رۆژنامەی ھەولێر

بنزیما: ناكرێ كلاسیكۆ بۆ ململانێی تایبەتی لەگەڵ رۆناڵدۆ كورت بكرێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بەرشلۆنە ناچارە گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی نوێ بكاتەوە
ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، باسیان لەوە كردووە، كە بەرشلۆنە بیر لەوە دەكاتەوە، گرێبەستی هێرشبەرە پۆڵەندییەكەی (رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی) بۆ وەرزێكی تر نوێ بكاتەوە.
گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی، لە هاوینی ساڵی 2026ـدا، كۆتایی پێ دێ، واتە بە كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی دەستی پێ كردووە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی، بەرشلۆنە نایەوێ لە باری بوونی لیڤاندۆڤسكیدا، هێرشبەرێكی دیكە بەم دەمودەستە بهێنێتە ریزەكانیەوە، بە تایبەت كە یانەكە لە دۆخێكی دارایی باشدا نییە.
ڕۆژنامە ئیسپانییەكە روونی كردووەتەوە، كە بەرشلۆنە وای دەبینێ، نوێكردنەوەی گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی بۆ ساڵێكی دیكە، باشترین چارەسەرە.
بەرشلۆنە پێشی وایە، كە لیڤاندۆڤسكی وەكوو سەركردە و یاریزانێكی بەئەزموون، بۆ ژووری جلگۆڕینی یاریزانان زۆر گرنگە و ورەیەكی باش بە یاریزانان دەدات.
هەروەها رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە هێرشبەرە پۆڵەندییەكە، توانایەكی باشی لە تۆماركردنی گۆڵ هەیە لەو كاتەی لە باری توانای جەستەیی خۆیدایە.
لیڤاندۆڤسكی لە یەكەم یاریی یانەكەی بەرانبەر ریاڵ مایۆركا، بەهۆی پێكانەوە دابڕا، كە یانەكەی 3-0 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
بەڵام رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: لیڤاندۆڤسكی، لە پێكانەكەی بەرەو باشبوون دەچێ و ئەگەری هەیە بۆ یارییەكەی یانەكەی بەرانبەر لیڤانتی ئامادە بیت.
چاوەڕوان دەكرێ لیڤاندۆڤسكی لە یەكە مەشقییە بەكۆمەڵەكانی یانەكەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەشدار بێ، بۆ ئەوەی بۆ یاریی دواتر ئامادە بێت.

بنزیما: ناكرێ كلاسیكۆ بۆ ململانێی تایبەتی لەگەڵ رۆناڵدۆ كورت بكرێتەوە
كەریم بنزیما، یاریزانی فەرەنسیی یانەی ئیتیحاد جەددەی سعوودی، متمانەی بە ئاست و توانای یانەیەكەیەتی بەرانبەر یانەی نەسری سعوودی.
ئەمڕۆ سێشەممە 18/8/2025، لە نیوەی كۆتایی جامی سوپەری سعوودیە، لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتیی هۆنگ كۆنگ، هەردوو یانەی نەسر و ئیتیحاد جەددەی سعوودی بەیەك دەگەن.
كەریم بنزیما، لە كۆنگرەی هەڵسەنگاندنی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: پێویست ناكا، ئەو یارییە بۆ ململانێ و ڕكەبەری لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ كورت بكرێتەوە.
باسی لەوەش كردووە كە “پێشتر هاوڕێ و هاویانەی رۆناڵدۆ بوومە و لەگەڵیدا یاریم كردووە، یاریزانێكی زۆر ناوازەیە، بەڵام یارییەكەی ئەمڕۆ بەرانبەر یانەی نەسرە و باشترینیش سەردەكەوێ
كەریم بنزیما پەیامێكی ئاڕاستەی هاندەرانی یانەكە كردووە و دەڵێ: ئێمە پێویستمان بە یارمەتیتانە، لەنێو یاریگەش دەستەكەوتەكانی خۆمانتان پێ پیشان دەدەین
یانەی ئیتیحاد جەددەی سعوودی، وەرزی ڕابردوو هەردوو ناسناوی خولی سعوودیە (رۆشەن) و جامی خزمەتكاری هەردووحەڕەمی بردەوە.
لای خۆیەوە، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، دەیەوێ ناسناوی جامی سوپەری سعوودی بباتەوە، بە تایبەتی كە لەگەڵ یانەی نەسردا، خاوەن ناسناوێكی ئەوتۆ نییە.
كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، كە 40 ساڵانی تەواو كرد، هیوای وایە بەردەوام بێ لە بردنەوەی ناسناو و تۆماركردنی ژمارەی دیكەی گرنگ لە وەرزی داهاتوودا.
كاپتنی یانەی نەسر، لە دوو وەرزی رابردوودا، سەرلیستی گۆڵكەرانی خولی سعوودیەی گرت و بەسەر كەریم بنزیما ئەستێرەی یانەی ئیتیحیاد و ئیڤان تۆنی ئەستێرەی یانەی ئەهلیدا سەركەوت.
ڕۆناڵدۆ سەرەڕای خۆگونجان و سەركەوتنی لەگەڵ یانەی نەسر، بەڵام ناسناوەكانی لەگەڵ ئەو یانەیە وەكوو پێویست نین، جگە لە پاڵەوانیەتیی عەرەبی لەگەڵ ئەو یانەیە، هیچ ناسناوێكی دیكەی نەبردووەتەوە.
ڕۆناڵدۆ بەهیوایە، كە لە وەرزی نوێدا، بتوانێ ناسناوی ناوخۆیی، یان كیشوەری بباتەوە و ئەو تەوقەی چەند ساڵی ڕابردوو بشكێنێ.

گرێبەستێك لە یانەی لانسی فەرەنسییەوە بە ئەلیۆ دیانگی مالی گەیشت
ڕاپۆرتی مێدیاكان، ئاشكرایان كردووە كە یانەی لانسی فەرەنسی، گرێبەستێكی بە بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی یاریزانی مالیی یانەی ئەهلیی ئەو وڵاتە (ئەلیۆ دیانگ) كردووە، تا لەم ماوەیەی گواستنەوەی هاوینەدا كە كەمتر لە دوو هەفتەی ماوە، بیباتە ریزەكانیەوە.
سایتی ئەفریكا فوت بڵاوی كردەوە، كە یانەی لانسی فەرەنسی، دەیەوێ دیانگی ئەستێرەی یانەی ئەهلی بباتە ریزەكانیەوە و بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستێكی فەرمیی پێشكەشی یانەی ئەهلیی میسڕی كردووە بۆ ئەوەی گرێبەستێكی سێساڵەی لەگەڵدا واژۆ بكا بەرانبەر 8 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، كارگێڕیی ئەو یانەیە، ڕەتی كردووەتەوە دەستبەداری ئەو یاریزانە بێت.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوە كردووە كە لە یانەی نیۆمی سعوودیشەوە، گرنگییەكی زۆر بە گرێبەستكردن لەگەڵ ئەلیۆ دیانگ دەدرێ، كە پێی باشترە چاوەڕێ بكا تا بەشداریی یارییەكانی هەڵبژاردەكەی (مالی) لە جامی نەتەوەكانی ئەفریقا بكا، پێش ئەوەی چارەنووسی یەكلا بكرێتەوە بەوەی بڕوا، یان لە یانەكە بەردەوام بێت.