری لاوانی رانیە دەکات و لاوانی شۆرجە چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی قەڵادزێ میوانداری لاوانی خاک دەکات و لاوانی رزگاری چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی گەڕی یەکەمی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ١٠ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- کاردۆ کاوە – ٩ گۆڵ یانەی رزگاری
٣- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٤- هێژا خۆشناو – ٨ گۆڵ یانەی هەولێر
٥- فەرهاد عوسمان – ٨ گۆڵ یانەی خاک
٦- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٧- مستەفا عودەی – ٧ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٨- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
٩- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١٠- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە
١١- یونس ئەحمەد – ٦ گۆڵ – یانەی زاخۆ

