بارزان ئەکرەم – هەولێر
هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، میوانداریی یارییەکی دۆستانە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەفسانەکانی عێراق و دێرینەکانی کوردستان دەکات، کە ئەو یارییە لەسەر داواکاریی سامر سەعید، رێکخەری کاروباری هەڵبژاردەی ئەفسانەکانی عێراق بووە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 05:00ی ئێوارە لەنێو یاریگەی هەندرێن لە شاری هەولێر، هەڵبژاردەی ئەفسانەکانی عێراق یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی کوردستان دەکات.
ئەو یارییە لەسەر داواکاریی سامر سەعید، رێکخەری کاروباری هەڵبژاردەی دێرینەکانی عێراق بووە،
سەبارەت بەو یارییە سامر سەعید کۆبوونەوەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کردووە و ئامادەکاریی تەواو کراوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو ئەستێرەیەی پێشووی عێراق بە یاوەری محەممەد خۆشناو، ئەستێرە و گۆڵکاری مێژووی یانەی هەولێر سەردانی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش بکەن و کارەکانی تایبەت بەو یارییە تەواو بکەن.
یاریی هەڵبژاردەی دێرینەکانی عێراق بینەرێکی زۆری هەیە، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری یاریزانانی سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردی عێراق وەک یونس مەحموود، سامر سەعید، نور سەبری، مەهدی کەریم، ساڵح سەدیر، هاوار مەلا محەممەد لەگەڵ رەزاق فەرحان یاریی بۆ دەکەن، حەکیم شاکر گەورە راهێنەری عێراق سەرکردایەتی تیپەکە دەکات.
هەرچی هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی کوردستانە، محەممەد خۆشناو سەرپەرشتیاریی تیپەکەیە و ژمارەیەک ئەستێرەی پێشووی یانەکانی کوردستان یاریی بۆ دەکەن، کە نزار سڵێوە، بێستون ئەکرەم، شوان مامۆ و دیدار حامدن.
محەممەد خۆشناو، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی کوردستان رایگەیاند “یارییەکی گەورەیە و دڵنیام ژمارەیەکی زۆری هاندەر ئامادە دەبن، ئەو یارییە برایەتییە و پەیامی سەرەکیمان خۆشەویستی و رێزی نێوان هەموو نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە”.
هەڵبژاردەی دێرینەکانی عێراق پاڵەوانی جامی کەنداون کە وەشانی یەکەمی لە کوێت بەڕێوەچوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پێشتر لە شاری سلێمانی یارییەکی دۆستانەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی سلێمانی کردووە

