رۆژنامەی ھەولێر

چارەنووسی یانەی نەورۆز هاندەرانی سلێمانی نیگەران كردووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رووداوەكانی 20ـی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی چارەنووسی یانەی نەورۆزی بەرەو دۆخێكی نادیار بردووە و تا ئێستا وادەی گەڕانەوەی راهێنانەكانی ئەو یانەیە دیار نییە.
دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، هاندەرانی یانەی نەورۆز نیگەرانی بارودۆخی یانەکەیانن و لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا داوا دەكەن كێشە سیاسییەكان تێكەڵ بە وەرزش و یانەكە نەكرێت.
یانەی نەورۆز یەکێک لە چوار یانە کوردییەکەی بەشداربووە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەو یانەیە خاوەنی هاندرێكی بێشوومارە لە كاتی یارییەكان شاری جمەی لە هاندەرانی نەورۆز دێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی روداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، زۆرێک لە هاندەرانی یانەکەیان دەیانەوێت بزانن دۆخی یانەکەیان بەرەو کوێ دەگات، بەوپێیەی راهێنانەكانی یانەكە وەستاوە و یاریزانەكان ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتوون یانەی نەورۆز تێکەڵ بەم دۆخە ناکرێت و رەنگە چەند گۆرانکارییەکی بچووک لە یانەکە بکرێت و چەند کەسێک لە دەستەی کارگێڕی یاخود بەرێوەبردنی یانەکە زیاد بکرێت.
هەولێر زانیاری ئەوەشی دەستکەوتووە هیچ پلانێك نییە بۆ ئەوەی تەواوی دەستەی كارگێری و بەڕێوەبەرانی یانەكە بگۆڕدرێن، بەڵام پێشبینی دەكرێت گۆڕانكارییەك رووبدات و كەموكورتییەكانی یاریگەكەش چاك بكرێتەوە و پاڵپشتی ماددی زیاتری دەستەی هونەریش بكرێت.
یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق ستافێكی نوێی راهێنەرانی گواستووەتەوە، ئاراز یاسین، كوردێكی باكووری كوردستانە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرتووە و لە مێركاتۆی ئەم هاوینە 9 یاریزانی نوێیان گواستووەتەوە و دەستبەرداری 11 یاریزان بوونە و گرێبەستی 9 یاریزانیشیان نوێكردووەتەوە.