رۆژنامەی ھەولێر

لە خولی خوار 20 ساڵانی کوردستان یانەکانی سیروانی نوێ، رزگاری، زاخۆ و پیشەسازی سەرکەوتنیان تۆمار کرد

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشکران، بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناغ دووەم بەڕێوەچوون و یانەکانی سیروانی نوێ، رزگاری، زاخۆ، پیشەسازی سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

كاتی یارییه‌كانی گەڕی دووەم دیاریكرا
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری
لەگەڕی یەکەمی یارییەکاندا و لە ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراودا لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی پیشەسازی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە لاوانی هەولێری بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا زاخۆ بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە لاوانی هەندرێنی بردەوە، لە کۆمەڵەی سێیەم سیروانی نوێ لەدەرەوەی یاریگەی خۆی گەورەترین سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە شۆریجەی بردەوە، لە کۆمەڵەی چوارەم رزگاری بە هەمان ئەنجام سەرکەوت بەسەر لاوانی قەڵادزێ.
یارییەکانی گەڕی دووەمیش سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی ئاکرێ لاوانی ئاکرێ میوانداری لاوانی هەولێر دەکات، لاوانی پیشەسازی چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری لاوانی زاخۆ دەکات، لاوانی هەندرێن چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان رانیە میوانداری لاوانی شۆرجە دەکات و لاوانی سیروانی نوێ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی خاک میوانداری لاوانی رزگاری دەکات و لاوانی قەڵادزێ چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی گەڕی یەکەمی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ٩ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٣- کاردۆ کاوە – ٨ گۆڵ یانەی رزگاری
٤-رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٥- مستەفا عودەی – ٧ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٦- هێژا خۆشناو – ٧ گۆڵ یانەی هەولێر
٧- فەرهاد عوسمان – ٧ گۆڵ یانەی خاک
٨- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
٩- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١٠- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە
١١- یونس ئەحمەد – ٦ گۆڵ – یانەی زاخۆ