هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی دەستەی نوێی کارگێڕیی یانەی هەولێر دەستبەکار بوون، لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆکردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئامادە دەکات، لەلایەکی تر بیلال ساڵحی یاریزانی شێروانە بۆ ئەم وەرزە درێسی یانەی فەهد دەپۆشێ و لە خولی نایابی عێراق یاری دەکات.
باشترین یاریزانی خولی کوردستان لە خولی عێڕاق یاری دەکات
بە فەرمی بیلال ساڵەحی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان پەیوەندی بە یانەی فەهدەوە کرد و بۆ ئەم وەرزە لە خولی نایابی عێراق درێسی ئەو یانەیە دەپۆشێت.
لە لێدوانێکی یاریزانە کەلاریەکە ئاشکرا کرد ” بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێراق بە فەرمی گرێبەستم لەگەڵ یانەی فەهد واژۆ کردووەو وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی عێراق یاریی بۆ ئەو یانەیە دەکەم” جگە لە یانەی فەهد چەند یانەیەکی تر هەوڵی واژۆ کردنی گرێبەستیان لەگەڵ بیلال سالح دەدا، یاریزانەکە وەرزی ڕابردوو دوای تەواو بوونی خولی نایابی کوردستان، لە خولی نایابی عێراق یاری بۆ یانەی گازی باکوور کرد، بەڵام بەهۆکاری چەند گرفتێک بیلال گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کەرکووک نوێ نەکردەوە، بیلال وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی شێروانە بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکە، بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و خۆشی وەک باشترین یاریزانی خولەکە دەست نیشانکرا دوای ئەوەی توانی ١٣ گۆڵ تۆمار بکات و ١٢ ئەسیستیشی هەبوو کە ئەمەی دواین زۆرترین بوو لەسەر ئاستی خولەکە.
هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی نوێکردەوە
بە فەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی وەرزی ڕابردووی نوێکردەوە، ئەرکان ئەمیر بەرگریکاری باڵی چەپ، بۆ وەرزی ٢٠٢٥/٢٠٢٦ ـی خولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی عێڕاق، لەگەڵ ئیمپڕاتۆر بەردەوام دەبێت و گرێبەستەکەی نوێکردەوە، لەلایەکی تر و هەر بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری تیپەکە هەولێر بۆ زیاتر رێکخستن و تۆکمەکردنی ریزەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی تۆپی پێی عێڕاق، یانەی هەولێر گرێبەستی نیاز محەمەد ـی بەرگریکاری نوێکردەوە.
پەڕەی فەرمی یانەی هەولێر نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانانی لەماوەیەک کورتدا ڕاگەیاند و هەڵگورد قەیسی ناوەڕاستکار لاوا بۆ وەرزێکی تر واژۆی لەسەر گرێبەستی ئیمپراتۆر کرد، دەربارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لاوە یانەی هەولێر نوسیویەتی: ” بەهرەی ئەمڕۆ و سەرکردە و ئەستێرەی سبەینێ، هەڵگورد قەیس ” پەیمانی دڵسۆزی و وەفای نوێکردەوە، هەڵگورد قەیس لە هێڵی ناوەراست و هێرشبەری یاریدەکات و وەرزی پێشو لە یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە پەیوەندی بەیانەی هەولێرەوە کرد.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا سەفین مەنسور کە لە هێڵی ناوەراست و هێرشبردن یاریدەکات بۆ وەرزی دووەم گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی زاخۆ عەلا رەعد و هێرشبەری ئۆزباکستانی شێرزۆد تەیمورۆڤ واژۆ کرد.
موئەیەد سەفا ماڵئاوایی لە هەولێر کرد
موئەیەد سەفای هێرشبەری یانەی هەولێر دوای دوو وەرز یاریکردن بۆ ئەو یانەیە وازهێنانی خۆی راگەیاند، موئەیەد بە بڵاوکراوەیەک لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویەتی ” هیچ پەیوەندیەکم بە یانەی هەولێر نەماوە سوپاسی هاندەران دەکەم کە ئەم ماوەیە لەگەڵم من بوون”
موئەیەد دوو وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بۆ یانەی هەولێر دەکات لە خولی نایابی کوردستانیش یاریی بۆ شێروانە کردووە و یانە کەلارییەکە شوێنی دەرکەوتنی ئەو یاریزانە لاوە بوو، چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتوودا ئەو یاریزانە ناوی ئەو یانەیە ئاشکرا بکات کە لە وەرزی نوێی یاری بۆ دەکات.

